پێشبینی نرخی بیتكۆین تا كۆتایی 2020 راگەیەنرا

:: PM:03:24:18/01/2020 ‌

تیمێكی توێژینەوە لە بازاڕی بیتمێكس پێشبینی كردووە، نرخی هەر بیتكۆینێك لە ساڵی 2020 هیچ ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار نەكات و لە نێوان دوو هەزار تا 15 هەزار دۆلار لە هەڵبەز  و دابەزدا بێت، هەندێك پێشبینی تر هەن كە باس لە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی دەكەن، بەڵام رەت كراونەتەوە.

ئارتور هێز لە بەڕێوەبەرانی بیتمێكس گوتوویەتی نرخی بیتكۆین لەمساڵدا هەرچەندە دابەزێت، لە دوو هەزار دۆلار كەمتر نابێت و لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخەكەشی لە 15 هەزار دۆلار تێپەڕ ناكات.

پێویستە بگوترێ كەمترین نرخی بیتكۆین لە ساڵی 2019دا  بریتی بوو لە سێ هەزار و 100 دۆلار. هاوكات پێشبینی ئەوەش كراوە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەوانەیە بیتكۆین بگاتە بەرزترین نرخ. ئێستە هەر بیتكۆینێك بە هەشت هەزار و 800 دۆلار ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

بەگوێرەی "تیجارەت نیوز" پێشبینی جیاواز بۆ نرخی ئەم جۆرە دراوە هەیە كە بەرهەمهێنانی پشت بە لێكدانەوەیەكی وردی بیركاری و ژمێریاری دەبەستێت. سەرچاوەیەكی تریش پێشبینی كردووە كۆی وەبەرهێنانی بیتكۆین بگاتە یەك تریلیۆن دۆلار و لەم كاتەشدا نرخەكە بۆ 55 هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە، ئەم پێشبینییە لەلایەن زۆربەی توێژەرەكانەوە رەت كراوەتەوە.

بەرزترین نرخی ئەم دراوە لە ساڵی 2017 تۆمار كرا كە بۆ نزیكەی 20 هەزار دۆلار بەرز بووەوە.
بیتكۆین لەو جۆرە دراوانەیە كە بەردەوام لە هەڵبەز و دابەزیدایە و نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بەرزترین نرخی ئەم دراوە لە ساڵی 2017 تۆمار كرا كە بۆ نزیكەی 20 هەزار دۆلار بەرز بووەوە.

یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیتكۆین ئەوەیە بە پێچەوانەی دراوی ئاسایی، بە ئاسانی لەلایەن بانك و سیاسەتە داراییەكانی دنیا یاسای بەسەردا پێڕەو ناكرێت و ئەو وڵاتانەی لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووریدان، دەتوانن بە پشتبەستن بەو دراوە بەشێك لە پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.

یەكەم جار لە ساڵی 2008 پارەی دیجیتاڵی بیتكۆین داهێنرا كە ئەوكات نرخەكەی زۆر كەم بوو و سەرەتا سەد یەكەی ئەو دراوە بە یەك دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رووی تێكرد و پەرەی پێ درا، نرخی هەر یەكەیەك لەو دراوە بەرز بووەوە بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆلار و دواتر گەیشتە دوو هەزار و 500 دۆلار و بەرزترین نرخیشی بۆ نزیكەی 20 هەزار دۆلار هەڵكشاوە كە دواتر رووی لە دابەزین كردەوە.




وشە - سلێمان تاشان