"ئەو سەركردانەی یەكێتی كە خەریكی بازرگانی بوون دەبێ دوور بخرێنەوە"

:: AM:09:42:18/12/2019 ‌
ئەندام و كادرانی یەكێتی بۆ كۆنگرە داواكارییان هەیە


بڕیارە 21ی ئەم مانگە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، ئەندامان و كادرەكانی ئەو حزبە داوا دەكەن لە كۆنگرەدا گۆڕانكاری و نوێبوونەوە بەسەر یەكێتیدا بێت. بەگوتەی ئەوان "نابێ سەركردەكانی ئێستە دووبارە سیاسەتی حزب وەربگرنەوە و داوای گۆڕانكاری دەكەن" هاوكات بەشێكیشیان بە بازرگان ناو دەبرێن و داوا دەكرێ دوور بخرێنەوە.

سەركردەكانی یەكێتی بە مافی خۆیانی دەزانن خۆیان هەڵبژێرنەوە بۆ كۆنگرە، بەڵام دڵنیان لەوەی كە بەشێك لەوانەی خۆیان كاندید دەكەنەوە، ناتوانن جارێكی تر متمانە بە دەست بێننەوە و كەسانی پێگەشتوو و نوێ دەهێنرێنە پێشەوە و شوێنەكانیان پڕ دەكرێنەوە.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هەموو ئەندامێكی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە دووبارە خۆیان لە كۆنگرە كاندید بكەنەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانەی ئێستە دووبارە بێنەوە هەڵبژاردن و ببنەوە بە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، كەسانێك لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، ئەگەر خۆیشیان كاندید بكەنەوە، نایەنە هەڵبژاردن.

ئەو روونی كردەوە "لە هەموو كۆنگرەكانی پێشوو، تەواوی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نەهاتوونەتەوە هەڵبژاردن، هەمیشە بەشێك لە سەركردایەتییەكانی پێشوو هەڵنەبژێراونەتەوە، یان لە كۆنگرە دەرنەچوون یان كەسانی تر جێی گرتوونەتەوە، بۆیە پێمان وایە ئەمجارە بە ڕەچاوكردنی ئەو سیستمەی دانراوە، دەبێت ئەنجوومەنی گشتی بێتە هەڵبژاردن كە زیاتر لە 100 ئەندامی دەبێت".

ئەسەسەر دەڵێ، بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی خۆیان هەڵدەبژێرنەوە، بەڵام مەرج نییە بەشێك لەوانیش دەنگی پێویست لە كۆنگرە بەدەست بێنن.

لای خۆیەوە محەمەد وەتمان ئەندامێكی تری سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "ناكرێ ڕێگری لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئێستەی یەكێتی بكرێت كە خۆیان كاندید نەكەنەوە لە كۆنگرە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە سەركردایەتیی ئێستە كەسانێك سەرناكەون و دەرناچنەوە، لە بەرانبەر ئەمانەدا كەسانی نوێ دەردەچن و سەردەكەون".

وەتمان گوتی، "دڵنیاین لەوەی لە سەركردایەتیی ئێستە كەسانێك دەرناچنەوە، ئەوەش دەزانین كە كەسانی نوێ و پێگەیشتوو دەچنە پێشەوە و بەو شێوازە دەتوانین گۆڕانكاری بكەین لە یەكێتی لە كۆنگرەدا، بەشێكیش خۆیان هەڵنابژێرنەوە، ئەوانەیشی خۆیان كاندید دەكەنەوە بەدڵنیاییەوە مەرج نییە دەربچنەوە."

هاوكات مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی یەكەی 70ی سەربازیی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ نوێبوونەوە و بۆ ئەوەی یەكێتی بیەوێ لە كۆنگرەدا گۆڕانكاری بكات، پێویستە دەستكاری پێڕەو پرۆگرام بكات، دواتریش ئەندامانی كۆنگرە دەتوانن بە دەنگدان بۆ ئەوانەی خۆیان هەڵدەبژێرن گۆڕانكاری لەناو یەكێتی بكرێت.

وەك ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بە باشی دەزانێ "هەر كەسێك بە كەڵكی یەكێتی دێت، دەنگی پێ بدرێ و پێویستە گۆڕانكاری بكرێ لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیاندا".

هۆشیار ئیسماعیل كادری پێشكەوتوو و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی یەكێتی، لە كۆنگرەدا سەركردەكانی ئێستەی یەكێتی خۆیان كاندید دەكەنەوە، بەڵام دواجار ئەندامانی كۆنگرە بڕیاریان لەسەر دەدەن، ئەندامانی كۆنگرە هەركام لەو سەركردانەی ئێستەیان پێ باش نەبوو، دەنگیان پێ نادەنەوە.

ئەو گوتی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانكاری پێویستی بە كەسی نوێ و پێگەیشتووە بچنە پێشەوە، بەڵام لە سەركردایەتیی ئێستەیش كەسانێك ئەزموونیان هەیە و ناكرێ دەربكرێن.

بەڵام جەنگی عزەدین كارگێڕی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكرێت لە كۆنگرەدا، پێویستە كەسانی نوێ بهێنرێنە پێشەوە، ئەندامانی كۆنگرە دەبێ چاوكراوەبن لەوەی كێ هەڵدەبژێرن، بە دانانی ئەو ئەنجوومەنە، سەركردایەتیی كۆن رۆڵیان نامێنێت.

هەر بەرنامە كۆنەكەی پێش كۆنگرە بێت، هەمان تاس و حەمام دەبێت.
جگە لەمە، بۆ نوێبوونەوە دەبێ بەرنامە و پرۆگرام نوێ بكرێتەوە، ئەگەر سەركردەكانیش بگۆڕین، بەڵام هەر بەرنامە كۆنەكەی پێش كۆنگرە بێت، هەمان تاس و حەمام دەبێت.

بەگوتەی جەنگی "بەو پێیە بێت یەكێتی لە كۆنگرە دەتوانێ كەمترین گۆڕانكاری بكات، سەركردەكانی ئێستە دەبێ تێبگەن كە مێژوو چیی دەوێت، سەردەمەكە پێویستی بە چییە".

ئەو كارگێڕەی مەڵبەندی كەركووك زیاتر گوتی، "چەند كەسێك لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پابەند نەبوون بە بڕیاری یەكێتی، یان لە پشت حزبەوە بەرژەوەندییان هەیە و خەریكی بازرگانی و خۆدەوڵەمەندكردن بوون، ئەوانە نابێ لە كۆنگرە جارێكی تر بێنەوە هەڵبژاردن، نابێ جارێكی تر ئەوانە بەسەر یەكێتیدا تێپەڕن".

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی


وشە - وشه‌