فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس له ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆنگره‌ی چواره‌می حزبه‌كه‌ی ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌وڵی ته‌واویان داوه له ماوه‌ی چوار ڕۆژی داهاتوودا زۆربه‌ی كێشه سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌م دیداره‌ی "وشه"دا گوتی، سێ ڕۆژمان له به‌رده‌ستدا ماوه بۆ ڕێخۆشكردن و چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه پێویستی به چاره‌سه‌ركردن هه‌بێت، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌موویشی چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین، لانی كه‌م له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا به‌شێكی زۆری كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
به‌گوته‌ی ئه‌و "هه‌نگاوی باش نراوه، به‌شێكی زۆری كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ڕۆیشتوون، به‌گشتی له چاره‌سه‌ری یه‌كجاره‌كی زۆر نزیكین و به‌دڵنیاییه‌وه به كه‌مترین كێشه‌وه ده‌چینه كۆنگره‌وه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان چین كه چاره‌سه‌ریان قورسه؟ ئه‌سه‌سه‌رد گوتی "كێشه‌كان هه‌ندێكی پێوه‌ندی به په‌یكه‌ری داهاتووی یه‌كێتییه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكی تری پێوه‌ندی به پێڕه‌وی ناوخۆی تازه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكی تر پێوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تیی تازه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكیش پێوه‌ندییان به‌و ده‌زگایانه‌وه هه‌یه كه ده‌مانه‌وێ دایبمه‌زرێنین".
به‌گوته‌ی ئه‌سه‌سه‌رد، سیستمی ڕێكخراوه‌یی یه‌كێتی هه‌مووی ده‌گۆڕێت، پێویستیشیان به هه‌ندێ ده‌زگه‌ی تره كه ئێسته نییانه، بۆ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه هه‌ندێ تێڕوانینی جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام ده‌توانن له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا ئه‌گه‌ر كێشه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
زیاتر ده‌ڵێت "له‌م ماوه‌یه‌دا كێشه‌یه‌ك نییه كه نه‌توانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین، واتا گوشاری كات هه‌لومه‌رجێكی وای پێكهێناوه كه بتوانین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه من دڵنیام پێش كۆنگره ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و لێكتێگه‌یشتنێكی باش دروست بكه‌ین و به‌ره‌وپیری بچین."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌نگۆ هه‌یه ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناو یه‌كێتی، خۆیان ره‌وتێكیان بۆ كۆنگره پێكهێنابێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بێئاگایی خۆی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "هه‌موو ئه‌ندامانی كۆنگره مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه خۆیان بپاڵێون بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌نی گشتی، ئه‌وه‌ی كه ده‌نگی پێویستی هێنا ده‌بێته ئه‌ندام، ئه‌وه‌ی ده‌نگیشی نه‌هێنا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه ده‌مێنێته‌وه".
سیستم و پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی تازه‌یه وه‌ك ئه‌سه‌سه‌رد خستیه‌ڕوو، له كۆنگره‌دا سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵنابژێرن، به‌ڵكو ئه‌نجوومه‌نی گشتی هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه ئه‌و ده‌زگه‌یه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی دووه‌م پێكده‌هێنێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌توانین بڵێین گه‌نجه‌كانی ناو یه‌كێتی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له دوای كۆنگره پێكدێنن؟ ئه‌سه‌سه‌رد روونی كرده‌وه، "ڕێژه‌یه‌كی وام له به‌رده‌ست نییه كه باس له‌وه بكات ژماره‌ی به‌شداریی گه‌نجه‌كانی ناو كۆنگره چه‌ندن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه چ به خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌نجوومه‌نی گشتی و چ به ده‌نگدان به‌و كاندیدانه‌ی ئه‌وان پشتگیری‌یان لێ ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كان له‌م كۆنگره‌یه‌دا ڕۆڵێكی باڵایان ده‌بێت، واتا سه‌ركردایه‌تیی داهاتووی یه‌كێتی له‌وه‌ی ئێسته گه‌نجتر ده‌بێت."
له كۆنگره‌دا له جێی سه‌ركردایه‌تی ده‌نگ به ئه‌نجوومه‌نی گشتی ده‌درێ
یه‌كێك له گرنگترین كێشه‌كانی یه‌كێتی له چه‌ند ساڵی رابردوودا باڵباڵێن بووه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پێی وایه، "پرسه‌كه پێوه‌ندی به كۆنگره‌وه نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندی به په‌یكه‌ری سیاسی و ڕێكخراوه‌یی یه‌كێتی و پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاره‌وه هه‌یه كه تا چه‌ند كۆتا به‌م كێشه‌یه ده‌هێنرێت، ئێمه بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و په‌یكه‌ره‌ی ئێسته‌ی یه‌كێتی، هه‌ر ئه‌و كێشانه به‌رهه‌م دێنێته‌وه كه هه‌ن و ئێمه نه‌مانتوانیوه چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه پهیكهرهكهمان هه‌مووی گۆڕیوه، به جۆرێك ده‌رفه‌تێكی باشتر بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هاتووه‌ته پێشه‌وه كه ڕێ له سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی گه‌وره‌تریش ده‌گرێت، بۆیه پێمان وایه سیستمی داهاتووی یه‌كێتی زۆر له‌وه‌ی ئێسته پێشكه‌وتووتر ده‌بێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ڕێ بگرێت له‌و كێشانه‌ی ئێسته تووشی بووین و هێشتا چاره‌سه‌رمان نه‌كردوون."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه‌كانی بادینان چۆنه و بۆ ئه‌وان به‌رده‌وام كێشه‌یان هه‌یه و په‌راوێز ده‌خرێن؟ ئه‌سه‌سه‌رد نه‌یشارده‌وه كه ورده‌كارییه‌كه‌ی نازانێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یشی گوت "ئه‌مه پێوه‌ندی به ده‌زگه‌ی هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌وه هه‌یه، ده‌بێ ددان به‌وه‌دا بنرێ كه ناوچه‌ی بادینان فه‌رامۆش كراوه و ده‌بوو مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بادینان بكرێ".
ئه‌سه‌سه‌رد له درێژه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێ، "پێم وایه ئه‌و سیستمه‌ی دامانناوه، ره‌نگه له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێسته‌دا نه‌توانین قه‌ره‌بووی بادینییهكان بكه‌ینه‌وه، چونكه ده‌رفه‌تێكی زۆرمان له به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام پاش كۆنگره ده‌توانین قه‌ره‌بووی بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وكاته ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی بادینان پێكدێت، ئه‌ندامه‌كانی له ئه‌ندامه هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی گشتی ناو بادینان پێكدێن كه ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر فراوانیان ده‌بێت."
پێویسته بگوترێ كادرانی یه‌كێتی له گه‌رمیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌كان ناڕه‌زایه‌تییان له ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌بوو. ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتی رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ڵبژاردن بریتییه له دۆڕان و بردنه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یباته‌وه گله‌یی نامێنێت، ئه‌وه‌ی ده‌یدۆڕێنێت ڕه‌خنه‌ی زۆری ده‌بێ و گله‌یی ده‌كات، بۆیه پرۆسه‌كه خۆی به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه چووه، ڕێز له‌وانه ده‌گرین كه ڕه‌خنه‌یان هه‌یه و پێیان وایه پێشێلكاری كراوه، له داواكارییه‌كان كۆڵراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی مافی هه‌بووه یان مافی خوراوه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر كراوه به‌و جۆره‌ی كه خۆی پێی خۆش بووه.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌یشی زیاد كرد، ڕه‌نگه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ناڕازی بوون، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێ دابن ده‌ربچن، به‌ڵام ده‌نگیان پێ نه‌داون، زۆربه‌ی كێشه‌كان پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بووه، ئه‌مه‌ش به كه‌س چاره‌سه‌ر ناكرێت، وه‌ك به‌شێكیشی پێوه‌ندی به‌و لیستانه‌وه هه‌یه كه له ناوچه‌كان پێكدێن، ئه‌وان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن زۆرترینیان به‌لای خۆیاندا ڕابكێشن، به‌ڵام دواجار ئه‌و لیسته‌ی خۆیان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون.
له‌باره‌ی هه‌بوونی ڕۆڵی پاره و هێز له كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌سه‌سه‌رد دووپاتی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنی كۆمیته و مه‌ڵبه‌نده‌كان هێز و پاره رۆڵی هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه له كۆنگره‌شدا ده‌یبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆیان ده‌ركه‌وت، هێز و پاره ئه‌و رۆڵه سه‌ره‌كییه‌ی نه‌بوو له هه‌ڵبژاردنی كۆمیته و مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌نده‌كان. بۆیه وه‌ك خۆی گوتی "ئه‌وه‌ی پێش كۆنگره ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ، له‌ناو كۆنگره‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت".
له‌باره‌ی سیستمی داهاتووی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی، ئایا سه‌رۆكایه‌تیی ده‌بێت یان سكرتێر؟ ئه‌سه‌سه‌رد ئاشكرای كرد كه هێشتا زووه باسی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن، پێڕه‌وێك پێشكه‌ش كراوه ئه‌و پرسانه‌ی هه‌مووی تێدایه، به‌ڵام ڕه‌خنه و تێبینی زۆریش له‌سه‌ر ئه‌م پێڕه‌وه هه‌یه.
پێشنیازیان كردووه ئه‌م پێڕه‌وه ببرێته كۆنگره، به‌ڵام هه‌مواركردنه‌وه‌ی پێڕه‌وه‌كه له‌لایه‌ن كۆنگره‌وه بخرێته ئه‌ستۆی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی هه‌ڵبژێردراو پاش كۆنگره، چونكه ده‌قێكیان هه‌یه نایانه‌وێ له‌ناو كۆنگره هه‌مواری بكه‌نه‌وه، ده‌یانه‌وێ پاش كۆنگره هه‌مواری بكه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش بده‌ن به سه‌ركردایه‌تیی داهاتوو كه ئه‌م ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ.
"ئێمه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا ناتوانین پێڕه‌وه‌كه هه‌موار بكه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تی كه لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی پێڕه‌و كاره‌كانی خۆی به‌كۆتا هێناوه، پێشمان وایه زۆر ئه‌سته‌مه له‌ناو هه‌زار كه‌س و له ماوه‌ی دوو تا سێ ڕۆژدا ئه‌ركه‌كه بگرینه ئه‌ستۆ، له‌به‌رئه‌وه پێویستمان به كاتێكی زۆره، ئه‌وكاته زۆره‌ش پێش كۆنگره و له كاتی كۆنگره‌دا زۆر ئه‌سته‌مه دابین بكرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر بیهێڵنه‌وه بۆ پاش كۆنگره، قارانجی زۆرتری هه‌یه" فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وای گوت.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستیار عه‌بدوڵا