هێزە شیعەكان سێ كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەخەنە روو

:: PM:05:30:18/01/2020 ‌

گوشاری جەماوەری لەسەر هێزە شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەزیادبوونە، بەتایبەتی كە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دووپات لە پاڵپشتیكردنی بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان دەكاتەوە، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی كردەوە كە سێ ناویان پێشكەیش كردووە و پۆستەكە یەكلا دەكرێتەوە.
عەلی شوكری زیاترین چانسی هەیە
پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق زۆری كێشا و رووداوەكانی سەرتای ئەمساڵیش دۆخەكەی بەتەواوەتی بەرەو یەكلا نەبوونەوە برد، لەوكاتەی خۆپێشاندەران ژمارەیەك كاندیدی هێزە سیاسیە شیعەكانیان بە پاساوی سەربەخۆ نەبوونیان رەت كردەوە، ئەوان تا 19ی ئەم مانگەیان بۆ دیاری كردوون وەك دوا وادە بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی سەربەخۆ و راسپاردنی و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

موختار مووسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، ئەمڕۆ شەموو رایگەیاند، سێ ناو وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پێشكەیش كراون لەوانە عەلی شوكری، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد تۆفیق عەلاوی، وەزیری پێشووتری گەیاندن و كەسایەتییەكی تری سەربازی كە ناوی نەهێنا و پێشبینی دەكرێت عەبدولوەهاب ساعیدی یان عەبدولغەنی ئەسەدی بن، دووپاتی كردەوە كە شوكری چانسی باشتری هەیە. 

لای خۆیەوە نەدا شاكر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسڕ"، روونی كردەوە، دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەخێرایی و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو یەكلا دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی هێزە سیاسییە شیعەكان لەدوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی، دووپاتی كردەوە نوێكردنەوەی متمانە بە عادل عەبدولمەهدی ئەگەرێكی دوورە، چونكە شەقام ئەو رەت دەكاتەوە.  

ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، روونی كردەوە، هێزە سیاسییە شیعەكان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی بەپێویستی دیاریكردنی كەسایەتییەك كە لەگەڵ قۆناغەكەدا بگونجێت، نەك لەگەڵ خواستی هێزە سیاسییەكان، بۆیە ئەو قۆناغە كاتییە داهاتووە لەرێگەی رێككەوتنێكی سیاسی دیاری دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بۆیە ئێستە هێزە سیاسییەكان رژدن لەسەر دیاریكردنی كەسێكی بەهێز كە قۆناغی داهاتوو بێ كێشە بەڕێوە ببات، ئەوە لەوكاتەی محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری "فەتح"، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنی سەرەتایی لەنێوان هێزە شیعەكان بۆ خستنەڕووی كەسایەتییەك لەماوەی ئەم هەفتەیە كراوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل