ژمارەیەك وەبەرهێنەری كورد دەدرێنە دادگا

:: AM:11:30:20/01/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك وەبەرهێنانیان داوەتە دادگا كە سەرپێچییان لە كارەكانیاندا كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی كانوونی دووەم/یەنایەر، عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2004 تا كۆتایی 2019، مۆڵەتی 327 پڕۆژەی جۆراوجۆرمان داوە، بە سەرمایەی 23 ملیار و 94 ملیۆن و 250 هەزار دینار.

سەعید ئەوەیشی دركاند كە بەهۆی تەواو نەكردن و سەرپێچییەوە، لە كۆی ئەو پڕۆژانە مۆڵەتی 37 پڕۆژە هەڵوەشاونەتەوە، هەندێكیان دراونەتە كەسانی تر و هەندێكیشیان دراونەتە دادگا.

هەندێكیان دراونەتە كەسانی تر و هەندێكیشیان دراونەتە دادگا
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەوەیشی خستە ڕوو كە  لەمەودوا كار بۆ ئەوە دەكەن پڕۆژەكانیان بەپێی پلان بێت و بتوانن پلانی چوار ساڵەی حكوومەتی هەرێم جێبەجێ بكەن. وەك ئەو گوتی "دواتر پلانی 10 ساڵە جێبەجێ دەكەبن كە ماستەرپلان بۆ كۆی پڕۆژەكان دادەنرێت".

"هەموو پشتگیرییەكمان بۆ وەبەرهێنەر كردووە تا كارەكانیان بكەن و بەردەوام دەبین" سەعید وای گوت. وەك ئاماژەیەك بۆ یاسای وەبەرهێنان كە زەوی بێ بەرانبەر بە پرۆژە دەدات و چەند ساڵێكیش لە باج و گومرگ دەیبەخشن.

پێشتر دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دابوو كە هەر پڕۆژەیەك تا دوا مانگی 2019 كاری تێدا نەكرێت، لە وەبەرهێنەر وەردەگیرێتەوە.

كەرتی وەبەرهێنانی كوردستان لە رابردوو رووبەڕووی رەخنە كرایەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لە نیشتەجێبووندا خۆی بینییەوە، ئەویش هەژاری هەرێمەكەی نەكردە ئامانج، بۆیە حكوومەتی هەرێم لە كابینەی نۆدا روانگەی بۆ وەبەرهێنان دەگۆڕێت و بڕیارە لە داهاتوودا ئەو بوارانە رابگەیەنن كە دەكرێنەوە بۆ وەبەرهێنان، نەك هەر وەبەرهێنەرێك زەوی ویست پێی بدرێت.



وشە - رامیار جەواد