نرخی خانووبەرە %16 زیادی كردووە

:: AM:10:10:19/01/2020 ‌
كۆمپانیایەكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر، رای دەگەیەنێت كە بازاڕی خانووبەرە  گەشەی كردووە. شارەزایەكی ئابووریش ڕوونی دەكاتەوە، دروستبوونی متمانەی كڕیار بە بازاڕ دوای تەنگژەی دارایی گرنگە.

لە سەرەتای ساڵی 2019 بازاڕ جووڵەی بەرەو بەرزبوونەوەی نرخ بەخۆیەوە بینی
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی كانوونی دووەم كۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو كە لە سەرەتای ساڵی 2018 بازاڕ جموجووڵی بەرچاوی هەبوو تا گەیشتە رووداوەكانی كۆتایی ساڵ، بەڵام هەر لە سەرەتای ساڵی 2019 بازاڕ جووڵەی بەرەو بەرزبوونەوەی نرخ بەخۆیەوە بینی.

حاجی سەلام كە 131 لقی كۆمپانیاكەی لە هەولێر هەیە، بە ژمارە دەستنیشانی دەكات كە رێژەی بەرزبوونەوەی نرخ لە گشت جۆرەكانی موڵك لە ساڵی 2019 بەراورد بە ساڵی 2018 نزیكەی %16یە. بەڵام زەوی كشتوكاڵی جیا كردووەتەوە لەو پۆلێنە و ئاماژەی دا "ئەو گەشەیە جگە لە بەشی كشتوكاڵی، چونكە بەشی كشتوكاڵی بەرزبوونەوەی نائاسایی بەخۆوە بینیوە بە نزیكەی %76".

سەڵاح حەمەڕەئووف پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە دوای تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك ڕووداو لە ناوچەكەدا، دروستبوونەوەی متمانەی كڕیار لە بازاڕدا گرنگە.

بەگوتەی ئابووریناسەكە كە ورد دەبێتەوە لە داكاتی كۆمپانیای حاجی سەلام و دەڵێ، بە تایبەت لە هەولێر جووڵەی بازاڕ بەشێوەیەكی گشتی باشە، ئەگەر ئەو جووڵەیە لەسەر ئاستی خانووبەرە بەرز ببێتەوە، چینەكانی تریش بووژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن وەك هەلی كار و وەبەرهێنان و پێداویستییەكانی خۆشگوزەرانی.

سەرەتای ئەم مانگە بازاڕی خانووبەرە بە تەواوی وەستا بەهۆی چڕبوونەوەی ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران، لە عێراقدا، چاوەڕوانی گرژی زیاتر دەكرا، بەڵام دۆخەكە رووی لە هێوری كردەوە.

هەرێمی كوردستان لە شوباتی 2014 تا 2018 كەوتە تەنگژەی داراییەوە بەهۆی بڕینی بودجەكەی لە بەغدا و شەڕی تیرۆر و لەخۆگرتنی ملیۆنان ئاوارە. بەڵام دوای پێكهێنانی حكوومەتی تازە لە هەرێمەكە و بەغدا، جۆرێك سەقامگیری دارایی و سیاسیی دروست بووە و ئێستە كوردستان رووی لە بووژانەوەیە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 21580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌