ئینتفاز قەنبەر: هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە و ئەگەر كشانەوەش كاریگەری نابێت

:: PM:06:46:16/01/2020 ‌

ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی عێراقی نزیك لە واشنتن تیشك دەخاتە سەر دۆخی عێراق و ناوچەكە لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی و بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە كە مانەوە و دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا كار ناكاتە سەر پارێزگاریكردنیان لە عێراق یان بەرگریكردن لەدژی میلیشیاكان، دووپاتی دەكاتەوە بیرۆكەی گواستنەوەی ئەو هێزانە هەیە لەوانە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە كورد پشتی ئەوان دەپارێزن و بەمشێوەیەش لەناو عێراق دەمێننەوە.

گواستنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان باشترین چارەسەرییە
*كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس چ كاریگەرییەكی بۆ سەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دەبێت؟
كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران كاریگەریی گەورەی بۆ سەر باڵادەستیی ئێران لە عێراق دەبێت، رەنگە پشێوییەكیش لە عێراق بەدی بكەین بەو هۆیەی سلێمانی ساڵانێكە كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبوو و وردەكاری و پێگەی گرنگی لەناو میلیشیاكان هەبوو، بۆیە پێم وایە نەمانی سلێمانی بەو هەموو دڵسۆزییەی بۆ عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران، هەڕەشەیە بۆ ئەو رژێمە و تۆڕە تیرۆریستییەكان لە دەرەوەی ئێران.

راستە پرۆسەی تیرۆر و تۆقاندنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كۆتاییان نایەت، بەڵام پەرتەوازە و پشێوی تێ دەكەوێت، وەك بینیمان لە دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان خراپیی بەڕێوەبردن و پشێوی تێكەوت و بەئاشكرا بڕیارێكی ناشەرعی درا، ئەوە باشترین نموونەیە لەسەر ئەو پشێوییەی دروست بووە، تا ئێستە شۆكی كوژرانی سلێمانی كۆتای نەهاتووە و پێم وایە كاریگەری گەورەی دەبێت، لەوانە زەحمەتە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دیاری بكرێت و ئەگەر كەسێكیش دیاری بكەن، كاردانەوەی بەهێز لەدژی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دروست دەبێت، چونكە ئەو پەرلەمانەی ئێستە كەسێكی دژ بە خۆپێشاندەران دیاری دەكات، ئەوە بابەتەیش مەترسی بۆ ئێران و دەسەڵاتی حەشدی شەعبی هەیە.

*راستە قاسم سلێمانی بە هاوئاهەنگی ئەمەریكا و ئێران كوژراوە و وەك دەگوترێت بەوەی سەرانی ئێران زانیاریان بە ئەمەریكا داوە بۆ لەناوبردنی؟
چەند لایەنێك هاوكاریی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكایان كردووە و شوێنی قاسم سلێمانیان ئاشكرا كردووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە ئەو دووژمنێكی زۆری بۆخۆی دروست كردووە، لەوانە گەلانی عەرەبی و كورد و دنیا رقیان لێیەتی و كەسێكی نەخوازراو بوو، هەروەها بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری ئێران و سووریا عێراقیش، كەسانێك ئامادە بوون بەپارە زانیاری لەبارەوە بدەن، بەڵام ئەگەری بوونی رێككەوتنی ئەمەریكی ئێرانی بۆ لەناوبردنی سلێمانی نییە، رەنگە ئێران بانگەشەی ئەوە بكات بۆ دەرخستنی خۆی لە هەڵوێستێكی بەهێزتر، بەڵام ئەوان نەیارییەكی گەورەیان لەنێواندا هەیە، تاكە هاوئاهەنگی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران هەبووبێت، لەسەردەمی سەرۆك باراك ئۆباما بوو كە بەهاتنی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كۆتایی هات.

رەنگە ئێران زانیاری بۆ ئەمەریكا دزە پێ بكات، وەك لە مووشەكبارانكردنەكەی بنكەی عەین ئەسەد رووی دا، بۆ ئەوەی زیانی گیانی لە ریزەكانی ئەمەریكا نەكەوێتەوە و وەڵامدانەی بەهێزیان بۆ بۆردمانەكە نەبێت، ئەو لە رێگەی حكوومەتی عێراق زانیارییەكانی ئاشكرا كرد، بەڵام ئەوە مانای بوونی هاوئاهەنگی نییە لەنێوانیان ئەوان، ئەوان زانیارییەكانیان دزە پێ كرد، چونكە ترسنۆك بوون و درۆ بۆ گەلی خۆیان دەكەن، بۆیە هیچ هاوئاهەنگییەكیان لەنێواندا نەبوو.

*ئاخۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەچنە دەرەوە یان بۆ لەمەودوا بڕیاری سیاسی عێراق دوور لە ئێران هەنگاو دەنێت؟
رەنگە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بچنە دەرەوە، چونكە ئەوان لە عێراق یەك ئەركی سەرەكیان هەیە ئەویش رووبەڕووبوونەوەی داعشە، ئەگەر رابكێشرێن بۆ بابەتێكی تر وەك بەرگری لەخۆیان یان رێگەیان پێ نەدرا رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەگەری كشانەوەیان هەیە، لێرەوە گەلی كورد و عێراق دڵنیا دەكەمەوە بەوەی ئەو هێزانەی قاسم سلێمانیان كوشت یان ئەوانەی لەناو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا جێگیر كران، ئەوان هێزی مارێنز بوون و ئەو هێزانەی لە عێراق هەن، هێزی تایبەتن و ئەركی ئەوان رووبەڕووبوونەوەی داعشە نەوەك میلیشیاكان، رەنگە رووبەڕووی ئەوان ببنەوە ئەگەر هێرشیان بكرێتە سەر، بەڵام مانەوە و دەرچوونی ئەوان كار ناكاتە سەر پارێزگاریكردنی ئەمەریكا لە عێراق یان بەرگریكردن لەدژی میلیشیاكانەوە، بەپێچەوانەوە رەنگە چوونەدەرەوەی ئەمەریكا دەستی زیاتر بكاتەوە لە وەڵامدانەوەی میلیشیاكان، كە رەنگە بەهۆی بوونی ئەو هێزانە نەتوانن دەست بوەشێنن.

پێو وایە ئەو هێزانە دەمێننەوە و دووپاتیش دەكەمەوە كە كشانەوەیان كاریگەری نابێت، بیرۆكەی جیاواز هەیە وەك گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ دەوڵەتێكی نزیك یان بۆ هەرێمی كوردستان كە ماوەیەكی درێژە ئەو بابەتەم لێرە لە واشنتن باس كردووە، چونكە كورد پشتی ئەوان دەپارێزن و ئەوانیش لە دۆخێكی تەكتیكی نزیك دەبن لە ناوچەكانی داعش، ئەوە باشترین چارەسەرییە، چونكە بەوشێوەیە هەر لەناو عێراق دەمێننەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 417 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌