ئێران ژمارەی كوژراوانی هێرشە مووشەكییەكەی راگەیاند

:: AM:09:34:08/01/2020 ‌

ئاژانسی فارسنیوزی ئێرانی لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەكییەی راگەیاند كە كردیە سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

بەگوتەی سەرچاوەكە، بەهۆی ئەم هێرشەوە 80 سەربازی ئەمەریكا كوژراون و 200 سەربازی تریش بریندار بوون، سەرجەم بریندارەكانیش بە هەلیكۆپتەر بۆ بنكەی تر گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن.

پێویستە بگوترێت هێرشە سەرەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد بووە كە كەوتووەتە پارێزگای ئەنبار، بەگوتەی ئێرانیش ئەم بنكەیە بە گرنگترین بنكەی ئەمەریكا لە عێراق هەژمار دەكرێت كە لەوێوە كۆنترۆڵی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی دەكات. 

لە هێرشەکە مووشەکێکیش ئاراستەی بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەولەتی هەولێر کراوە بەڵام مووشەکەکە بەر لە پێکانی ئامانج لە نزیک گەزنە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە. فارسنیوز ئاماژەی بەو زانیارییە نەکردووە.

جۆری ئەو مووشەكانە بالستیك بووە كە هەركامێكیان 450 كیلۆگرام مادەی تەقینەوەیان هەڵگرتووە
20  شوێنی هەستیاری بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە ئەنبار مووشەكباران كراون و بە هۆیانەوە جگە لە كەوتنەوەی سەدان كوژراو و بریندار، چەندان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و هێلیكۆپتەریش لەناو چوون.

ئێران هاوكات هەڕەشەی كردووە ئەگەر ئەمەریكا هەڵوێستێكی تری هەبێت، ئەوا 104 شوێنی هەستیاری تری دەكاتە ئامانج.

جۆری ئەو مووشەكانە بالستیك بووە كە هەركامێكیان 450 كیلۆگرام مادەی تەقینەوەیان هەڵگرتووە، بەگوتەی سەرچاوەكە ئەوەندە بەهێز بووە كە هەندێك مووشەك چەند ئامانجی هەستیاریان بەیەكەوە پێكاوە.

میدیا فەرمییەكانی ئێران رایان گەیاندووە بەم هێرشە تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانییان كردووەتەوە و ئەمەش دەری دەخات ئێستە تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمەریكایە، ئەم وڵاتەیە كە بڕیار دەدات جەنگەكە بوەستێت یان تۆڵەی ئەو مووشەكبارانە بكاتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی سێی كانوونی دووەم بەهۆی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی عێراق كاروانێكی ئۆتۆمبێل كرایە ئامانج كە بەهۆیەوە قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك فەرماندە و پاسەوان كوژراون.

بەرپرسانی ئێران دوای هێرشەكە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئەمەریكا كردبوو. هێشتا ئەمەریکا هیچ زانیارییەکی لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان