خۆپێشاندەران دۆخەكە بەرەو پەرەسەندن دەبەن و سەدریش داوای هێوربوونەوە دەكات

:: PM:09:31:19/01/2020 ‌

لەوكاتەی خۆپێشاندەرانی عێراق سووربوونیان لەسەر پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە دووپات دەكەنەوە و ئەوان چەندان رێوشوێنیان راگەیاندووە كە لە بەرەبەیانی سبەیەوەی ئەنجامی دەدەن، موقتەدا سەدر كە تا ئێستە نەیتوانیوە جڵەوی خۆپێشاندانەكان بگرێتە دەست، داوای هێوربوونەوە دەكات. 
دۆخی عێراق بەرەو ئەو خاڵە دەچێت كەس ناتوانێت بەڕێوەی ببات
سبەی وادەی ناسڕییە كۆتایی دێت كە خۆپێشاندەران بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكانیان دیاری كردووە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ و دوور لە حزبەكان كە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و لێكۆڵینەوەش لە كوشتن و رفاندنی خۆپێشاندەران بكات.

لە پارێزگای زیقاڕ هێزە تەناهییەكان ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەسازیان راگەیاند، ئەوەش پێش چەند سەعاتێك لە كۆتاهاتنی وادەی ناسڕییە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كە تا ئێستە بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزەكانی شیعە و هێزە دەرەكییەكان نەتوانراوە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، هاوكات لە بەسڕە هێزە تەناهییەكان بەچڕی لە شەقام و پرد و فەرمانگە و دامەزراوە نەوتییەكان بڵاو بوونەتەوە و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە.

لەوكاتەی رووبەرووبوونەوە لە بەغدا لەنێوان خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەیەڕان و شەقامی خێرای محەمەد قاسم بەردەوامە و هەواڵەكانی باسی 27 بریندار لە ریزی خۆپێشاندەران دەكەن كە توانوویانە رێگەكە دابخەن، لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن لە موسەنا دەست كرا بە ئامادەسازی دەست پێكردنی هەنگاوەكانی پەرەسەندنی دۆخەكە لەدژی حكوومەت بۆ سبەی دووشەم كە مانگرتنی سەرانسەری و پەككخستنی دەوام و داخستنی رێگەوبانەكان دەگرێتەوە.

پارێزگاری دیوانییە رای گەیاند كە سبەی دووشەم پشووی فەرمییە لەو پارێزگایە كە چاوەڕوان دەكرێت رووبەڕووبوونەوەیەكی توند رووبدات، خۆپێشاندەرانی دیوانییەش بڕیاریان داوە سبەی دەست بەچەند هەنگاوێكی پەرەسەندن بكەن لەوانە داخستنی رێگەوبانەكان لەنێوان دیوانییە و پارێزگاكانی تر لە سەعات پێنجی بەرەبەیانەوە تا كاتێكی نادیار و داخستنی پێنج دەروازەی سەنتەری پارێزگاكە و ئەنجامدانی مانگرتنی سەرانسەری فەرمانبەر و قوتابیان و قوتابخانە و زانكۆكان. 

ئینتسار مووسەوی، پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە رۆژانی داهاتوو لە دۆخی عێراق سەخت دەبێت و تا ئێستە هێزە سیاسییەكان نەیانتوانیوە رێكبەكەون و رژد بن لە پێشكەیشكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاوكات خۆپێشاندانی ملیۆنی موقتەدا سەدریش بەڕێگەوەیە، بۆیە كێشەكە ئەوەیە ئەوكەسەی دیاری دەكرێت دەتوانێت ئەو دۆخە سەختە بەڕێوە ببات. 

لای خۆیەوە موقتەدا سەدر كە هەفتەی رابردوو بانگەشەی بۆ خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لە هەینی داهاتوو كرد و گرووپەكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران پاڵپشتیان لێی كرد، ئەمڕۆ لە تویتێك بە نائومێدییەوە ئاماژەی بۆ دۆخەكە كرد.

سەدر رای گەیاند كە رێز لە بڕیاری پەرەسەندنی خۆپێشاندەران دەگرم و هیوام وایە پابەندی شێوازی ئاشتیانە بن و  وڵات نەخەنە ناو جەنگێكی ناوخۆییەوە، هاوكات رێز لە بڕیاری حكوومەت دەگرم لە رووبەڕووبوونەوەی خراپەكاران و پێویستە حەشدی شەعبی بەشداری رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران نەبن كە زیان بە ناوبانگیان دەگەیەنێت و دووپات لە پەلەكردن لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكەمەوە.     





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 9311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌