رووداوەكانی كۆتایی 2019 و كوژرانی دوو فەرماندە و سەركردەی دیاری ئێران و حەشدی شەعبی، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی واشنتۆن و تاران لە یەكتر، نوێترین هەڕەشەی ئەمەریكا لە عێراق، دۆخی عێراق و ناوچەكەی ئاڵۆز كردووە. دەرهاویشتەكانی ئەم رووداوانە كاریگەریی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی بەدواوە بووە.
ئابووری بە سیاسەت و ئارامی، گرێ دراوی یەكترن و هەر جۆرە ئاڵۆزییەك لە ئاسایش و تەناهی، راستەوخۆ كار دەكەنە سەر بازاڕ. یەكەم دەرهاویشتەی ئابووری كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەكانی دنیا و نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو هەڵكشا و 70 دۆلاری تێپەڕاند.
عێراق بە دووەم وڵاتی گەورەی ئۆپێك لە هەناردەی نەوت هەژمار دەكرێت، نائارامیی وڵات دەبێتە هۆی كشانەوەی كۆمپانیاكان و مەترسی كەمبوونەوەی هەناردە زیاد دەكات، بۆیە نرخەكەی بەرز دەبێتەوە. جگە لەمە، هەڕەشەكانی ئێرانیش دۆخی گەرووی هورمز نائارامتر دەكات و مەترسی زیاتر بۆ سەر پرۆسەی هەناردەی نەوت دێتە كایەوە و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخ دەكرێت.
ئەم پێشهاتە نوێیەی ساڵی 2020، نرخی زێڕیشی لە بازاڕەكانی دنیا هەڵكشاند. رێك ئەو رۆژەی هێرشەكە ئەنجام درا، دواین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسەی زێڕ بوو، نرخی هەر ئۆنسێك زێڕی لە هەزار و 520 دۆلارەوە بەرەو هەزار و 552 دۆلار هەڵكشاند، رۆژی دووشەمیش لەگەڵ دەستپێكردنی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە، زێڕ هەڵكشا و گەیشتە سەرووی هەزار و 572 دۆلار.
كاریگەرییەكانی ئەم هێرشە تەنیا لەسەر ئابووری جیهانیی نەبوون، بەڵكو ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستانیشی خستووەتە ژێر كاریگەری خۆیەوە.
لە دوای هێرشەكە، نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا بۆ نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دابەزی و هەر دۆلارێك بە 122 هەزار و 250 دینار ئاڵوگۆڕ كرا.
كاریگەرییەكان لە ئاستی ناوچەییش بەدیار كەوتن و وێڕای داڕمانی بازاڕی بۆرسەی تاران، نرخی تمەنیشی بۆ ئاستێكی نزم دابەزاند.
لە هەرێمی كوردستان ئەوەی راستەوخۆ لە رووداوە سیاسی و تەناهییەكاندا زیاتر كاریگەری بەردەكەوێت، كەرتی زەوی و خانووبەرەیە كە زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"، بازاڕی خانوو و زەوی وەستاوە، هەرچەندە پێشتریش خۆپێشاندانەكانی عێراق كاریگەریی خۆیان لەسەر دانابوو، بەڵام رووداوەكانی ئەمدواییە بە تەواوی بازاڕەكەی راگرتووە.
سەباح رێكخراو خاوەنی نووسینگەی دژوار بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە هەولێر، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە بە تەواوی وەستاوە و دۆخەكە بەراورد بە مانگێك لەمەوبەر، زۆر خراپتر بووە.
ئەو دەڵێت "نووسینگەكان بێكارن و لە بێكاریدا بوونەتە شوێنی شرۆڤەكاری سیاسی، جگە لە گوێگرتن لە هەواڵەكان، هیچ ئیشێكی تریان نییە".
بەگوتەی سەباح، تاكە جووڵەی بازاڕ بە كرێدانی خانووە، ئەویش ئەو عەرەبانە دەیانەوێت كە روو لە كوردستان دەكەن و حەز دەكەن لە شوێنێك نیشتەجێ بن.
خاوەنی نووسینگەیەكی خانوو و زەوی:
ئەوەی زەوی كڕیوە چاوەڕێی قازانج نەبێت.
ئێستە كڕین و فرۆشن بە خانوو وەستاوە، بەڵام زەویی قەرەبووی جووتیاران هەندێك جار مامەڵەی پێوە دەكرێت، هەرچەندە نرخەكەی زۆر دابەزیوە. سەباح رێكخراو روونی كردەوە "زەوییەك ئەگەر پێشتر بە 13 هەزار دۆلار بووبێت، ئێستە بە حەوت تا هەشت هەزار دۆلار دەفرۆشرێت".
"زۆر لەوانەی زەوییان كڕیوە، نابێ چاوەڕوانی قازانج بكەن، چونكە بە هەرزانیش بۆیان نافرۆشرێتەوە و كڕیار نییە" خاوەن نووسینگەكە وا دەڵێ.
لە زۆربەی گەڕەكەكانی هەولێر و دەوروبەری، بازاڕەكە سستە و زۆر لەو زەوییانەی رەقەمن، نرخیان دابەزیوە. سامی خاوەنی نووسینگەی "دەوزێ" لە شارەدێی دارەتووی باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە بازاڕی زەوی و خانووبەرە لە 2014 و 2015 زۆر خراپ بوو، دواتر ساڵانە هەندێك جووڵە و هەستانەوە لە بازاڕ تۆمار كراوە، بە سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی عێراق و دواجار ئەو هێرشانەی لەمدواییە ئەمەریكا و ئێران دژی یەكتر ئەنجامیان دا، بازاڕەكە پەكی كەوت.
ئەو كە ئەزموونی چەند ساڵەی لە بازاڕەكەدا هەیە، روونی دەكاتەوە "بازاڕەكە بە ئاسایش و ئارامی گرێ دراوە، هەر كاتێك دنیا ئارام بێت، بازاڕ جووڵەی تێدەكەوێت و خەڵك ترسیان لە دەرهێنانی پارەكانیان نابێت".
پێویستە بگوترێ، بەشی زۆری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دابین دەكرێت، ئەم رووداوانە خەڵكی مووچەخۆری هەرێمەكەی تووشی جۆرێك دڵەڕاوكێ كردووە، ترسیان هەیە دیسان كێشە بۆ مووچەكانیان دروست ببێت و حەوجێی چارەگە مووچە ببنەوە، بۆیە هەنگاوەكانیان بۆ بازاڕكردن سست بووە.