دینار زیاتر شكا و زێڕ بەرزترین نرخی حەوت ساڵی رابردووی تۆمار كرد

:: AM:11:20:08/01/2020 ‌

بازاڕی دراو و زێڕ كە لە ژێر كاریگەریی كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كاریگەریی وەرگرتبوو بە مووشەكبارانەكەی ئێران هێندەی تر شڵەژا.

ئەمڕۆ چوارشەم 8/1/2020 نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ بۆ هەزار و 600 دۆلار هەڵكشا كە بەرزترین نرخە لەوەتەی ساڵی 2013ەوە تۆمار كرابێت.

نرخی زێڕی 21 عەیار بە 280 هەزار دینارە
كارزان وەفیق زێڕنگر و بریكاری كۆمپانیای krnb  بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، نرخی مسقاڵێك زێڕی 24 عەیار گەیشتووەتە 317 هەزار دینار. هاوكات زێڕی 21 عەیار بە 280 هەزار دینار و 18 عەیاریش بە 240 هەزار دینار دەفرۆشرێت. ئەو باسی لەوە كرد كە نرخی دیناریش دابەزیوە و هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 124 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و شكانی نرخی دینار، بۆ هێرشی مووشەكیی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كورستان دەگەڕێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان