پێنج ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەشداریان لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نەكرد

:: PM:10:55:21/12/2019 ‌

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی "وشە" كەوتووە، پێنج ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بەشداریان لە كۆنگرەی حزبەكەیان نەكردووە و سەركردەیەكی یەكێتیش زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو.
جەمیل هەورامی و محەمەد وەتمان و مولازم عومەر و مەحموود سەنگای و فریاد ڕەواندزی بەشدار نەبوون
ئەمڕۆ شەموو ڕەهبەر سەید ئیبرایم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر چەندە لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرە كاری باش كراوە و یەكەم ڕۆژمان بە سەركەوتووی تێپەڕاند، بەڵام ژمارەیەك لە سەركردەی دیاری حزبەكە بەشداری كۆنگرەیان نەكردووە و نەهاتوونەتە ناو كۆنگرەكە.

زیاتر گوتی، ئەوانەی كە نەهاتوونەتە ناو كۆنگرە بەشێكیان نایانەوێ جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، بۆیە بەشداریان نەكردووە، بەشەكەی تریان تا ئێستە دیار نییە ئەوانیش خۆیان هەڵنابژێرنەوە یان سبەی بەشداری دەكەن.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی ئاشكرای كرد كە هەریەك لە جەمیل هەورامی و محەمەد وەتمان و مولازم عومەر و مەحموود سەنگای و فریاد ڕەواندزی بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكردووە و جگە لە مەحموود سەنگاوی ئەوانی تر خۆیان هەڵنابژێرنەوە، بۆیە ئەمڕۆ بەشداری نەكردبێت و بیەوێت خۆی هەڵبژێرێت، سبەی دەتوانێت بەشداری كۆنگرە بكات.

لای خۆیەوە محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتی پێشووی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی كەسانی نوێ بێنە پێشەوە، لەم كۆنگرەیەی ئێستە بەشداری نەكردووە و نەچووەتە ناو كۆنگرە و خۆی هەڵنابژێرێتەوە.

"بۆ زیاتر زانیاری لەبارەی هۆكار و بۆچوونی سەبارەت بە كارەكانی كۆنگرەوە، وشە"، پێوەندی بە جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كرد بەڵام پێوەندییەكەی نەدایەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل