شیرین عەزیز: بە پەیكەرەكانم پەیامی ئاشتی بڵاو دەكەمەوە

:: AM:11:39:15/01/2020 ‌


شیرین عەزیز /27 ساڵ/ پەیكەرساز و خەڵكی دهۆكە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی دهۆكە و بەشی شێوەكاریی تەواو كردووە. وەك بۆ "وشە" ئاماژە دەدات، پەیكەرەكانی باس لە واقیعی كۆمەڵگەی كوردی دەكەن و دەیەوێ لە رێیانەوە پەیامی ئاشتی بڵاو بكاتەوە.
هەموو كەسێك ناتوانێ بە ماوەیەكی كەم فێری ئەم هونەرە ببێ

ئەو لە ساڵی 2012 دەستی بە پەیكەرسازی كردووە و تا ئێستە بەردەوامە. چالاكییە هونەرییەكانی لەگەڵ ناوەندی لاوان بەردەوامە و چەندان كاری خۆبەخشی بۆ منداڵە ئاوارەكان ئەنجام داوە. چەندان خولی شێوەكاریشی بۆ فێرخوازان و ئارەزوومەندانی بواری شێوەكاری لە دهۆك كردووەتەوە.

 شیرین پێی وایە دروستكردنی پەیكەر ئاسان نییە و زۆر قورسە، هەموو كەسێك ناتوانێ بە ماوەیەكی كەم فێری ئەم هونەرە ببێ. حەز و ئارەزوو لە هونەردا زۆر گرنگە و وا دەكات بە ماوەیەكی كەم ڕێچكەیەكی باشی هونەر ببڕیت، چونكە دروستكردنی پەیكەر كاتێكی زۆری دەوێت و دەبێ تا پەیكەرە تەواو دەكەیت، بەردەوام بیری لێ بكەیتەوە تا بتوانی باشترین پەیكەر دروست بكەیت.

ئەو خاتوونە بەشداریی لە 12 پێشانگەی هاوبەش كردووە، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە پێشانگەیەكی تایبەت بكاتەوە، بەنیازە لە داهاتوو پێشانگەی تایبەت بكاتەوە و هەموو پەیكەرەكانی نمایش بكات، دەیەوێ خەڵك لە ڕێی پەیكەرەكانیەوە واقیعییانە بیر بكەنەوە.

ئەو دەڵێت "هونەر بۆ من حەزێكە و هەرگیز بۆ پارە كارم نەكردووە، تەنیا بیرم لە سەركەوتنی كارەكە كردووە تا پەیامێك بە مرۆڤایەتی بگەیەنم، چونكە هەموو بەرهەمێكی هونەری پەیامێكی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە كۆتادا ئامانجم ئەوەیە زیاتر هونەرەكەم بەرەوپێش ببەم و لە كاری پەیكەرسازی و دانەبڕێم، چونكە هونەرەكەم خۆش دەوێت و لە رێی پەیكەرەكانمەوە پەیامی ئاشتی بڵاو دەكەمەوە."

وشە/ گەرمیان گلی













وشە - سلێمان تاشان