نیو ملیۆن به‌كارهێنه‌ری ئینته‌رنێت هاككران

:: AM:01:55:20/01/2020 ‌

ڕاپۆرته‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌م دواییه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی هاككردن ئه‌نجام دراوه‌ و هاككه‌رزان توانیویانه‌ داتا و زانیارییه‌ تایبه‌ته‌كانی زیاتر له‌ 515 هه‌زار به‌شداربووی ئینته‌رنێت بدزن و سوودی لێ وه‌ربگرن.

میدیاكانی ته‌كنه‌لۆجیا زانیارییان له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ گه‌وره‌ییه‌ی هاككردن بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویانه‌، كه‌ هاككه‌رزان توانیویانه‌ شوێن و وشه‌ی نهێنی ئیمه‌یل و هه‌ژماری تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی ژیانی ئه‌و به‌كارهێنه‌رانه‌ كه‌ له‌ ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌كاریان هێناوه‌ بۆ خۆیان بدزن.

پسپۆرانی ئاسایشی ته‌كنه‌لۆجیا ده‌ڵێن، ڕێی گه‌یشتن به‌ داتا و زانیاریی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت، به‌هۆی ئامێری راوتر و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ئامێره‌ زیره‌كه‌كان بووه‌ و هاككه‌رزان به‌ سوود وه‌رگرتن له‌و كه‌لێنانه‌ توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر زانیاری ئه‌و 515 هه‌زار كه‌سه‌ بگرن.

هۆكارێكی تری سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌هۆی ئه‌پلیكه‌یشینی "تێلنێت" بووه‌ كه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی داونلۆدی سه‌ر مۆبایله‌ زیره‌كه‌كانیان كردووه‌ و هاككه‌رزانیش به‌ ئاسانی توانیویانه‌ له‌ ڕێی ئه‌م ئه‌پلیكه‌یشنه‌وه‌ بچنه‌ ناو داتا و زانیارییه‌كانیان.

ئه‌مه‌ به‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی هاككردن و دزینی تایبه‌تمه‌ندی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت به‌ گشتی دێ، پێشتریش له‌ 2017 له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێك هاككه‌رزان توانیان زیاتر له‌ 33 هه‌زار به‌شداربووی ئینته‌رنێت بكه‌نه‌ قوربانی و سه‌رجه‌م داتا و زانیارییه‌كانیان لێ بردوون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌