باشترین رۆژنامەکانی دنیا بناسە

:: PM:07:54:19/01/2020 ‌
ناتوانن یەکسەر بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، کام میدیایە باشترینە، ڕەنگە وا باشتر بێت پۆلێن بکرێن لە ڕووی جۆری ئەو بابەتانەی ڕووماڵی دەکەن، لەگەڵ ئەوەیشدا کاتێک باسی میدیا دەکرێ، زیاتر هزرمان بۆ ئەوانە دەڕوات کە بایەخ بە هەواڵی سیاسی و ئابووری و ڕووداوەکانی ڕۆژ دەدەن.
لەناو ئەو میدیایانەی پێوەستن بە هەواڵەوە، دیسان بەپێی شێوازی بڵاوبوونەوە و ئاڕاستە و شوێنەکەی دەگۆڕێن. لێرەدا کۆمەڵێ میدیای جیهانی دەخەینە ڕوو کە بەلای گەورە ڕۆژنامەنووسانی دنیاوە باشترینن، بەهۆی ئەو متمانەیەی بە خوێنەریان داوە و ئەو هاوسەنگی و پابەندبوونەیان بە ئیتیکی میدیاییەوە گرتوویاننەتە بەر.

ساڵی ڕابردوو، بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، یەکێک بوو لە ساڵە مێژووییەکانی تەمەنی کە بۆ ماوەی 133 ساڵە کار دەکات. هۆکارەکەیشی ڕووماڵی چەند بابەتێکی گرنگ بوو بە شێوەیەکی تایبەت و دەستکەوتنی هەندێ زانیاری کە لای میدیاکانی تر نەبوون، بەتایبەتی بابەتی کوشتنی جەمال خاشوگچی، ئەو پیاوە سعوودیەی لەناو باڵوێزخانەی سعوودیە لە ئیستانبووڵ کوژرا و ئەوان پێش هەموو شوێنێک ئاشکرایان کرد و دواتریش هەر ئەوان وردەکارییەکانیان بڵاو دەکردەوە.

دروشمی ڕۆژنامەکە هەر لە ساڵی 1877 کە دامەزراوە تا ئێستە نەگۆڕاوە و بریتییە لە "دیموکراتی لە تاریکیدا دەمرێ" مەبەستی لەوەیە، ئەوان وەک ئەمەریکا کە بانگەشەی دیموکراتی دەکەن، دەبێ لەڕێی ڕۆژنامەوه ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێ هەرچەند تاڵیش بێت، بۆ ئەوەی دیموکراتیی ڕاستی بەرپا بێت.
ڕۆژنامەکە ئێستە جیف بیزۆز دامەزرێنەری ئەمازۆن خاوەنییەتی، بە ئەلیکترۆنی لەسەر ئاستی ئەمەریکا  پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەیە، دوای تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن”  و ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز”. ژمارەی سەردانی ڕۆژانەی دەگاتە 90 ملیۆن و لە دەرەوەی ئەمەریکاش 30 ملیۆن. بە ڕۆژنامەنووس و مارکیتین و هەموو ئەو بەشانەی هەیەتی، دوو ملیۆن کەس دەبن. ساڵانەش داهاتەکەی 100 ملیۆن دۆلارە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هاوشانی واشنتن پۆست، توانییان پێکەوە ساڵی پار ئابڕووچوونی "وۆترجیت" ئاشکرا بکەن، هەروەها بەشێکیش بوو لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە نەبیستراوەکان لەسەر خاشوگچی. وێڕای ئەوەی ساڵی پار واشنتن پۆست پێشەنگی لێ گرت، بەڵام بەگشتی لە کۆی تەمەنی ئەم ڕۆژنامەیە کە لە 1851 دەستی پێ کردووە، زۆرتر لە لووتکەدا بووە. لەسەر ئاستی ئەمەریکاش بینەری لەڕووی ئەلیکترۆنییەوە دووەمە و ڕاستەوخۆ دوای تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن" دێت.

نیویۆرک تایمز، زیاتر لە هەر ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی، سەبارەت بە بابەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکە ڕاپۆرت و شیکردنەوەی هەیە، بەتایبەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا و هەمیشە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری لە شوێنی ڕووداوەکانی ئەو ناوچانە هەیە.
ڕۆژنامەکە پشکدارییە و لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیاوە خاوندارێتیی دەکرێ، بەڵام لەوەتەی دروست بووە، خانەوادەی سۆلزیبێرگ پشکی سەرەکییان تێیدا هەیە، هەروەها کارلۆس سەلیم گەورە سەرمایەداری مەکسیکی، یەکێکە لە پشکدارە کۆنەکانیان.
لە گۆڕینی ڕۆژنامەی چاپکراوەوە بۆ ئەلیکترۆنی، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، یەکەم ڕۆژنامە بوو ئەو ڕێگەیەی گرتە بەر و توانی ڕێژەیەکی زۆری بەشداربوو بۆخۆی ڕابکێشێت. تەنیا ساڵی پار چوار ملیۆن بەشداربووی هەبووە کە 700 ملیۆن دۆلاریان قازانج پێ گەیاندووە. کۆی داهاتەکەشی دەگاتە ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار.

بەهێزترین ڕۆژنامەی ئابووری و کارگێڕییە لە دنیادا. زۆرترین نووسەر و ڕیپۆرتەری هەیە و پێشبینییە ئابوورییەکانی ڕۆژنامەنووسانی فاینانشاڵ تایمز بڵاوی دەکەنەوە، بۆ سەرمایەداران جێی بایەخن. لە ساڵی 1888 دامەزراوە و بە ڕۆژنامە پەیەمییەکە ناسراوە، چونکە لە ساڵی 1892 بڕیاری دا ڕەنگی ڕۆژنامەکە بکاتە پەمبە، لەو کاتەوە تا ئێستە هەر بەو ڕەنگەیە.

"فاينانشال تايمز": بريطانيا دخلت إلى عالم جديد تحفوه المخاطر


ئەم ڕۆژنامە بەریتانییە، لەناو خوێنەری ئەو وڵاتە ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرێ و بە ڕۆژنامەیەکی بەئەخلاق ناوی دەبەن، چونکە بابەتە ئابوورییەکانی لە بەرژەوەندیی خەڵکە و هەمیشە کاریگەریی خستووەتە سەر سیاسەت و حکوومەت تا بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خەڵکی ڕەچاو بکات.
کۆمپانیای "نیکی"ـی ژاپۆنی، ساڵی 2015 بووە خاوەنی ڕۆژنامەکە، ئەگەرچی ئەمە ناڕەزایەتیی خوێنەرانی دروست کرد، چونکە کۆمپانیاکە موحافزکاری ژاپۆنین، وێڕای ئەوەیش ساڵی پار، توانی یەک ملیۆن بەشداربووی ئەلیکترۆنی بۆخۆی پەیدا بکات.

"نە سەر بەملا نە سەر بەولا" ئەمە دروشمی ئەم ڕۆژنامە بەریتانییەیە کە هەر لەوێدا دیارە دەیەوێ بڵێ ئەوان دژایەتی و دۆستایەتیی هیچ یەکێک لە چەپڕۆ و ڕاستڕۆکانی وڵاتەکەیان ناکەن، بەڵکو ناوەندیان گرتووە و هەر لە ساڵی 1843 کاتێک لە لەندەن دەرچوو، زۆر بە سادەیی بانگەشەی لیبرالییەتی دەکرد و لەنێو دێڕەکاندا ڕەنگی دابووەوە و هەر زوو هانی وڵات و خەڵکی دەدا بەرەو بازرگانیی کراوە و عەولەمە بڕۆن.


دوای 175 ساڵ لە بانگەشەی لیبرالییەت، ئەو ڕۆژنامەیە ساڵی پار بەیاننامەی بەناوی لیبرالییەتی نوێ بڵاو کردەوە و تێیدا داوا دەکات لیبرالییەتێک بۆ خەڵکی بێتە ئاراوە، دوور لە لیبرالییەتی نوخبە.


ڕۆژنامەی گاردیان، بە یەکێک لە کۆنترین بڵاوکراوەکانی هەموو دنیا هەژمار دەکرێت، مێژووی دەستپێکردنەکەی بۆ ساڵی 1821 دەگەڕێتەوە. ڕۆژنامەکە بە هاوبەشیی لەگەڵ ماڵپەڕی "ویکیلیکس" لە ساڵی 2011 جارێکی تر بووژانەوەی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی دۆکیۆمێنتەکانی باڵوێزخانە ئەمەریکییەکانیان بڵاو کردەوە و هەرایەکی زۆریان لەسەر ئاستێکی فراوان دروست کرد. هەروەها توانی ئاشکرای بکات کە لەلایەن ئەمەریکا چاودێری بەسەر تەلەفۆنە کەسییەکانەوە دەکرێت.
وەک چۆن ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بە تەواوی لیبرالییە، ئەم ڕۆژنامەیەش بە تەواوی چەپە، بۆیە لەماوەی ساڵانی درێژی تەمەنیاندا، لە شەڕێکی ئایدۆلۆجیی گەورەدان کە ئامانجەکەش سیاسییە و هەریەک دەیەوێ ڕەوتی خۆی پێش بخات.

بەناوبانگترین ڕۆژنامەی ئەڵمانیایە و یەکێکە لە ڕۆژنامە پڕفرۆشەکان لەسەر ئاستی هەموو ئەوروپا، ساڵی 1947 دامەزراوە، بۆ یەکەم جاریش ساڵی 1994  ڤێرژنی ئەلیکترۆنی بڵاو کردەوە. ئەلیکترۆنییەکەی بە ئینگلیزیش بڵاو دەبێتەوە و زیاتر لەسەر ئاستی هەموو دنیا ڕووماڵ دەکات، بەڵام چڕییەکەی هەر بۆ ئەوروپا و ئەڵمانیایە.
ڕۆژنامەکە بەهۆی ڕیپۆرتەرێکییەوە، تووشی ئابڕووچوونێکی گەورە بوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە چیرۆکی تراجیدیی سەرنجڕاکێشی بڵاو کردەوە و ناوبانگێکی گەورەی لەسەر پەیدا کرد، دواتر ئاشکرا بوو هەموویان خەیاڵن و هیچی ڕووداوی ڕاستەقینە نین. ئەمەیش ناچاری کردن داوای لێبوردن لە خوێنەرانیان بکەن.

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فڕەنسی، بە تەواوی زمانحاڵی وڵاتەکەیە، ئەمەیش تایبەتمەندیی میدیای ئەو وڵاتەیە. لە ساڵی 1944 لەسەر داوای جەنەڕاڵ شارل دیگۆل دامەزراوە و ناوبانگێکی گەورەی لەسەر ئاستی دنیا هەیە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زۆر بە فراوانی لەسەر بابەتکانی هەموو دنیا گفتوگۆ دەکات و شیکاریی وردی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. 
وێڕای ئەو ناوە گەورەیەی هەیەتی، نەیتوانیوە لە ڕکابەریی داراییدا وەک ڕۆژنامە ئەمەریکی و بەریتانییەکان جێی خۆی بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ساڵی 2010 بەهۆی کەڵەکەبووی ئەو قەرزانەی لەسەری بوون کە گەیشتبووە 100 ملیۆن دۆلار، خەریک بوو بە تەواوی دای بخەن، بەڵام دواتر سێ سەرمایەداری دژە دەسەڵات کڕییان و جارێکی تر ناوبانگی بۆ گەڕایەوە.



وشە - كوردۆ شابان