حكوومەت: یاسای خانەنشینی چارەسەری 40%ـی بێكاری دەكات

دەنگدانی پەرلەمانتارانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتوو
:: AM:10:20:20/01/2020 ‌
دواجار پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای خانەنشینی كرد كە لەلایەن حكوومەتەوە رەوانە كرابوو. راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیران رای دەگەیەنێت كە "بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە رێژەی 40%ـی بێكاری كەم دەبێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەم 20ی كانوونی دووەم، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق، رای گەیاند، یاسای چاكسازی نوێ كە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دراوە، دوو خاڵی زۆر گرنگی تێدایە، بەڵام یەكێكیان زیانبەخشە. بەگوتەی ئەو "زیانبەخشەكە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینییە لە 63 ساڵی بۆ 60، بەهۆیەوە گورزێكی كوشندە لە فەرمانبەرانی شارەزا دەدات لە فەرمانگەكانی دەوڵەت، بەڵام بەم رێیە دەتوانین چارەسەری 40%ـی رێژەی بێكاری لە وڵات بكەین.

حەوت ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق هەیە


بە گوێرەی داتا فەرمییەكان، لە عێراقدا زیاتر لە حەوت ملیۆن مووچەخۆر هەن، چوار ملیۆنیان فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەستن و سێ ملیۆنەكەی تریش خانەنشینن كە مووچە لە حكوومەت وەردەگرن.

پەرلەمانی عێراق، هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (9)ـی خانەنشینی یەكگرتوویان كرد كە ساڵی 2014 پەسەن كرابوو، بە جۆرێك دەستكاری كراوە تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵی بۆ 60 ساڵی كەم دەكاتەوە، ئەمەش بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ گەنجانی بێكار.

ئەو یاسایە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش خواستی لەسەرە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان هەفتەی رابردوو دەنگی بە یاسای چاكسازی دا بێ ئەوەی پەسندی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بكات لە هەرێمی كوردستان.

مەزهەر محەمەد ساڵح زیاتر گوتی، "یاسا نوێیەكە دەبێتە رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری تا ئاستی 40% بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو". بەڵام هەر خۆی دەڵێ، چارەسەری بێكاری بەم رێیە ناكرێت، بەڵكو پێویستە حكوومەت گەرەنتی بەوانە بدات كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، تا روو لە كەرتی حكوومی نەكەن".


وشە - فه‌رمان سادق