عێراق.. شارەكانی باشوور بەرەو یاخیبوون و پشێوی دەچن

:: PM:05:13:19/01/2020 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم دوا وادەی ناسڕیە بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی سەرۆك وەزیران لەسەر خواست و بەپێی مەرجی ئەوان كۆتایی دێت، ئەوان سوورن لەسەر چوونە ناو پەرەسەندنێكی بێوێنەی دۆخەكە و وادەی ئەوان سبەی دووشەمە. 
وادەی خۆپێشاندەران بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت كۆتایی دێت
ئەمڕۆ لە دوا رۆژی وادەكەیان خۆپێشاندەران لە بەغدا و شارە جیاجیاكانی شیعە دەستیان بە جموجۆڵ و گوشارخستنە سەر حكوومەت كرد، لە شاری نەجەف خۆپێشاندەران شەقامەكانیان داخست، لەوانەش رێگە بەرەو فڕۆكەخانەی شارەكە، لە بەغدا و لە گۆڕەپانی تەیەڕان هەشت خۆپێشاندەر بریندار بوون لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان دوای داخستنی گۆڕەپانەكە و رێگەی خێرای محەمەد قاسم بەتەواوەتی، ئەوەش وەك ناڕەزایەتی لەبەرانبەر بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گولە لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە، هەر لە بەغدا رێپێوانێكی قوتابیان بەرەو گۆڕەپانی تەحریر ساز كرا.

لە پارێزگای دیوانییە هێزە تەناهییەكان چوونە ناو حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەسازییەوە كاتێك خۆپێشاندەران لە پارێزگای زیقاڕ رێگە سەرەكییەكان و چەند پردێكیان داخست، لە كەربەلا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رووی دا كە گولەی راستەقینە و گازی فرمێسكڕێژ بەكار هات و ژمارەیەك خۆپێشاندەر بریندار بوون و ژمارەیەكیشیان گیران.

لە دیوانییە لە نزیك تەلاری بەڕێوەبەرایەتی بەرووبوومەكانی نەوتی، ژمارەیەك چەكداران بەجلی مەدەنی تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و دەستدرێژیان كردە سەریان و ئەوانیش دەرگەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان داخست.

سبەی وادەی ناسڕییە بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی شیعە كۆتایی دێت و پێ ناچێت ئەوان بتوانن كاندیدێكی قبووڵكراو لەلایەن جەماوەر و مەرجەعیەت پێشكەیش بكەن، لەمڕۆوە هێزە تەناهییەكانی زۆرینەی پارێزگاكانی باشوور و بەغدایش خۆیان ساز داوە و چوونەتە ناو دۆخی ئەوپەڕی ئامادەسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك كە چاوەڕوانی پەرەسەندنێكی مەترسیداری دۆخەكە دەكرێت.

سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕە پلانێكی توندی تەناهی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك رای گەیاند كە ئەندامانی لە هەموو شەقام و ناوچەكانی بەڕە بڵاو كردووەتەوە و لایەنی هەواڵگری ئەكتیڤتر كردووە، جیا لە پاراستنی دامەزراوە گرنگەكان وەك فەرمانگەكانی حكوومەت و بانك و دامەزراوەكانی نەوتی، ئەوە لەوكاتەی هێزە تەناهییەكانی دیوانییە كە سەرچاوەی هەڕەشەكەیە، كەوتوونەتە ناو ئەوپەڕی ئامادەسازی بۆ سبەی كە خۆپێشاندەران لە بەرەبەیانییەكەی دەست پێ دەكەن.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل