رێگەی سەرەكیی سۆران– سیدەكان بێ هێما و رێنوێنی و تابلۆی هاتوچۆیە

:: PM:11:03:18/01/2020 ‌

رێگەی سۆران– سیدەكان، رێگەی زیاتر لە 300 گوندە و چەند ساڵێك لەمەوبەر كاری قیركردنی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بۆ كراوە، بەهۆی سەختیی رێگەكە چەند شوێنێكی روو چووە، جیا لە نەبوونی هێمای رێنوێنی و تابلۆكانی هاتوچۆ و هێڵی سپی هاتوچۆ لە رێگەكە كە كاری شوفێرانی زەحمەت كردووە.
رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل هاتوچۆی پێدا دەكات
قادر ئەحمەد، شوفێرێكە و رۆژانە لە رێگەی نێوان سۆران بۆ سیدەكان كاری تاكسی دەكات بە "وشە"ی راگەیاند، رێگەی سیدەكان لە سەردەمی رژێمی بەعس بۆ كاری سەربازی دروست كراوە و رێگەیەكی زۆر سەختە، بەهۆی سروشتی شاخاوی ناوچەكە، بەفر و تەمومژی زۆر دەیگرێتەوە، وێڕای رووچوونی رێگەكە لە چەند شوێنێكدا، هاوكات نەبوونی خەتی سپی رێگە كێشەی زۆری بۆ شوفێران دروست كردووە، لە كاتەكانی تەمومژ پەیدا دەبێت، هەندێكجار مەترێك پێش خۆمان نابینین، بۆیە ئەگەر بێت و هێڵی سپی رێگا بوونی هەبێت ئەوا ئاسانكاری زۆرمان بۆ دروست دەبێت .

بە گوتەی ئەو شوفێرە، نەبوونی ئەو هێڵە و رێنوێنییەكانی هاتوچۆ، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دروستبوونی رووداوەكانی هاتوچۆ لە رێگەكەدا، بۆیە دەخوازین حكوومەت هەموو هەوڵێك بدات بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ لەو رێگەیەدا، چونكە رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل هاتوچۆی تێدا دەكات.

رێگەی سەرەكیی سۆران- سیدەكان لە چەند شوێنێكدا روو چووە و هاووڵاتییان بە ترسەوە هاتوچۆی تێدا دەكەن و داوای چاككردنەوی بەپەلە لەلایەنی پێوەندیدار دەكەن، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانیش دەڵێت، رەزامەندی سێ رێگەی سەرەكیی ناوچەكە وەرگیراوە و نۆژەن دەكرێنەوە .

لەسەرووبەندی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرینگ چوونەتە واری جێبەجێكردن و هەڵمەتێكی فرەوانی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك ڕێگەوبانی دەرەكی لە سەرانسەری كوردستان دەستی پێ كردووە و لە دەڤەری سۆرانیش چەندین رێگەوبان كاری نۆژەنكردنەوەییان بۆ ئەنجام درا.

ئەندازیار خوسرەت سادق دری، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگەداری تێكچوونی بەشێكی رێگەی سۆران- سیدەكانین لە نزیك گوندی بادلیان و چەند ناوچەیەكی تری رێگەكە، بەهۆی زەنەگی شوێنەكە و زۆری ئاوی ژێرزەوی روو چووە یان قیڕەكەی تێك چووە و تاسە و چاڵێ‌ زۆری لێ پەیدا بووە .

بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران دەڵێت، هەرچەندە رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگەكانی سۆران- سیدەكان و هەریەك لە رێگەی كەژەك و دەشتی هێرت، بەڵام بەهۆی خراپیی كەشوهەوا ناتوانین لەو وەرزەدا دەستكاری رێگەكان بكەین .

لە بارەی نوێكردنەوەی هێڵی سپی رێگەی سەرەكیی سۆران- سیدەكان، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران دەڵێت، ئێستە نوێكردنەوە و لێدانی هێڵی سپی هیچ پێوەندی بە ئێمەوە نەماوە و كاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆیە .

لای خۆیەوە رائید دلاوەر لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ چەند گرفتێكی رێگەكانی سۆران و دەرووبەریمان چارەسەر كردووە، لە دووسایدی سیدەكانیش، 70 تابلۆ و رێنوێنی هاتوچۆمان هەڵواسیوە، لەگەڵ دانانی پێنج تاسەی یاسایی.

گوتەبێژی هاتوچۆی سۆران روونی كردەوە، بۆ رێگەی سەرەكیی سۆران- سیدەكانیش دەرخەستەمان كردووە، هەر كاتێك رەزامەندی وەزارەتی لەسەر درا، بێگومان هێڵی سپی و هێڵە ئەرزییەكانی هاتوچۆ نوێ دەكەینەوە و رێنوێنی و هەرچی پێویست بێت بۆ رێگەكە دای دەنێین .

سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانە و بە دووری 144كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، سیدەكان خاوەنی 250 گوندە و نزیكەی 20 هەزار كەس لەو شارەدێیە دەژین .

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل