وەزارەتی دارایی بڕیارێكی نوێی بۆ خانووبەرە دەركرد

:: AM:10:28:28/12/2019 ‌
بەڕێوبەرایەتیی باجی خانووبەرەی میری سەر بە وەزارەتی دارایی، ئاگەداری سەرجەم نووسینگەكانی خانووبەرەی كردووەتەوە پێویستە ئەو خانووانەی بەكرێ دەدرێن، لەلایەن خاوەنەكانیانەوە پاكانەی باجی خانووبەرەیان هەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی كانوونی یەكەم، هەژار كاوە خاوە نووسینگەی خانووبەرە بۆ "وشە" گوتی، ساڵانە پێویستە خانووی بەكرێدار و یان دوكان پاكانەی لەلایەن دەزگای میرییەوە بۆ بكرێت.

 نووسینگەكانی خانووبەرە ناتوانن خانووەكەی بۆ بەكرێ بدەن
ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، هەركەسێك خانوو بەكرێ بدات، دەبێت پاكانەی باجی خانووبەرەی (زریبە العقار)ی هەبێت، ئەگەر نەیدات، نووسینگەكانی خانووبەرە ناتوانن خانووەكەی بۆ بەكرێ بدەن.

باسی لەوەش كرد، بۆیە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئاگاداری سەرجەم ئەو خاوەن خانووانەمان كردووەتەوە كە خانووەكانیان تۆمار كراوە واتە تاپۆیە، پاكانەی باجی خانووبەرە بهێنن تا كارەكانیان ڕایی بكرێت بۆ بەكرێدانی خانووەكانیان، ئەگەرنا ئێمە ناتوانین بۆیان بەكرێ‌ بدەین.

ئەو ئاگەداركردنەوەیە لە كاتێكدایە ساڵانە ئەو خانوو و موڵكانەی بەكرێ‌ دەدرێن لەلایەن هاووڵاتییانەوە، پێویستە پاكانەی دارایی بكات و باجی ساڵانە بدات.
 




وشە - رامیار جەواد