خوراندنی چاو تووشی نەخۆشیی گلێنەی قووچەکیتان دەکات

:: AM:09:29:02/01/2020 ‌
بەهۆی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان یان کەمخەوی و ماندووبوونی چاو، زۆربەمان دەست بە خوراندنی چاو دەکەین و وا هەست دەکەین بەمە چاو لە ماندوێتی ڕزگار دەکەین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕەفتارە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی مەترسیداری گلێنەی قووچەکی.

رۆچیلد دامیان پزیشکی پسپۆری فڕەنسی ئاشکرای کردووە، خوراندنی چاو دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی باو و مەترسیداری گلێنەی قووچەکی کە لە زانستدا بە Keratoconus ناسراوە، ئەمەش بریتییە لە ئاوسانی گلێنە و تەنکبوونی پەردەی گلێنە کە زۆر جار مەترسیی کوێربوون بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

پێویستە منداڵەکانمان لە مەترسییەکانی تووشبوون بە گلێنەی قووچەکی ئاگادار بکەینەوە

ئەو پزیشکە دەڵێ: باشتر وایە هەر لە منداڵییەوە فێر بکرێین و منداڵەکانمان فێر بکەین کە خوراندنی چاو مەترسیی زۆری بۆ تەندروستی چاوەکان هەیە، بۆ ئەوەی لەو حاڵەتە مەترسیدارە دوور بخەینەوە.

زیاتر دەڵێ: بەکارهێنانی مۆبایل، زۆر سەیرکردنی تەلەفزیۆن لە نزیکەوە، ماوەیەکی زۆر بەکارهێنانی شاشەی کۆمپیوتەر، زۆر خوێندنەوەی کتێب و کەمخەوی دەبنە هۆی ماندووبوونی چاو، هەر بۆیە کەسەکان بە خوراندنی چاوەکانیان خۆیان لە ماندوویی چاوەکان دەپارێزن، کە ئەمەش زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

پزیشکەکە داوا دەکات لە کاتی کردنی هەر یەکێک لەو کارانەی زیان بە تەندروستی چاوەکان دەگەیەنن، ماوەیەک پشوو بدەن و بەردەوام هیچ کارێک نەکەن کە چاو ماندوو دەکات.

نەخۆشی گلێنەی قوچەکی نەخۆشیەکی زۆر باوە، گلێنە ئەو بەشە ڕوونەی پێشەوەی چاوە کە بێ ڕەنگە و خەڵک بە ڕەشێنە ناوی دەبەن، ئەم بەشە بۆ بینین زۆر گرنگە و تیشکەکان لە دەرەوە بە هۆی گلێنەوە بۆ تۆڕەی چاو ئاراستە ئەکرێن، ئەگەر ئەم ئاراستەیە نەبێت کە بە هۆی گلێنەوە تیشک تێپەر دەبن ئەوا ناتوانین ببینین. گلێنە ڕوویەکی یەکسانی هەیە وەک نیوە تۆپێک وایە ئەو کەسانەی نەخۆشی گلێنەیان هەیە ئەوا شێوەی گلێنەیان وا نامێنیت، وەک ئەوەیە دەرپەڕێت شێوەی قوچەکێک وەردەگرێت کە بەو هۆیەوە لاواز دەبێت و تەنک ئەبێت و بە نەخۆشی قوچەکی ناو ئەبرێت.


وشە - ڕێناس شابان