بۆ یەکەم جار لە کوردستان نەشتەرگەری قەفەزەی سنگ ئەنجام دەدرێ

:: PM:08:10:23/12/2019 ‌

بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان لە نەخۆشخانەی شۆڕش نەشتەرگەری بە ڕێگەی نازوور بۆ ئەندامەکانی قەفەزەی سنگ ئەنجام بدرێت.

تیمێکی پسپۆڕی دڵ و سنگ لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی بە هاوکاریى دکتۆر "دییفۆ گۆنزالیس ریفاس" پزیشکى پسپۆرى ئیسپانى، بۆ یەکەمین جارە لە سەر ئاستى عێراق  جۆرە نەشتەرگەرییەکى پێشکەوتوو بە ئامێرێکى سەردەمیانە  بۆ نەخۆشێک کە گرێ لە سییەکانیدا ھەبووە ئەنجامداوە و بە سەرکەوتوانە نەشتەرگەریەکە کراوە و باری تەندروستی نەخۆشەکەش ئاسایی بوەتەوە.

یەکەم جارە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ئەو نەشتەرگەرییە بکرێ

نازدار، نەخۆشێکە کە ماوەی نۆ ساڵە بەدەست ئازاری سییەکانییەوە دەناڵێنێت، بەھۆی ئەوەی کە گرێی لەسەر دروستبووە و وڵاتانی کردوە بەمەبەستی چارەسەر بەڵام تەنھا دەرمانیان بۆ نووسیوە و سودی لێ نەبینیوە و ئازاری کەمنەکردوەتەوە، بەڵام دواجار نازدار لەلایەن تیمێک لە نەخۆشخانەی شۆڕش بە ڕێگەی نەشتەرگەری نازوور چارەسەری بۆ کراوە و بەشێک لە سییەکانی لێکراوەتەوە کە گرێی پێوە بووە، ئەویش لە ڕێگەی کونێکەوە لەسەر سنگی، کە لا ڕابردوودا بە سێ کون ئەنجام دەدرا.

د. دەریا ئەکرەم، پزیشکى پسپۆرى  دڵ وسنگ و بۆرییەکانى خوێن کە نەشتەرگەریەکەی بۆ نەخۆشێک کە گرفت لە سییەکانیدا ھەبووە ئەنجامداوە، باسى لە سەرکەوتنى شێوازى نەشتەرگەرییەکە کرد و بۆ وشە گووتى: خۆشبەختانە توانیومانە نەشتەرگەریى لابردنى بەشێک لە سییەکان بە شێوازى نازوور و بە بێ کردنەوەى سنگ بێ بەکار هێنانى مشار لە رێگەى کونێکى  بچوک بە نزیکى سێ سانتیم لەسەر دیوارى سنگ بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدەین.

ئاماژەی بەوەشدا: دەتوانرێت ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە بەردەوامى بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان و بە تایبەتى کەس وکارى شەھیدان لە نەخۆشخانەکاندا ئەنجام بدرێت و ئیتر پێویست ناکات چیتر نەخۆش سەردانى دەرەوەى وڵات بکات بە مەبەستى چارەسەر یاخود ئەنجامدانى ئەم جۆرە نەشتەرگەریانە.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە ڕێنمایی دەداتە ھاووڵاتییان، کە نەخۆشیی سییەکان نەخۆشیەکی قورس و ئازاربەخشە، بۆیە پشکنینی پێشوەختە و ساڵانە پشکنین کردن بۆ ئاگاداربوون لە تەندروستیان گرنگە تاوەکو دووربن لە تووش بوون بە شێرپەنجە و دروستبوونی گرێ، ھەروەھا زۆر جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولیەکان و پیس بوونی ژینگە بە ھۆکاری نەخۆشیەکە دەزانێت.

سلێمانی - ئاریان محەمەد












وشە - وشه‌