گووگڵ چالاكییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە

:: AM:10:50:19/01/2020 ‌

 

بڕیارە سەرەتای مانگی ئادار/مارسی داهاتوو، كۆمپانیای گووگڵ بەشێوەیەكی فەرمی بەشێك لە چالاكییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە و پەرە بە كارەكانی بدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی كانوونی دووەم، ئەندام عومەر بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تێك ئایی بۆ تەكنەلۆجیا، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە لە ڕۆژی یەكی مانگی ئاداری داهاتوو، بەشێك لە چالاكییەكانی (activity)ی كۆمپانیای گووگڵی ئەمەریكی، بەشێوەیەكی فەرمی بهێنرێتە هەرێمی كوردستان و ئێستە سەرقاڵی ئامادەكارییەكانین.

هەر چالاكییەك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە 
عومەر ڕوونی كردەوە كە هەر چالاكییەك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە و گرنگی پێ‌ دەدەن.

بەگوتەی ئەو، بەشی یەكەمی كارەكان پێكدێت لە دۆكیۆمێنتی و چالاكی جۆراوجۆر و ناساندنی خزمەتگوزارییەكانی گووگڵ، پەرەپێدان و زیادكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بە زمانی كوردی. دووپاتیشی دەكاتەوە "تەواوی چالاكی و كارەكان بێ بەرانبەرە و بەشداریكردن بۆ هەموو كەسێك هەر بێ بەرانبەرە".

"بەڵام بەشی دووەمی كارەكان كە خزمەتگوزارییەكانن، بە پارەیە و تایبەت بە كۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەكان دەبێت" عومەر وا دەڵێ.

گووگڵ یەكێكە لە ماڵپەڕە بەناوبانگەكانی دنیا كە ڕۆژانە دەیان ملیۆن كەس سەردانی دەكەن و سوود لە خزمەتگوزارییەكانی وەردەگرن، ئەو وڵاتانەی بە پلەی یەكەم گووگڵ بەكار دێنن، بریتین لە ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەلجیكا، بەرازیل، كەنەدا، دانیمارك، فڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیتالیا، مەكسیك، ئیسپانیا، سوید، سویسرا و ئەمەریكا.


 



وشە - رامیار جەواد