لبنان.. دۆخی بەیرووت لە تەقینەوە نزیكە و وریایی لە پشێوی زیاتر دەدرێت

:: PM:10:45:18/01/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی لبنان بەرەو ئاڵۆزییەكی گەورە چوو دوای ئەوەی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە دەوروبەری پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە بەیرووت دروست بوو، لەو ناوەدا میشال عەون سەرۆكی لبنان داوای لە هێزە تەناهییەكان كرد كە دۆخەكە و گیانی خۆپێشاندەران بپارێزن.
مەترسی لەدەستدەرچوونی دۆخەكە و دروستبوونی جەنگی ناوخۆیی هەیە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو رووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە نزیك پەرلەمانی لبنان لە بەیرووتی پایەتەخت رووی دا كە ئەوان داوای پەلەكردنیان لە پێكهێنانی حكوومەت دەكرد، بەو هۆیەوە توندوتیژییەكی زۆر لەلایەن هێزە تەناهییەكان بەكار هات و بەپێی رێكخراوی مافی مرۆڤ 165 كەس لەو رووبەڕووبوونەوەیە بریندار بوونە.
میشال عەون، سەرۆكی لبنان داوای لە هێزە تەناهییەكان كرد بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و رێگرتن لە كاری پشێوی كە لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، لای خۆیەوە سەعد حەریری سەرۆك حكوومەتی كاربەڕێكەری لبنان دووپاتی كردەوە كە رێگەنادەن بەیرووت ببێتە گۆڕەپانێك بۆ بەكرێگیراوان و لێدانی خۆپێشاندانی ئاشتیانە. 

عەون داوای لە هەریەك لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە تەناهییەكان كرد بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی خۆپێشاندەران و رێگرتن لە كاری گێرەشێوێنی و پاراستنی موڵكوماڵی تایبەت و گشتی و سەپاندنی ئاسایش بەسەر بازاڕەكاندا، هاوكات حەریری ئاماژەی كرد كە دیمەنەكانی سووتاندن و تێكدانی ئەمڕۆ لە بەیرووت، بۆ لێدانی ئاشتیخوازیی خۆپێشاندانەكان و تێكدانە لە بەیرووت و سزای گەورەی دەبێت و رێگە بەوە نادەن.

لە میانی ناڕەزایەتییەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەیرووت، چەندان خێوەتی خۆیپێشاندەران ئاگریان تێبەربوو بێ ئەوەی هۆكاری ئاگركەوتنەكە بزانرێت، لەوكاتە هێزە تەناهییەكان رەتیان كردەوە ئەوان ئەو كارەیان ئەنجامدابێت. 
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل