"سه‌رپۆشه شڕه‌كه‌ی دایكم "*"
ده‌سبه‌رداری سه‌رم نابێ و
ئه‌ڵێ: من هی داپیرهتم
ڕه‌نگه ئه‌ویش له داپیره‌ی خۆیه‌وه بۆی به‌جێ مابێ
سه‌ریشم په‌نجه‌ره‌ی تاقبازی به‌ره‌و ئاسمانه
حه‌ز ئه‌كا ڕۆژان میوانداری هه‌تاو بكات
شه‌وانیش مانگ و ئه‌ستێره
چاویلكه‌یه‌كی قه‌ترانیش له دایكم بۆ ماوه‌ته‌وه
ئه‌ڵێ: دنیا هه‌ر ئه‌مه‌یه تۆ ئه‌یبینی
له‌گه‌ڵ هه‌ر گرمه‌ی هه‌ورێكا، قارچكی سه‌د پرسیاری
دووپات و تازه‌ش
له چاوانما ههڵهتۆقێت...
زۆرترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كه‌مان شیعره، سه‌ره‌تا هه‌ر له‌سه‌ر عه‌رووزی عه‌ره‌بی نووسراون و به كێش و سه‌رواوه به‌ستراون. به‌ره‌به‌ره ناسینی ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی تری دنیا و گۆڕینی ڕوانگه‌ی شاعیران بووه‌ته هانده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی شیعر له‌و شێوازی كلاسیكه بێته ده‌ره‌وه و به‌ره‌و نوێبوون هه‌نگاو بنێ. له‌باره‌ی شیعری نوێى كوردیش، زۆر كه‌س پێیان وایه پیره‌مێرد و شیخ نووری شێخ ساڵح پێش گۆران هه‌وڵیان داوه بۆ نوێكردنه‌وه، به‌ڵام خاوه‌نی رێباز و رێچكه‌یه‌كی تایبه‌ت نه‌بوونه به‌خۆیان.
گۆران بنچینه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی دانا و له سۆنگه‌ى تێگه‌یشتن و قووڵبوون و خوێندنه‌وه و زانینه‌وه كه‌وته داهێنان و تا ئێسته‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دنیای شیعری كوردی هه‌ر ماوه. گرنگیی گۆرانیش له‌وه‌دایه یه‌كه‌م شاعیری نوێخوازی كورده كه شێوازی عه‌رووزیی عه‌ره‌بی له شیعری كوردیدا لابردووه و به‌شێوازی فولكلۆری كوردی هۆنراوه‌ی نووسیوه.
شیعری كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له پاش مامۆستایان "ئه‌ده‌ب و وه‌فایی" وه‌ك نوێنه‌ری شیعری كۆنی كلاسیك، مامۆستا "سه‌یفولقوزات" به كاریگه‌ریی له دۆخی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا ده‌ژیا، له رووی فكرییه‌وه ڕوانینێكی تری هێنایه ناو شیعره‌وه، كه زۆرتر رۆڵى له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رگریی ده‌گێڕا و به جۆرێك ده‌توانین "سه‌یفولقوزات" به جڵه‌وداری شیعری به‌رگری دابنێن. له پاش ئه‌ویش له هه‌لومه‌رجێكی سیاسیی تایبه‌تدا مامۆستایان "حه‌قیقی، هێمن، هه‌ژار، خاڵه‌مین، ئاوات و.. هتد"، دێنه مه‌یدانه‌وه و درێژه‌ده‌ری رێی سه‌یفولقوزات ده‌بن و شاعیرانێكی به‌توانا و ناوداریان لێ ده‌رده‌چێ. پاشان ره‌وتی نوێخوازی شیعری فارسی له ئێران ده‌كه‌وێته جموجووڵ و كوردستانیش لێی بێبه‌ری نابێ تا "سواره ئیلخانیزاده و فاتیحی شێخولئیسلامی و عه‌لی حه‌سه‌نیانی و ژیلا حوسێنى و.."، ده‌بنه سه‌رده‌مداری شیعری نوێی كوردی له رۆژهه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر گۆران به باوكی شیعری نوێی كوردی بێته ئه‌ژمار، ئه‌وه سواره‌ى ئیلخانیزاده باوكی شیعری نوێی رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه، "ژیلا حوسێنى"یش پێشه‌نگى ژنه شاعیره نوێخوازه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه و یه‌ك له سێكوچكه‌ی جوانه‌مه‌رگی شیعری نوێیه له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه پێكهاتووه له هه‌رسێ شاعیرى جوانه‌مه‌رگ (سواره‌ى ئیلیخانیزاده و مارف ئاغایی و ژیلا حوسێنى). ئه‌وه‌ى زیاتر جێى شانازییه، ژیلاى جوانه‌مه‌رگ شیعرى كوردی له قۆناغێكه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ قۆناغێكى نوێ، به‌لام به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌وداى نه‌دا به‌رده‌وام بێت له كاروانه‌كه‌ی.
ژیلا حوسێنی له ٢٢ی ئه‌یلوولی ١٩٦٤ له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینی سه‌ربه شێخانی دۆزه‌غه‌ره له دایك بووه، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا له ساڵى 1978به‌دواوه به ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه زۆر زوو تێكه‌ڵ به ژیانی هاوسه‌رگیرى و ماڵداری ده‌بێت"**" سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش به‌رده‌وام له كۆڕ و كۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بی و فهرههنگییهكاندا رۆڵى به‌رچاو ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له ئه‌نجوومه‌نه‌كانی شاری سنه و سه‌قز. دوایه‌مین چالاكی خۆى له شاری سه‌قز به وتارێكی ئه‌ده‌بی و توێژینه‌وه‌یه‌ك له كۆنگره‌ی مه‌وله‌وی كورددا به‌شداری چالاكانه‌ی هه‌بووه، بۆ كۆنگره‌ی فه‌رزانه‌گان كه له شاری سنه به‌ڕێوه چوو، به‌ناونیشانى (روانگه‌ی نوێخوازییانهی سواره‌ی ئیلخانیزاده). به‌داخه‌وه له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی سیمیناره‌كه جێی "ژیلا" به‌گوڵ نه‌خشێنرابوو، وتاره‌كه‌ى ژیلاش له‌لایه‌ن "كولسوومی عوسمان پوور"ى هاوڕێیه‌وه پێشكه‌شى ئاماده‌بووان كرا.
ئه‌م ژنه شاعیره‌ی شاری سه‌قز له رۆژی 27/9/1996 هاوڕێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه ده‌یانویست بچنه شاری تاران بۆ بینینی شاعیر شێركۆ بێكه‌س** له‌ڕێدا تووشی رووداوى وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێل ده‌بن و ژیلای شاعیر له ته‌مه‌نى ٣٢ ساڵی و له‌گه‌ڵ كچه ته‌مه‌ن كورته‌كه‌ی به‌ناوی "ژینا" گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌م كۆسته‌ى ناوادهیهى ژیلا، گه‌لی كورد به‌گشتی و شاری سه‌قز به‌تایبه‌تی ژنه شاعیرێكی بوێر و چاونه‌ترسی بواری ئه‌ده‌ب و گه‌شه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له ده‌ست چوو. هه‌واڵی مه‌رگی ژیلا حوسێنی سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ده‌زگه‌ی راگه‌یاندنێكی ئه‌وتۆ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه‌چى زوو به‌وڵاتدا بڵاو بووه‌وه و شاری سه‌قز سیخناخ بوو له ئاپۆراى ئاشقانی شیعر و ئهمهكدارهكانی ژیلا له پرسه‌ی ئه‌و شاعیره، ته‌رمی ژیلا و كچۆڵهكهیان له گۆڕستانی دۆزه‌غه‌ره له رۆژهه‌ڵاتی شاری سه‌قزدا له ته‌نیشت باب و باپیرانی به‌خاك سپارد.
شێركۆ بێكه‌س بۆ كۆچى دوایى ژیلا حوسێنى هۆنراوه‌یه‌كى درێژى نووسیوه
یه‌كه‌م به‌رهه‌می ده‌ستنووسی ژیلا حوسێنی، چیرۆكی "بربادرفته”یه كه به‌زمانی فارسی نووسیویه‌تی. سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی ١984 و ١985 له به‌شی كوردیی رادیۆ سنه له به‌رنامه‌یه‌كدا به‌ناوی "ئێمه و گوێگره‌كان" ده‌ستی به‌كار كرد، زۆر به‌جوانی شاره‌زای هه‌موو به‌یته كوردی و ئاشنای زۆربه‌ی شیعر و شێوازی شیعری شاعیرانی كورد بووه، بۆ هه‌میشه شانازیی پێوه ده‌كردن و له‌و بواره‌یشدا قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خسته‌گه‌ڕ و گه‌لێك به‌رهه‌می به‌نرخی له دووتۆیی كتێبدا پێشكه‌ش به‌دنیاى وێژه و ئه‌ده‌بی كوردی كردووه، ئه‌وانه‌ش بریتین له دیوانه شیعری "گه‌شه‌ی ئه‌وین"، یه‌كه‌م به‌رهه‌می شاعیر. له ساڵی ١٩٩٥دا چاپ كرا. دیوانه شیعر و چه‌ند چیرۆكێك به ناوی "قه‌ڵای ڕاز" له ساڵی ١٩٩٩ پاش مه‌رگی چاپ كراوه و له سێ به‌ش پێكهاتووه:
به‌شی یه‌كه‌م: پاشماوه‌ی شیعره كوردییهكانیهتى.
به‌شی دووه‌م: هه‌ڵبژێراوی كورتیله چیرۆكه كوردییهكانیهتى.
به‌شی سێیه‌م: كۆمه‌ڵه شیعرێكی ژیلا به‌زمانی فارسی كه خۆی ناوی ”باران”ی له‌سه‌ر داناون.
وه‌رگێڕانی چیرۆكی "ته‌له‌بی مه‌عریفه‌ت" له نووسینی سادقی هیدایه‌ت كه له گۆڤاری راماندا له هه‌ولێر بڵاو بووه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی ڕۆمانی "دزیره" له فارسییه‌وه بۆ كوردی.
كۆمه‌ڵه وتارێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ.
كۆمه‌ڵه شیعرێك بۆ منداڵان له دووتۆیى كتێبێكدا به‌ناونیشانى "چه‌تر" له‌م ساڵانه‌ى دوایی له شارى هه‌ولێر چاپ و په‌خش كرا .
شێركۆ بێكه‌س بۆ كۆچى دوایى ژیلا حوسێنى هۆنراوه‌یه‌كى درێژى نووسیوه به‌ناونیشانى "ژیلا" و ئه‌مه‌ش به‌شێك له هۆنراوه‌كه‌یه.
هاوار.. هاوار
ئه‌رێ نازانن له كوێیه؟!
ئه‌رێ توخوا نه‌تاندیوه؟!
لهملهكانی " شاهۆ "وه
په‌رییه‌كی قژ نارنجیی
نیوه‌ی شه‌و و نیوه‌ی هه‌تاو
په‌رییه‌كی شیعری "حافز"
نیوه‌ی گوڵ و نیوه‌ی ته‌رزه
كچی ته‌م و كچی باران
هات.. داگه‌ڕا و
گه‌یشته لام و پێی وتم:
- من خۆم دیومه "ژیلا " بووه به شهتاوێ
له‌و كاوانه و "ژیلا " بووه به چنوورێ له‌و كهژانه و
"ژیلا" بووه بهماسییهكی باڵداری ناو "زرێبار"
من خۆم دیومه. ئێسته ئه‌و له‌ناو ههورایه و
له‌سه‌ر كورسییه‌كی به‌رزی ئه‌رخه‌وانی دانیشتووه و
به گزنگ شیعر ئه‌نووسێ و كراسێكی ئاودامانی
مانگه‌شه‌وی له‌به‌ردایه
سه‌رچاوه‌كان:
به‌رهه‌مه چاپكراوهكانى ژیلا حوسێنى.
شێركۆ بێكه‌س- دیوانه شیعری نسێ."".
3. سواره ئیلخانیزاده پێشه‌نگی شیعری نوێی كوردی، نووسینى "ئه‌رسه‌لان چه‌له‌بی" ئاسۆى رۆژهه‌ڵات 7/2/2018.
*شیعرى ژیلا حوسێنییه.
** به پێچه‌وانه‌ى ژیلا، زۆربه‌ى ژنه شاعیر و هونه‌رمه‌نده‌كانى كورد كاتێ هاوسه‌رگیریى ده‌كه‌ن، له دنیاى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دوور ده‌كه‌ونه‌وه.
وشه / كه‌ركووك ـ ستار جه‌بارى