پەرلەمانی عێراق نەیتوانی دانیشتنی ئاسایی ساز بكات

:: PM:04:30:19/01/2020 ‌

بڕیار بوو ئەمڕۆ یەكشەم پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی، نەیتوانی دانیشتن ساز بكات و دانیشتنەكە بووە راوێژكاری. 
ئەندامانی كورد و سوننە و نیوەی ئەندامانی شیعە ئامادە نەبوون
سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان و ئامادەبوونی تەنیا 74 ئەندام، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئەمڕۆی كردە راوێژكاری و راگۆڕینەوە.

بەپێی سەرچاوەكە پەرلەمانتارانی كورد و سوننە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون كە بڕیار بوو سەعات یەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بێتە سازكردن، لەوكاتەی نیوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی شیعە ئەوانیش ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون.  

پێشتر فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بڵاو كردەوە كە خوێندنەوە و دەنگدانی لەسەر شەش یاسا و پڕۆژە لەخۆ گرتبوو لەوانە، دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای دەستەی عێراق بۆ پشتبەستن و یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری و یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆرشی هەڵوەشاوە و یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەی سێیەم هەمواری یاسای كۆلێجی ئیمام ئەعزەم و یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای ناوەندی پلاندانانی شارستانی و هەرێمی. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل