لووتكەی بەرلین ئەردۆغان تووڕە دەكات

:: AM:10:03:20/01/2020 ‌
شەوی رابردوو كۆتا بە كارەكانی لووتكەی بەرلین هات، وڵاتانی بەشدار كۆك بوون لەسەر نەناردنی چەك و هێز بۆ لیبیا و چارەسەری كێشەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەردۆغان پلانی ناردنی شەش هەزار چەكداری بۆ لیبیا هەیە. 

درەنگانی شەوی رابردوو لووتكەی بەرلین لەسەر دۆخی لیبیا، كۆتا بە كارەكانی هات و لە بەیاننامەی كۆتاییدا هاتووە، نابێ چیتر چەك رەوانەی لیبیا بكرێت، دەبێ دامەزراوە نەوتییەكان پارێزراو بن و هەوڵ بدرێت بۆ دامەزراندنی هێزێكی سەربازی یەكگرتووی لیبی. 

دەبێت دامەزراوە نەوتییەكان پارێزراو بن و هێزەكانیش یەكبخرێن بۆ پێكهێنانی هێزێكی سەربازی یەكگرتوو


لایەنە بەشدارەكانی لووتكەی بەرلین، پێشوازییان لە كەمبوونەوەی توندوتیژی لە لیبیا و دانوستانی مۆسكۆ و هەموو دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەكانیان كرد بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ، هاوكات داوایان لە لایەنە بەشدارەكان كرد هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ بەردەوامی ئاگربەست و كەمكردنەوەی ئاستی بەرەنگاربوونەوە و وەستانی شەڕ بەشێوەیەكی هەمیشەیی. 

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، رۆڵ بە نەتەوە یەكگرتووەكان بدرێت تا پشتگیریی لە پرۆسەی سیاسیی گشتگیر بكات لە نێوان لایەنە لیبیاییەكان، هەموویشیان پابەندی تەواوی خۆیان بە رێزگرتن لە جێبەجێكردنی نەناردنی چەك بۆ لیبیا دەربڕی.

ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رای گەیاند، بە جیا لەگەڵ فایز سەڕاج و خەلیفە حەفتەر كۆبوونەوەیان كردووە، هەرچەندە لە بەرنامەی لووتكەی بەرلین نەبوو ئەوان دیداری راستەوخۆیان هەبێت، چونكە هێشتا ناكۆكی نێوانیان گەورەیە و ئامادە نین بەیەكەوە قسە بكەن. وەك مێركڵ دەڵێ "پلانێكی گشتگیر بۆ دۆخی لیبیا دادەنێین".

بڕیارەكانی لووتكەی بەرلین، تەواو پێچەوانەی ویستی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیایە، لەوكاتەی پێش لووتكەكە ژمارەیەك چەكداری میلیشیای سووری لە رێی توركیاوە رەوانەی لیبیا كردووە و لە پلانیدایە ژمارەی چەكدارەكان لە دوو هەزار و 400ـەوە بەرز بكاتەوە بۆ شەش هەزار. 
بەڵام بڕیارەكانی لووتكەی بەرلین پێچەوانەی بەرژەوەندیی توركیایە لەو رووەوە، بۆیە ئەردۆغان بەشداری خوانەكەی نەكرد و راستەوخۆ گەڕایەوە توركیا.


وشە - فه‌رمان سادق