سەركردەیەكی گۆڕان لەسەر پێوندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:09:21:18/01/2020 ‌
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە دەكات كە هیوادارن پێوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاسایی ببێتەوە، دووپاتی كردەوە كە یەكێتی بەو سیاسەتە كار دەكات كە بەشی خۆی و هی تۆش دەخوات.
یەكێتی سیاسەتی بەشی خۆم و هیتۆش دەخۆم پێڕەو دەكات
سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەموو 18ی كانوونی دووەم، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی نازانرێ كێ دەبێتە سەرۆكی یەكێتی و ئەو كەسە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چۆن دەبێت، بۆیە ئایندەی پێوەندی نێوان بزووتنەوەكەیان و یەكێتی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، دیاریكردنی سەرۆك یان سكرتێری یەكێتی، پرسێكی ناوخۆیی حزبی خۆیانە و هیوادارین بەزوویی پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو حزبە یەكلا ببێتەوە.

زیاتر گوتی، یەكێتی تا ئێستەیش لەسەر ئەو سیاسەتە كار دەكات كە دەڵێ بەشەكەی خۆم دەخۆم و بەشی تۆش دەخۆم، هیوادارین دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرێت.

موهەندیس روونی كردەوە، یەكێتی بە سیاسەتێك بیر دەكاتەوە كە خۆی وەك حزبی دووەم دادەنێت، لەكاتێكدا ئێمە پێشتر حزبی دووەمیش بووین و هیچ خۆمان بەسەر لایەنەكانی تردا هەڵنەكێشاوە، ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، هیوای خواست بە زوویی یەكێتی سەرۆكی حزبەكەی یەكلا بكاتەوە و كاندیدی پۆستە حكومییەكان دیاری بكات.

دووپاتی كردەوە كە ئێمە و پارتی و یەكێتی سێ حزبی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێمین و پێویستە پێوەندییەكانمان زۆر باش بێت، بۆئەوەی بتوانین خزمەتی هاووڵاتییانی وڵاتەكەمان بكەین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل