كەیهان كەلهوڕ خەڵاتێكی جیهانیی تری بردەوە

:: AM:11:01:16/01/2020 ‌

لە بەشی هونەرمەندی ساڵ، خەڵاتی گلۆبال فەستی 2020 بە كەیهان كەلهوڕ ئاوازدانەر و ژەنیاری بەناوبانگی هەردوو ئامێری سێتار و كەمانچە درا.

رێورەسمی راگەیاندنی براوەی خەڵاتەكان شەوی رابردوو لە نیویۆرك بە بێ ئامادەبوونی كەیهان كەلهوڕ راگەیەنرا. هەریەك لە تام ئیشنابێل لە بەشی كاریگەریی و لیزا ستافورد لە بەشی بەرهەمهێنان خەڵاتیان وەرگرت كە هەردووكیان ئەمەریكین.

گلۆبال فەست پێی وایە موزیك دەتوانێت پاڵنەرێكی بەهێز بێت بۆ پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك كە فرەجۆری فەرهەنگی و كولتووری دەكاتە سەرچاوەی یەكگرتوویی. 

بەگوێرەی "عەسرێ ئیران" كەیهان كەلهوڕ پێشتریش كۆمەڵێك خەڵاتی جیهانیی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی 2017 لەگەڵ گرووپی رێی ئاوریشم خەڵاتی گرامی پێ بەخشرا. ساڵی رابردووش بووە براوەی نۆزدەیەمین خەڵاتی جیهانیی هونەرمەندی ساڵ كە بە وۆمێكس ناسراوە.
كەیهان كەلهوڕ لە ساڵی 1963 لە شاری كرماشان لە دایك بووە.

كەیهان كەلهوڕ لە ساڵی 1963 لە شاری كرماشان لە دایك بووە. لە تەمەنی پێنج  ساڵییەوە دەستی بە فێربوونی موزیك كردووە و پاشان لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لەگەڵ رادیۆ و تەلەڤزیۆنی كرماشان كاری كردووە و لەگەڵ هونەرمەندانی ئەم شارە موزیكی كوردی پێشكەش كردووە.

ئەو دواتر دەچێتە تاران و لەگەڵ گرووپی موزیكی شەیدا بە سەرپەرشتی هونەرمەندی ناوداری موزیكی ئێران محەمەد رەزا لوتفی، كۆمەڵێك ئەلبوومی موزیكی سەركەوتووی بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی محەمەد رەزا شەجەریان بڵاو كردەوە.

كەیهان كەلهور لە تەمەنی 17 ساڵییەوە سەردانی وڵاتی ئیتالیای كرد و هەر لەم شارەش نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ خوێندنی لقی موزیك رووی لە وڵاتی كەنەدا كرد و لە زانكۆی كارڵتۆن ئۆتاوا لە بەشی ئاوازدانەری وەرگیرا و پڕۆژەی كۆتایی زانكۆشی ئەلبوومی "شب سكوت كویر" بە دەنگی محەمەد رەزا شەجەریان، بە موزیكی كوردەكانی كرمانجی باكوری خوراسان بوو كە یەكێكە لە بەرهەمە سەركەوتووەكانی ئەم هونەرمەندە و لە ناو گوێگرانی موزیكی ئێرانیدا جێیەكی تایبەتی هەیە. لە ئاكامدا بەم بەرهەمە بەنرخە كەلهوڕ بە پلەیەكی باش لە زانكۆكە دەرچوو.



وشە - سلێمان تاشان