ژمارەیەكی زۆری دەرمانی نایاسایی دەستی بەسەردا گیرا

:: PM:02:47:12/01/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، چەندان جۆر دەرمانی گیایی ڕێپێنەدراو دەستیان بەسەردا گیراوە كە فرۆشتنیان ڕێپێنەدراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12تی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەی چاودێریی بازاڕ بەهاوكاریی ئاسایشی هەولێر و هۆبەی ئابووری و پۆلیسی شارەوانی سەر بە قایمقامییەتی هەولێر، لە هەڵمەتێك كە بۆ سەر ئەو كەسانە ئەنجام درا لە رێی ئۆنڵاین دەرمانی رێپێنەدراو و قاچاخ دەفرۆشن، دوو دوكان داخران.

دەرمانێكی زۆری قەدەغەكراو دەستی بەسەردا گیرا
باس لەوەش كراوە، ئەو دوكانانە دەكەونە گەڕەكی زانایان و پێداویستیی جوانكاریی ژنانیان دەفرۆشت، دەرمانێكی زۆری قەدەغەكراو دەستی بەسەردا گیرا.

ئەوەیش ڕوون كراوەتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین خۆیان لە بەكارهێنانی ئەم بەناو دەرمانانە بپارێزن، چونكە هیچ بنەمایەكی زانستییان نییە و هاوكاری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان بكەن بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.

پێشتر "وشە" لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردبوو كە دەرمانی سمت و سنگ گەورەكردن بە ئاشكرا لە بازاڕەكان دەفرۆشرێت و ئەو دەرمانانە مۆڵەتی تەندروستییان نییە.





























وشە - رامیار جەواد