زۆربه‌مان ده‌زانین "كه‌نیزه" له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاى هاتنى ئیسلام هه‌بووه، ره‌نگه ئه‌وكات هه‌ندێك پاساو بۆ بوونى ئه‌و دیارده‌یه هه‌بووبێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م پاساوانه تا ئێسته‌یش مشتومڕیان له‌سه‌ره، به‌ڵام تێبینى ئه‌وه تا له سه‌ره‌تاى قۆناغى ده‌ركه‌وتنى دوور بكه‌وینه‌وه، له سه‌ته‌كانى دواتر بابه‌تى كه‌نیزه له‌لایه‌ن خه‌لیفه و سوڵتانه‌كانى ئیسلامه‌وه زێده‌ڕۆیى تێدا كراوه، بێ هیچ پاساوێكى ئاینى ته‌نیا بۆ چێژى سوڵتان یان خه‌لیفه بووه و ته‌نانه‌ت خه‌لیفه‌ى وا هه‌بووه، خاوه‌نى سه‌تان كه‌نیزه بووه.
خه‌لیفه هه‌بووه ته‌نیا بۆ شه‌وێك تووره‌كه‌یه‌ك پاره‌ى به كه‌نیزه‌یه‌ك داوه و رۆژى دواتریش كردوویه‌تیه دیارى بۆ هاوڕێیه‌كى تر‌ى
خه‌لیفه‌كانى عه‌باسى له مێژوودا به‌وه به‌ناوبانگن زۆر بره‌ویان به‌م دیارده‌یه داوه، به جۆرێك خه‌لیفه هه‌بووه ته‌نیا بۆ شه‌وێك تووره‌كه‌یه‌ك پاره‌ى به كه‌نیزه‌یه‌ك داوه و رۆژى دواتریش كردوویه‌تیه دیارى بۆ هاوڕێیه‌كى تر‌ى.
له‌وان خراپتر عوسمانییه‌كانن، له به‌ختى باشى ئێمه، ئه‌گه‌ر عه‌باسییه‌كان له قۆناغێكى مێژوویى دوورتر ژیاون، بۆیه ناتوانین به‌ڵگه‌ى پێویستمان له‌سه‌ریان هه‌بێت، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى سه‌رى بۆ سه‌ته‌ى بیسته‌م كێشاوه و به‌ده‌ستهێنانى به‌ڵگه و شاهێدحاڵ له‌سه‌ر ره‌فتارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌واوى بواره‌كانى ئه‌وان، كارێكى ئه‌سته‌م نییه، به‌تایبه‌تى له دنیاى كه‌نیزه‌كه‌كان كه ئه‌و كتێبه‌ى ئێمه باسى ده‌كه‌ین له‌مباره‌یه‌وه نووسراوه.
كاتێك ده‌ڵێین "سوڵتان یان خه‌لیفه به سه‌تان و هه‌زاران كه‌نیزه‌ى هه‌بووه چێژى لێ وه‌رگرتوون"، ئه‌مه رسته‌ییه‌كه له‌لایه‌كه‌وه ده‌بێت خه‌یاڵمانى بۆ بجووڵێنین بۆ ئه‌وه‌ى وێناى ئه‌و دنیایه بكه‌ین، چونكه ئه‌مه ناچێته عه‌قڵى مرۆڤی ئاساییه‌وه. له‌لایه‌كى تریشه‌وه كه‌سانێك هه‌ن تا ئێسته‌یش داكۆكى له مێژووى خه‌لیفه و سوڵتانه‌كان ده‌كه‌ن و به‌رگرى له‌هه‌ر كارێكى ئه‌وان ده‌كه‌ن و به پیرۆزى ده‌زانن، زۆر به‌ئاسانى ده‌توانن ئه‌و رسته‌یه‌ى سه‌ره‌وه ره‌ت بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌هۆى باوه‌ڕ و سه‌لیقه‌ى خۆیان.
لێره‌دا یه‌كێك له كاره گرنگه‌كانى كتێبى "دنیاى ژن له پشت حیجاب"ـه‌وه، ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌ت بۆ سه‌لیقه و خه‌یاڵى بێ بنه‌ما ناهێڵێته‌وه، به‌ڵكو ده‌مانخاته به‌رده‌م دنیایه‌ك به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه، پڕه له وێنه‌ى روون، هه‌موو شوێنه‌كان ناسنامه‌ى خۆیان هه‌یه و ناسراون، زۆر له بكه‌ره‌كانى ئاشنان، ئه‌گه‌ر دووریش بن و له شوێن و كاتێكى تر ژیاون.
وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد، ره‌نگه نه‌توانین له‌وه بگه‌ین كه چۆن خه‌لیفه‌ى عوسمانى له‌گه‌ڵ سه‌تان ژن خه‌وتووه و سه‌دان كچى ته‌نیا بۆ ئاره‌زووى خۆى راگرتووه، به‌ڵام "ئه‌لیف كرۆتییه" نووسه‌رى كتێبه‌كه، به ته‌واوى به بابه‌ته‌كانى وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه و پێمان ده‌ڵێ، دنیاى كه‌نیزه‌كان و حه‌ره‌مسه‌را كه به توركییه‌كه‌ى "HAREMLIK"بووه، سیستمێكى تایبه‌تى خۆى هه‌بووه و شێوازێك له ژیانكردن و دنیایه‌كى سه‌ربه‌خۆ بووه، ره‌هه‌ندى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى خۆى هه‌بووه، بازاڕى خۆى هه‌بووه و ته‌نانه‌ت رۆڵى سیاسیى خۆى هه‌بووه، كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌م ئیمپراتۆرییه گه‌وره‌یه هه‌بووه كه زیاتر له 400 ساڵ ژیا.
یه‌كێك له خاڵه هه‌ره به‌هێزه‌كان كه له كه‌سایه‌تیى ئه‌لیفى نووسه‌ر هه‌بووه، ئه‌وه‌یه داپیره‌ى یه‌كێك بووه له كه‌نیزه‌كانى سوڵتانى عوسمانى.
ئه‌لیف كه خۆى له ساڵى 1945 له ئه‌زمیر له دایك بووه، زۆر له‌و ژنانه‌ى بینیوه كه پێشتر به‌ر له رووخانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه‌نیزه بوون.
خاڵێكى تر‌ى به‌هێز ئه‌وه‌یه، ئه‌لیف بۆ نووسینى ئه‌م كتێبه سوودى له ده‌یان سه‌رچاوه‌ى عوسمانى و ئینگلیزى و فڕه‌نسى بینیوه، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌یش كتێبه‌كه‌ى پڕ كردووه له‌و تابلۆیانه‌ى له‌لایه‌ن گه‌ڕیده و رۆژهه‌ڵاتناسان له‌سه‌ر كه‌نیزه‌كانى سوڵتان كێشراون.
ئه‌م كتێبه بۆ زیاتر له 20 زمان هاتووه‌ته وه‌رگێڕان
زۆر له‌و وێنانه‌ى ژیانى هه‌وه‌سبازى سوڵتان و نه‌هامه‌تى كه‌نیزه‌كانیان ده‌رخستووه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له تابلۆكان تایبه‌تن بۆ به‌رجه‌ستەكردنى جوانى و شۆخى كه‌نیزه‌كان، زۆر له وه‌رگێڕانه‌كان تابلۆكانى ناوه‌وه‌یان له به‌رگ داناوه، ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش بكرێت كه ئه‌م كتێبه بۆ زیاتر له 20 زمان هاتووه‌ته وه‌رگێڕان.
"من ژنێكم له حه‌ره‌مسه‌را، كۆیله‌یه‌كى عوسمانیم، به‌هۆى ده‌ستدرێژییه‌كى باوكم له دایك بووم، له كۆشكێكى پڕ خۆشگوزه‌رانى، جلوبه‌رگم نایاب و گرانبه‌ها، كه‌چى خۆم به‌هام كه‌مه، كۆیله‌یه‌كم كه‌چى كۆیله‌م هه‌یه، ناوم فه‌رامۆش كراوه و هه‌زار و یه‌ك چیرۆكم له‌سه‌ر نووسراوه.
ماڵى من ئه‌و شوێنه‌یه كه خواوه‌ندى تێدا ده‌نێژرێت و شه‌یتانى تێدا په‌روه‌رده ده‌كرێت" به‌مشێوه‌یه ئه‌لیف كرۆتییه ده‌چێته ناو باسى بابه‌ته‌كانى.
"دنیاى كه‌نیزه‌كان"، باس له كۆشكه داخراوه‌كانیان ده‌كات، باس له كۆبوونه‌وه و دانیشتنه‌كانیان ده‌كات، باس له‌وه ده‌كات كه سه‌ره‌تا هه‌ر كیژۆڵه‌یه‌ك ده‌بێته كه‌نیزه و ره‌وانه‌ى حه‌ره‌مسه‌را ده‌كرێت، ده‌بێ ببێت به مسوڵمان و دواتریش خۆى فێر بكات چۆن دڵى سوڵتانه‌كه‌ى خۆش بكات. واته ده‌بێ فێرى ئه‌ته‌كێتى رابواردن بێت له‌گه‌ڵ خه‌لیفه و سوڵتان.
ئه‌لیف وه‌ڵامی ئه‌وه‌یش ده‌داته‌وه كه سه‌رچاوه‌ى هاتنى ئه‌و كه‌نیزانه له كوێ بووه، هه‌ندێك دیارى بوون به سوڵتان ده‌به‌خشران، یان ده‌هاتنه كڕین و یاخۆ ده‌ستكه‌وت و تاڵانى شه‌ڕ بوون.
هه‌موو ئه‌وانه هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ى دواجار به هه‌زاران كیژۆڵه له چه‌ندان ره‌چه‌ڵه‌كى جیاواز بڕژێنه كۆشكه‌كانى عوسمانى.
ئیتر له‌م كۆشكه‌وه دنیا و ژیانه سه‌یره‌كه ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌وان رۆژیان به‌رناكه‌وێت بۆیه وه‌ك به‌فر سپین، راسته ده‌كه‌ونه ناو زێڕ و زیو، راسته كاریان ته‌نیا پاڵكه‌وتن و خۆڕازاندنه‌وه و سه‌ما و گۆرانى و خواردن بووه، به‌ڵام كۆى دنیاكه‌یان به‌دبه‌ختى بووه، به‌ر له هه‌موو شتێك چاره‌نووسیان نادیار بووه.
ئه‌لیف باس له‌وه ده‌كات، زۆر له كه‌نیزه‌كان له حه‌ره‌مسه‌را ئالووده‌ى ئه‌فیون ده‌بن، گوایه به‌م كاره‌یان ویستوویانه خۆیان له به‌دبه‌ختییه‌كان به‌دوور بگرن. جگه له‌مه‌یش دنیاى حه‌ره‌مسه‌را دنیایه‌كى پڕ له ململانێ بووه، سه‌رچاوه‌ى ململانێیه‌كه‌یش سوڵتان خۆی یان خاوه‌نى كه‌نیزه‌كان بووه، چونكه وه‌ك نه‌ریتێك پله‌به‌ندى بۆ پێگه‌ى كه‌نیزه‌كان كراوه، له‌وانه "كلفه" ئه‌و كه‌نیزه‌یه بووه كه كارى پاراستنى خشڵه‌كانى حه‌ره‌مسه‌را بووه، كه‌چى "گۆزده" ئه‌و كه‌نیزه‌یه بووه كه زۆر له‌لاى سوڵتان خۆشه‌ویست بووه و ناوه‌كه‌یشى به ماناى "له چاودا" دێت. به واتایه‌كى تر، سوڵتان ئه‌و كه‌نیزه‌یه‌ى وه‌ك چاوى خۆى خۆشویستووه.
هه‌روه‌ها پله‌ى "ئیقبال" هه‌بووه، بۆ ئه‌و كه‌نیزه‌یه بووه كه تازه ده‌چێته دڵى سوڵتانه‌وه و سوڵتان به‌شێوه‌یه‌كى كاتى خۆشى ویستووه.
ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ى بۆ پێگه‌ى كه‌نیزه‌كان كراوه، وایكردووه دنیایه‌كى پڕ ململانێ له حه‌ره‌مسه‌را به‌رپا بێت، ته‌نانه‌ت ژنه‌كانیان پیلانگێڕییان بۆ یه‌كتر كردووه، یه‌كتریان له‌ناو بردووه، بۆ ئه‌وه‌ى لاى سوڵتان پله‌یان به‌رز ببێته‌وه. له‌لایه‌كى تریش، ئه‌و ژنانه به‌گوێره‌ى كاریگه‌ریى خۆیان له‌سه‌ر دڵى سوڵتان، دواجار كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى عوسمانیش هه‌بووه.
هه‌موو ئه‌و دنیایه له‌لایه‌ن "سوڵتانه" دایكى سوڵتان یان هاوسه‌رى سوڵتان به‌ڕێوه براوه، ئه‌لیف باس له چه‌ندان كاره‌كته‌رى تر ده‌كات كه له دنیاى حه‌ره‌مسه‌را رۆڵیان هه‌بووه و به‌ڕێوه‌یان بردووه، له‌وانه پیاوه خه‌سێنراوه‌كان، ئه‌و پیاوانه زۆر ئه‌ركیان له حه‌ره‌مسه‌را هه‌بووه و هاوكارى ژنه‌كانیان كردووه، به‌ڵام مه‌رجى مانه‌وه‌یان له حه‌ره‌مسه‌را ئه‌وه بووه بخه‌سێنرێن و پیاوه‌تییان لێ بسه‌نرێته‌وه، چونكه دنیاى حه‌ره‌مسه‌را ته‌نیا بۆ یه‌ك پیاو دروست كراوه، ئه‌ویش خه‌لیفه یان سوڵتانه.
كاتێك سوڵتان زه‌وقى جووڵاوه چۆن ئه‌و ژنانه‌ى هه‌ڵبژاردووه؟ هه‌ڵبه‌ته هه‌ر سوڵتانێك شێوازێكى تایبه‌تى هه‌بووه، یه‌كێك له‌و سوڵتانانه شێوازێكى سه‌یرى هه‌بووه، له شوێنێكى به‌رز به نهێنى سه‌یرى حه‌وزێكى ئاوى كردووه كه له‌ناو حه‌ره‌مسه‌راكه‌ى هه‌بووه، خزمه‌تكار و كۆیله‌كان هاتوون چنگێك پاره‌یان فڕێ داوه‌ته ناو حه‌وزه‌كه و داوایان له كه‌نیزه‌كان كردووه به ڕووتى بچنه ناو حه‌وزه‌كه، پاره زێڕ و زیوه‌كه بۆ خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه، كاتێك ژنه‌كان به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، سوڵتان سه‌یریان ده‌كات و دیقه‌ت ده‌كات له‌م به‌زمه‌دا دڵى بۆ كامیان ده‌كه‌وێته خورپه، جا خزمه‌تكاره‌كانى به‌دوایدا ده‌نێرێ.
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ینه ئه‌و چیرۆكه‌ی سه‌ره‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو ئه‌و دنیا ئاڵۆزه‌ى حه‌ره‌مسه‌را بۆ چێژى سوڵتان ئاماده كراوه.
ئه‌لیف كارێكى نایابى كردووه كاتێك به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانى دنیاى حه‌ره‌مسه‌رادا ده‌چێته‌وه و په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و كۆیلایه‌تییه لا ده‌دات.