كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی به‌بێ هیچ به‌رنامه و پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی، كاره‌كانی به‌ڕێ كرد و نه‌شتوانرا تێیدا كێشه‌ی باڵه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێ. چاودێرێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ته‌نانه‌ت كۆنگره نه‌یتوانی ده‌موچاوه‌كانیش بگۆڕێت و هه‌ر كۆنه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تیی دانراونه‌ته‌وه.
چالاك موهه‌ندیس ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێی وایه، سه‌ركه‌وتوویی كۆنگره‌ی یه‌كێتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێم و حكوومه‌تیش ده‌بێت، چونكه له رابردوودا ده‌ركه‌وت یه‌كلا نه‌كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی حكوومه‌ت له پشكی یه‌كێتی، چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بوو.
هیچ كه‌سێك له‌ناو یه‌كێتی ناتوانێ جێی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی حزبه‌كه بگرێته‌وه
موهه‌ندیس كه حزبه‌كه‌ی كاندیدی كردووه بۆ بریكاری وه‌زیری شاره‌وانی و به‌هۆی نه‌ناردنی كاندیده‌كانی یه‌كێتییه‌وه پرۆسه‌كه وه‌ستاوه، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه "هیچ كه‌سێك له‌ناو یه‌كێتی ناتوانێ جێی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی حزبه‌كه بگرێته‌وه".
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگره‌ی چواره‌می ناو ناوه كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه، به‌ڵام وه‌ك مامۆستایه‌كی زانكۆ ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "هیچ نوێبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ناو یه‌كێتیدا به‌دی ناكرێت و هه‌ر ده‌موچاوه كۆنه‌كان دووباره بوونه‌ته‌وه".
دكتۆر زمكان عه‌لی مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه ده‌كات، به‌ڵام ناكرێ پێش كۆنگره 50%ی پۆسته‌كانی كۆنگره‌ی یه‌كلا كردبێته‌وه، هه‌روه‌ها به‌پێی پشكپشكێنه پۆسته‌كان له نێوان باڵه جیاوازه‌كان دابه‌ش بكرێن.
ئه‌و گوتی "هه‌رێمی كوردستان له دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991ه‌وه تا ئاستێك سه‌ربه‌خۆ بووه، ژماره‌یه‌ك ده‌موچاو به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن تا ئاستێكی زۆر له كۆنگره‌دا دانراونه‌ته‌وه، هیچ نوێبوونه‌وه‌یه‌ك به‌دی ناكرێ كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، له كاتێكدا ده‌بوو یه‌كێتییه‌كی تازه‌یان دروست بكردایه له ڕووی ده‌موچاو و فكر و به‌رنامه‌وه".
ئه‌و مامۆستای زانكۆیه ده‌ڵێ، یه‌كێتی حزبێكه له دوای كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی، تووشی زیانی زۆر بووه‌ته‌وه، دابه‌شبوونی ناوخۆیی و كێشه‌ی جیاجیا به‌رۆكی گرتووه، پێویستیان به‌وه بوو گۆڕانكاریی گه‌وره له‌م كۆنگره‌یه‌دا دروست بكه‌ن، چونكه ده‌رفه‌تی وایان بۆ هه‌ڵناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌یانكرد.
لای خۆیه‌وه نه‌زاكه‌ت سه‌عید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بۆ "وشه" باسی له كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌رجه‌ع كرد له‌ناو حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا و بۆ "وشه" گوتی، "ئه‌و فۆڕمه حزبییه‌ی له كوردستان پێڕه‌و ده‌كرا، ڕه‌نگه ئیتر نه‌توانرێ به‌رده‌وامی پێ بدرێت، ره‌نگه یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامیی وه‌ك حزب بمێننه‌وه، به‌ڵام نه‌توانن به یه‌كگرتوویی و خاوه‌ن مه‌رجه‌ع بمێننه‌وه".
به‌گوته‌ی نه‌زاكه‌ت "به‌شێكی زۆری حزبه سیاسییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵن به كێشه ناوخۆییه‌كان و ڕێكخسنتی خۆیانه‌وه، ئه‌وه‌نده په‌یامێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان نییه، وه‌ك چۆن ڕێچارهیهكیان بۆ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه پێ نییه".
"ئێسته به‌شێكی زۆری حزبه‌كان شه‌ڕی مانه‌وه ده‌كه‌ن، كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌یان له ده‌ست نه‌ده‌ن و لێكترازانیان تیادا ڕوو نه‌دات، به بۆچوونی من حزب نابێ بهێڵێ بكه‌وێت، به‌ڵام حزبێك ئه‌گه‌ر ئاگای له خۆی نه‌بێت و كه‌وت، ئاسان نییه بتوانێ به هه‌مان فۆڕمه‌كه‌ی جارانی هه‌ڵبستێته‌وه" نه‌زاكه‌ت وای گوت.
عه‌بدوڵا مه‌حموود چاودێری سیاسی و سه‌رنووسه‌ری بڵاوكراوه‌ی بۆ پێشه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و دروشمه‌ی ده‌گوترێت یه‌كێتی به‌ره‌و نوێبوونه‌وه و تازه‌گه‌ری ده‌ڕوات، پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. له‌باره‌ی هۆكاره‌كه‌ی به"وشه"ی راگه‌یاند، چونكه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت حزبێكی سیاسی نوێ ببێته‌وه یان جارێكی تر ببووژێته‌وه، پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه پڕۆژه‌ی سیاسی ئه‌م حزبه بۆ عێراق و خه‌ڵكی كوردستان چییه، پڕۆژه‌ی سیاسی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه چییه، پڕۆژه‌ی بۆ ئایندهی سیاسیی خه‌ڵكی كوردستان چییه، ده‌بێت ئه‌مانه‌ی هه‌بێت.
ئه‌و چاودێره سیاسییه ده‌ڵێ، "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چووه‌ته ناو كۆنگره‌وه، به‌ڵام هیچ كام له‌م پڕۆژانه‌ی دیار نییه، ناتوانی به دروشمی چه‌ند كادرێك پێت وابێت گۆڕانكاری ده‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیش بۆ یه‌كخستی باڵه‌كانی خۆیشی پێ نییه".
له‌باره‌ی ململانێی باڵه‌كان له دوای كۆنگره چی به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌و چاودێره سیاسییه ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كی كورت بتوانن ئه‌و ناكۆكییانه دابپۆشن، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بینین سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و كێشه‌كان به فۆڕمێكی نوێوه ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌م كۆنگره‌یه ڕه‌نگه باڵانسی هێز به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بگۆڕێت، به‌ڵام دواتر ناكۆكییه‌كان زیاتر ده‌بنه‌وه.
"به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داهاتی سنووری سلێمانی و هێزی ته‌ناهی به ده‌سته‌وه نه‌بووایه و پشتیوانی وڵاتێكی هه‌رێمی نه‌بووایه، ده‌مێك بوو ئه‌و یه‌كێتییه‌ی كه هه‌شبوو نه‌ده‌ما" مه‌حموود وای گوت.
دووپاتیشی كرده‌وه، "سێ شت یه‌كێتی هێشتووه‌ته‌وه، یه‌كه‌م داهات و سامان كه له‌به‌ر ده‌ستیه‌تی، دووه‌م ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری و هێزی چه‌كدار، سێیه‌م پشتیوانی وڵاتێكی هه‌رێمییه، ئه‌وه وایكردوه یه‌كێتیی به‌و جۆره‌ی ئێسته‌ی بمێنێته‌وه، چونكه ده‌مێكه بانگه‌شه و پڕۆژه‌ی سیاسی و ئه‌جێندای سیاسی نییه."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه كۆنگره‌ی یه‌كێتی بتوانێ مه‌رجه‌ع بۆ ئه‌و حزبه بگه‌ڕێنێته‌وه و بیكاته خاوه‌نی بڕیاری یه‌كگرتوو، عه‌بدوڵا مه‌حموود ده‌ڵێ، "بابه‌تی مه‌رجه‌ع هه‌ندێك پێیان وایه له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێ كردووه كه جه‌لال تاڵه‌بانی كۆچی دوایی كردووه، دیاره نه‌خۆشكه‌وتن و دواتر كۆچی دوایی تاڵه‌بانی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر یه‌كێتیی هه‌بوو، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت له سه‌رده‌می تاڵه‌بانیش سه‌رۆك كۆماری عێراق بوو، یه‌كێتی دۆخی هه‌ر به‌ره‌و خواره‌وه ده‌هات. هه‌رچه‌نده راستییه‌ك هه‌بوو ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌بوو مام جه‌لال ده‌یتوانی هه‌موو باڵه‌كان له‌ژێر چه‌تری خۆی كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام كه خۆی نه‌ما باڵه‌كان شه‌ڕی ئه‌وه ده‌كه‌ن ببنه میراتگری تاڵه‌بانی".
به‌گوته‌ی چاودێره‌كه، به‌شێك له پۆسته‌كانی كۆنگره پێشتر ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، به‌ڵام له كۆنگره‌دا مۆری لێ درا، بۆیه ئه‌گه‌ر پێش كۆنگره یه‌كێتی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی هه‌بووایه و بیگوتایه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه كۆنگره ده‌كه‌ین، ئه‌وكات ڕه‌نگه بۆ لایه‌نگر و ئه‌ندامانی جێی ئومێد ده‌بوو.
وشه/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا