تا ئێستە ململانێی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوخۆی هێزە سیاسییەكان و لەگەڵ شەقام مەرجەعیەتی بەردەوامە، راپۆرتێكی بەریتانی لە نێوان ئەو كاندیدانەی تا ئێستە بۆ پۆستەكە خراونەتە روو ئاماژە بۆ یەكیان دەكات كە هێزە سیاسییەكان ئامادەسازی بۆ كاندیدكردن و راسپاردنی دەكەن و لەلایەن خۆپێشاندەرانیشەوە قبووڵ كراوە.
كاندیدی راستەقینە لەكاتی گونجاودا دەخرێتە روو
رۆژنامەی
"ئیندیپێندنت"ی بەریتانی ئەمڕۆ دووشەم لە راپۆرتێكیدا باسی دیارترین كاندیدەكانی تا ئێستە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خراوەنەتە روو دەكات و ئاماژە دەكات، كەشوهەوای نزیك لە گفتوگۆكان روون نییە و بەهۆی ناڕەزایەتی خۆپێشاندەران چەندان ناو سووتان، ئەوان داوای كەسایەتیەكی سەربەخۆ دەكەن.
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە هاوپەیمانی "بینا"، ئێستە خەریكی جموجۆڵێكە لە دوو بەش، یەكەمیان بەنهێنی هێشتنەوەی ناوی كاندیدی دەیەوێت، دووەم پێشنیازكردنی چەند ناوێك بۆ سەرقاڵكردنی رای گشتی پێیانەوە تا كاتی رەخسانی دۆخەكە و خستنەڕووی كاندیدی راستەقینەی، بەپێی سەرچاوەكان لەوكاتەی هاوپەیمانیەتییەكە ناوی تۆفیق یاسری وەك كاندیدی بەهێزترین خستووەتە روو، راستییەكەی كاندیدی "بینا" عەبدولغەنی ئەسەدییە كە وەك فەرماندەیەك رۆڵی گەورەی لە نەهێشتنی داعش هەبوو و ئێستە خانەنشینە.
بەپێی راپۆرتەكە ئەسەدی لەوبارەوە قسەی لەگەڵ خۆپێشاندەران كردووە و موقتەدا سەدریش پێشوازی لە كاندیدكردنی دەكات، بەڵام تا ئێستە لەلایەن هاوپەیمانی "بینا" بەفەرمی نەخراوەتە روو و سەرانی ئەو هاوپەیمانیەتییە لەنێوان خۆیاندا باسی دەكەن، زانیارییەكانیش ئاماژە بۆ رێككەوتنی ئەسەدی و سەرانی "فەتح" بۆ كاندیدكردنی دەكەن.