ئێران: سندووقە رەشەكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە نادەینەوە كییڤ

:: PM:05:54:19/01/2020 ‌

دوێنێ بەرپرسانی ئێران رایان گەیاند كە سندووقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانییەكە دەدەنەوە ئۆكرانیا، ئەمڕۆ ئەو بەرپرسەی ئێران كە سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكان لە رووداوی تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە دەكات، دووپاتی كردەوە كە پلانی ئەوەیان نییە.
ئێران ترسی لە ئاشكرابوونی زانیارییەكانی سندووقی رەشی فڕكە ئۆكرانییەكە هەیە
لە سەرەتای ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ مووشەكبارانكردنی ئێران بۆ بنكەی عەین ئەسەدی ئەمەریكا لە عێراق، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئۆكرانیا بە 176 سەنشینەوە بە ئاسمانی تاران هاتە تێكشكان، دوای چەند رۆژێك ئێران دانی بەوەدا نا كە رووداوەكە بەهەڵە بێ مەبەست لە رێگەی مووشەكێكی سوپای پاسدارانەوە رووی داوە.

ئەمڕۆ ئاژانسی  هەواڵی "ئێرنا"ی فەرمیی ئێرانی لە حەسەن رەزایی بەرپرسی لێكۆڵینەوەكانی لە تێكشكانی فڕۆكەكەی گواستەوە بەوەی هەردوو سندووقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانییە تێكشكاوەكە لە دەستی ئێرانە و ئەوان پلانیان نییە رەوانەی دەرەوەیان بكەن، زیاتر گوتی، ئێران كار بۆ پشكنینی تۆماری زانیارییەكانی گەشتەكە و هۆڵی فڕۆكەوانان دەكات و رەنگە سندووقەكان رەوانەی فڕەنسا یان ئۆكرانیا بكات، بەڵام تا ئێستە بڕیارمان نەداوە.  

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نیوچە فەرمی ئێرانی رڵاوی كردەوە كە سندووقەكان رەوانەی ئۆكرانیا دەكرێت و لەوێ شارەزایانی فڕەنسی و كەنەدایی یارمەتی شیكردنەوەی زانیارییەكان دەدەن، لەوكاتەی ئەو سندووقانە زیانیان بەر كەوتووە، بەڵام كەڵكی بەكارهێنانیان ماوە.

چاودێران پێیان وایە رەنگە ئێران لەوە بترسێت كە وردەكاریی نوێ لە رووداوەكە ئاشكرا ببێت و ئەوەش وا دەكات دوودڵ بێت لە رادەستكردنی سندووقەكان. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل