سوننە هەڵوێستی خۆی لەسەر دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق راگەیاند

:: PM:07:36:04/01/2020 ‌
هاوكاتی هەوڵی لیستە شیعەكان بۆ دەركردنی بڕیارێك لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی وەردەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا كە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانیی فەتح لەسەر تەرمی ئەبومەهدی موهەندیس بەڵێنی دابوو. ئەحمەد مەشاری پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بڕیاری عێراقی دەڵێ، هێزەكانی ئەمەریكا بە رێككەوتنێكی ستراتیجی لە عێراقن و بە بڕیارێكی پەرلەمان دەرناكرێن.

ئەمڕۆ شەموو چواری كانوونی دووەمی 2020، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جارێكی تر پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بووەتەوە رۆژەڤ. هێزە شیعەكان بەڵێنی ئەوە بە هەردوو سەركردەی حەشدی شەعبی و سوپای قودس دەدەن كە كار بكەن بۆ دەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق لەسەر تەرمی ئەبومەهدی موهەندیس بەڵێنی ئەوەی پێدا، لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەربكەن، گوتی "بۆ یەكجاری لە عێراق دەریان دەكەین".

بوونی هێزەكانی ئەمەریكا بەپێی رێككەوتنی ستراتیجییە و لەسەر داوای عێراق هاتوون بۆیە بە بڕیارێكی پەرلەمان دەرناكرێن


ئەحمەد مەشاری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی قەراری عێراقی كە ئوسامە نوجێفی سەركردایەتی دەكات، بە "وشە"ـی راگەیاند، پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، پرسێكی هەروا ئاسان نییە و پەرلەمان ناتوانێت بە دانیشتنێك وەها بڕیارێك بدات.

زیاتر گوتی "رێككەوتننامەی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ئەمەریكا هەیە، دووبارە هاتنەوەی هێزی ئەمەریكا بۆ عێراق لە شەڕی دژ بە داعش بووە و لەسەر خواستی حكوومەتی عێراق بوو، بۆیە دەركردنیان هەروا ئاسان نییە".

لە بارەی هەڵوێستی لیستە سوننەكان لە پەرلەمانی عێراقیش، مەشاری ئاماژەی بەوەدا كە سوننەكان دژی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكان، زیاتر گوتی "لیستە شیعەكان ناتوانن بە تەنیا ئەو بڕیارە بدەن".

پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە كاتێكدایە پێشتریش لیستەكانی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی نزیك لە ئێران، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری 2018ـی رابردوو، یەكێك لە بەڵێنەكانیان دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بوو، بۆ ئەمەش دروشمی دەركردنی سەرجەم هێزە بیانییەكانیان لە عێراق بەرز كردبووەوە.

پەرلەمانتارێكی شیعە دەڵێ، 160 ئەندامی پەرلەمانیان هەیە و سبەی یەكشەم لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدەن.


وشە - فه‌رمان سادق