وردەكارییەكەی ئاشكرا بوو.. چۆن ترەمپ بڕیاری كوشتنی سولەیمانی دا؟

:: PM:04:57:04/01/2020 ‌
بێ بیركردنەوە لە بژاردەكانی تر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەو كاتەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی كۆ بووەوە، لەو بژاردانەی خرانە بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا وەك تۆڵەكردنەوەیەك بەرانبەر هەڵكوتان و پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ترەمپ بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی واژوو كرد.

ئەمڕۆ شەموو چواری كانوونی دووەمی 2020، هێشتا 48 سەعات بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی سەركردەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەكی سەركردەی تری حەشدی شەعبی تێنەپەڕیوە، تا دێت زانیاری زیاتر لەسەر بڕیاری كوشتنەكەی بڵاو دەبنەوە.

پاش هێرشەكەی سەر بنكەی سەربازی (K1) لە كەركووك و هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە ئەمەریكییەكان، قاسم سولەیمانی سەرقاڵی خاڵدانان بووە لەسەر دوا پیتەكانی پیلانی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

یەكێك لەو بژاردانەی خرایە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، كوشتنی قاسم سولەیمانی بوو كە لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا زۆر بە پەلە واژووی لەسەر كرا، بەجۆرێك تیمی ئاسایشی نەتەوەیی باوەڕیان نەدەكرد سەرۆكی وڵاتەكەیان رەزامەندی لەسەر وەها بژاردەیەك بدات،

پاش ئەو رووداوانە، لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆمەڵگەی مارلاگۆ لە فلۆریدا بوو، تیمی ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ سەرۆك كۆ دەبنەوە و ژمارەیەك بژاردە دەخەنە بەردەمی بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانە مەترسیدارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.

 تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی پێكهاتبوون لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، ماریك ئیسپەر وەزیری بەرگری، جەنەڕاڵ مارك میلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەش. رۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز" لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە داوە كە یەكێك لەو بژاردانەی خرایە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، كوشتنی قاسم سولەیمانی بوو كە لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا زۆر بە پەلە واژووی لەسەر كرا، بەجۆرێك تیمی ئاسایشی نەتەوەیی باوەڕیان نەدەكرد سەرۆكی وڵاتەكەیان رەزامەندی لەسەر وەها بژاردەیەك بدات، بەڵام ژمارەیەك لە راوێژكارەكانی سەرۆك، ئەو كەسانەن كە سەرسەختانە دژی ئێرانن، بۆیە پێشبینی دەكرێت كاریگەری ئەوان بەسەر بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا هەبووبێت.

قاسم سولەیمانی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكیدایە، وەزیری بەرگریی ئەمەریكاش دووپات لە خستنەڕووی ژمارەیەك لە بژاردە دەكاتەوە بۆ بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی ئەو بژاردانەیان ئاشكرا نەكردووە كە دواجار سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر كوشتنی سولەیمانی دابێت. 

ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی (CIA) دەڵێ، ساڵانێكی زۆرە چاودێری وردیان لەسەر قاسم سولەیمانی داناوە، ئەو پێش گەشتكردنی بۆ عێراق، لە لبنان بووە و پاشان چووەتە سووریا، بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی عێراق لە رێی گەشتێكی فڕۆكەوانی گەشتیاری گشتی بەرەو عێراق هاتووە.

"دەمانزانی لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرەو عێراق گەشت دەكات، ماوەیەكیش بوو تێبینی ئەوەمان كردبوو كە سولەیمانی گرنگی بە خۆشاردنەوە نەدەدا و بە ئاشكرا گەشتەكانی دەكرد". بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وا دەڵێ، ئەوەیشی خستەڕوو كە دەزگای هەواڵگری ئەوەیان بە سەرۆك راگەیاندبوو كە سولەیمانی پیلانی داناوە بۆ هێرشكردنە سەر دیپلۆماتكار و سەركردە سەربازییەكانی ئەمەریكا و دامەزراوەكانیان لە لبنان و سووریا و عێراق.

زیاتر گوتی "لەو كاتەی سولەیمانی گەیشتە فڕۆكەخانەی بەغدا، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان و چەند فڕۆكەیەكی تری سەربازی لە نزیك فڕۆكەخانە لە ئاسمان بوون، كاتێك سولەیمانی لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی تری حەشدی سەر بە ئێران بە دوو ئۆتۆمبێل فڕۆكەخانەیان جێهێشت و بەرەو ناوەڕاستی بەغدا دەڕۆیشتن، فڕۆكەكان ئەو ئۆتۆمبێلەیان كردە ئامانج كە قاسم سولەیمانی تێدا بوو".



وشە - فه‌رمان سادق