بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، لەبارەی خۆراكی ئۆنلاین، هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و داوا دەكات "نەیكڕن".
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی كانوونی دووەم، سەید هێمن موراد بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری بازرگانی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر خۆراكێك لە بازاڕەكاندا هەبێت، بێگومان لەڕێی خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانەوە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و پشكنینیان بۆ كراوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بە دوور بگرن لە كڕینی خۆراكی ئۆنلاین.
هاووڵاتی خۆی هۆشیار بێت لەوەی هەر بەرهەمێك دەكڕێت
سەید لەگەڵ ئەوەی دەڵێ ئێمە چاودێریی بازاڕە ئۆنلاینەكانیش دەكەین. بەڵام ئەوەش دەخاتە ڕوو كە پێویستە هاووڵاتی خۆی هۆشیار بێت لەوەی هەر بەرهەمێك دەكڕێت، گرنگ مێژووی دروستكردن و بەسەرچوونی بەسەرەوە بێت و تەندروست بێت.
ئەم هۆشدارییە لە كاتێكدا ئاسانترین رێی ساختەكردنی ماوە بەسەرچوون لە كوردستان پێڕەو دەكرێت و بۆ هەموو جۆرە كەرەستەیەك بە دەرمانیشەوە، ئەو یارییە بە چارەنووسی هاووڵاتییان دەكرێت.
ماوەی چەند مانگێگە لە ڕێگەی بازاڕی ئۆنلاین بانگەشە بۆ فرۆشتنی گۆشت و بەرهەمەكانی شیر دەكرێت، لە كاتێكدا بەپێی ڕێنونی تیمەكانی پاراستنی تەندروستی و لیژنەكانی چاودێری بازاڕ، "بەشێك لەو بەرهەمانە نابێت چەند ڕۆژێك زیاتر بمێننەوە و خراپ دەبن، هاوكات دەبێت لە ژێر چاودێری و لە شوێنی تایبەت هەڵبگیرێن" بۆ ئەوەی دوور بن لە ڤایرۆسە گوازراوەكان.
بازاڕی ئۆنلاین شەپۆلێكی جیهانییە و پرۆسەكە لە رێی گەیاندنەوە جێبەجێ دەكرێت و شوێنی دیاریكراوی نییە، بەڵام لە كوردستان هەندێك كات كێشەی لێ دەكەوێتەوە، بەهۆی ئەوەی یاسا رێكی نەخستووە و بزنسێكی تازەیە.