قەیس خەزعەلی: وەڵامەكەی ئێمە لە هی ئێران توندتر دەبێ

:: PM:02:12:08/01/2020 ‌

دوای ئەوەی ئێران لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی مووشەكبارانی بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراقی كرد، بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبیش باس لە تۆڵەسەندنەوەی ئەبومەهدی موهەندیس دەكات.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" قەیس خەزعەلی فەرماندەی میلیشیاكانی "عەسائیبی ئەهلی حەق"  باسی لەوە كردووە كە وەڵامەكەیان لە هی ئێران زۆر توندتر دەبێت. ئەو گوتوویەتی دوای وەڵامەكەی ئێران، نۆرەی ئەوە هاتووە عێراق تۆڵەی خۆی بكاتەوە.

هێشتا میدیاكانی ئەمەریكا باسیان لە كوژرانی یەك سەربازیشیان نەكردووە
دیار نییە وەڵامەكەی قەیس خەزعەلی بۆ ئەمەریكا چی دەبێت، چونكە ئەوەی ئێران كردی پێ ناچێت زیانێكی ئەوتۆی بە ئەمەریكا گەیاندبێت. ئێران لە میدیاكانیدا باسی لەوە كردووە بەهۆی ئەم هێرشە نزیكەی 300 سەربازی ئەمەریكی كوشتووە یان بریندار كردووە، بەڵام هێشتا میدیاكانی ئەمەریكا باسیان لە كوژرانی یەك سەربازیشیان نەكردووە و ئاماژەكان بەوە دەكەن زیانێكی ئەوتۆی بە ئەمەریكا نەگەیاندووە و پێشتر ئەمەریكییەكان خۆیان بۆ ئەو هێرشە ئامادە كردبوو.

زۆربەی ئەو مووشەكانەی ئێران ئاراستەی بنكەكانی ئەمەریكای كرد، لە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كەوتنە خوارەوە و دوو لەو مووشەكانەش كە لە نزیك هەولێر كەوتنە خوارەوە یەكێكیان نەتەقییەوە ئەوەی تریشیان لە نزیك بەردەڕەش تەقییەوە و تەنیا زیانی بە هەندێك جامی ماڵەكان گەیاند.



وشە - سلێمان تاشان