راپۆرتێك: هەشت ملیۆن عێراقی لەژێر هیڵی هەژاریدا دەژین

:: PM:04:05:19/01/2020 ‌

لەوكاتەی دیارترین دروشمی خۆپێشاندانەكانی عێراق بریتییە لە "نیشتمانمان دەوێ"، لێرە و لەوێ راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەژاری و گەندەڵی دوو هۆكاری سەرەكیی خۆپێشاندانەكانی عێراقن، وەك راپۆرتێكی "فرانس پرێس"، ئاماژەی بۆ دەكات.  
بێمتمانەیی و شكستخواردوویی و گەندەڵی سیاسەتوانان دۆخەكەی تەقاندەوە
لای هەمووان ئاشكرایە كە خۆپێشاندانەكانی عێراق سەرەتا بەهۆی خراپیی دۆخی بژێوی و خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی پارتەكانی دەسەڵات لە عێراق دەستی پێ كرد، بەڵام دوای سەركوتكردنیان بەزەبری هێز و گوێ نەگرتن بۆ داواكارییەكانیان، خۆپێشاندەران بەدروشمێكی نوێ هاتنەوە سەر شەقام و داوای بنیاتنانی نیشتمان و گۆڕینی تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.

لە راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فڕەنسا كە ئەمڕۆ یەكشەم بڵاو كراوەتەوە هاتووە، سەرەڕای ئەوەی عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو رێكخراوی ئۆپێك، كەچی یەكێك لە پێنج هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هەژارن و رێژەی بێكاریش لەنێوان گەنجان گەیشتووەتە چواریەك، وەك بانكی نێودەوڵەتی باسی دەكات. 

راپۆرتەكە روونی دەكاتەوە، ئەوەی خۆپێشاندەرانی هێنایە سەر شەقام لە عێراق هەژاری بوو كە پێچەوانەی دۆخی دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیایە بە نەوت، لەوكاتەی بێزاری خەڵكەكەی و سەختی بژێویان بە نەبوونی متمانەیان بە سیاسەتوانانی عێراق دەبەستنەوە كە بە شكستخواردوو لە نەهێشتنی گەندەڵی تۆمەتباریان دەكەن.

زیاتر گوتی، خۆپێشاندەران ئەو بێكارییە زۆرەی هەیە بۆ واسیتە و بەرتیلدان و لاگیریی خزمایەتی و حزبی لەبری توانست دەگەڕێننەوە، بۆیە ئەوان رەگوڕیشەی كێشەكە بۆ ئەو چینە سیاسییە دەگەڕێننەوە كە خەریكی بەدەستهێنانی پارە و دڵسۆزین بۆ وڵاتانی ناوچەكە زیاتر لە گرنگیدانیان بە باشكردنی دۆخی وڵات و بژێوی خەڵك.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە عێراق لە پلەی 12مین دێت لە گەندەڵترین وڵاتانی دنیا، كاتێك لێكۆڵینەوەیەكی حكوومەت باسی دیارنەمانی 450 ملیار دۆلار دەكات لە سامانی گشتی لە 2003ەوە بەهۆی گرێبەستی وەهمی و دزی و مووچەی بندیوارەكانەوە، لای خۆیەوە مووسا خەلەف مامۆستای زانكۆ دەڵێت، خراپیی دۆخی ئابووری عێراقییەكان هۆكاری سەرەكیی خۆپێشاندانەكانە، لەوكاتەی هەشت ملیۆنیان لەژێر هیڵی هەژاریدا دەژین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل