حزبوڵا شەڕی بێسنوور دژ بە ئەمەریكا راگەیاند

:: AM:10:57:30/12/2019 ‌
میلیشیای حزبوڵا شەڕی بێسنوور بە رووی ئەمەریكا رادەگەیەنێ، ئەبومەهدی موهەندیس دەڵێ، وەڵامی توندی ئەمەریكا دەدەینەوە. هاوكات دوای هێرشەكە كە بەهۆیەوە 25 چەكدار كوژران و زیاتر لە 60ـی تریش بریندارن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەگەر پێویست بكات هێرشی تریش ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەم 30ی كانوونی یەكەم، میلیشیای حزبوڵا ئامادەكاری بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی شەوی رابردووی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا بۆ سەر پێگە و بارەگاكانی راگەیاند.

میلیشیای حزبوڵا ئاماژەی بەوە دەكات كە شەڕیان لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوانەی سەر بە ئەمەریكان، جەنگێكی كراوە دەبێت و هەموو ئەگەرێك هەڵدەگرێت، گوتی "هیچ بژاردەیەك لە بەردەم حزبوڵا نییە تەنیا رووبەڕووبوونەوە نەبێت، لەمەشدا رەچاوی هیچ حیساباتێك ناكەین". 

حزبوڵا شەڕی بێسنووری بە رووی ئەمەریكا راگەیاند


لای خۆیەوە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند، هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر حزبوڵا، بە ئاسانی تێناپەڕێت و بە توندی وەڵام دەدرێنەوە.

زیاتر گوتی "خوێنی شەهیدان و بریندارانمان وا بە ئاسانی ناڕوات و بە توندی وەڵامی ئەمەریكا لە عێراق دەدەینەوە".

قسەكانی میلیشیای حزبوڵا و ئەبومەهدی موهەندیس لە كاتێكدایە، مارك ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پاش گورز وەشاندنەكە لە بارەگاكانی میلیشیاكانی حەشد، رای گەیاند كە ئەمەریكا دەستكراوەیە و ئەگەر پێویست بكات هێرشی تریش ئەنجام دەدەین.

جێی باسە بەهۆی هێرشەكەوە بەپێی هەندێك لە میدیا و ئاژانسەكان، زیاتر لە 25 چەكداری حزبوڵا كوژراون و ژمارەی بریندارەكانیش سەرووی 60 چەكدار دەبن، جگە لە زیانە گەورەكەی بەر جبەخانەكانیان كەوتووە.



وشە - فه‌رمان سادق