دۆخی بەغدا ئاڵۆزە رەشبگیری دەستی پێ كردووە

رێگەی سەرەكی محەمەد قاسم- بەغدا.. ئەمڕۆ بەیانی
:: AM:11:44:20/01/2020 ‌
شەوی رابردوو لە بەغدا و شارەكانی باشوور، هێزەكانی دەوڵەت رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و كوژراو و بریندار هەن. عادل عەبدولمەهدی هەڵمەتی گرتنی خۆپێشاندەرانی راگەیاند و لە زۆرینەی پارێزگاكانیش بەهۆی مەترسی رووداوی لەناكاو، پشووی فەرمی راگەیەنرا.

شەوی رابردوو لە بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق، لە یەك كاتدا هەوڵی گرتنی رێ سەرەكییەكان درا، بەڵام ئەو هەوڵەی خۆپێشاندەران بە توندی لەلایەن هێزە تەناهییەكان بەرپەرچ درانەوە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سۆشیال میدیا و كەناڵە عێراقییەكان بڵاو كراونەتەوە، تا ئێستە دوو خۆپێشاندەر كوژراون و زیاتر لە 50ـی تریش بریندارن و ژمارەیەكی زۆریش گیراون. 

كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و روانگەی عێراقی كە چاودێری گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان دەكەن، تا ئێستە هیچ راگەیەنراوێكیان نییە لەسەر رووداوەكانی شەوی رابردوو كە چەند خۆپێشاندەر كوژراون و چەند بریندار هەن و چەندیش گیراون.

شەوی رابردوو دوو خۆپێشاندەر كوژراوە و زیاتر لە 50ـی تریش بریندارە و ژمارەی گیراوانیش نەزانراوە


بەغدا.. كوژراو بریندار هەیە
تەنیا لە گۆڕەپانی تەیڕان بەهۆی رووداوەكانی شەوی رابردوو، خۆپێشاندەرێك كوژرا و 37ـی تریش بە گازی فرمێسكڕێژ بریندار بوون.

هەر لە بەغدا هێزە تەناهییەكان بە فیشەك رووبەڕووی خۆپێشاندەرانی چوارڕیانی گەیلانی بوونەوە، هاوكات بۆ كردنەوەی رێی سەرەكی محەمەد قاسم لە بەغدا، هێزە تەناهییەكان چەكیان لە دژی خۆپێشاندەران بەكار هێنا.

ئێستە لە بەغدا خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەیڕان، سنەك، كۆماری، تەحریر و خەلانی، بەردەمە، ئەمڕۆیش دووبارە رێی سەرەكی محەمەد قاسمیان داخستەوە.

ناسرییە.. عەشایەر چوونە پاڵ خۆپێشاندەران
لە ناسرییە /ناوەندی پارێزگای زیقار/ ئەمڕۆ دووشەم كراوە بە پشوو، هاوكات شەوی رابردوو خۆپێشاندەران پردی نەسر و سەرجەم رێی نێوان شارۆكە و شارەدێیەكانیان داخست.

عەشایەری زیقار پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران راگەیاند و لە گۆڕەپانی حەبووبی چوونە ریزی خۆپێشاندەران، هاوكات هەوڵی تیرۆركردنی "نەهاوەند تركی و هاوسەری" كە یەكێكە لە چالاكانی خۆپێشاندانەكانی ناسرییە، لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراو شكستی هێنا.

بەسرە.. رێگەی سەرەكی بەندەرەكان داخران
خۆپێشاندەران لە بەسرە رێگی چوون بەرەو بەندەری خور و ئوم قەسرییان داخست، هاوكات لوئەی حلفی چالاكی مەدەنی لەو شارە، شەوی رابردوو لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراو كوژرا. ژمارەیەك خۆپێشاندەریش لەلایەن هێزەكانی پۆلیس گیران، لەوكاتەی لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی پۆلیس گردبوونەوە و داوای ئازادكردنی گیراوەكانیان دەكرد. 

دوای رووداوەكانی شەوی رابردوو، خۆپێشاندەرانی بەسرە ئەمڕۆ رایان گەیاند كە خۆیان بۆ گرژی و توندوتیژی ئامادە كردووە.

ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە كە پێشتر خۆپێشاندەران رەتیان كردەوە كاندید بكرێت بۆ سەرۆك وەزیران، شەوی رابردوو هەڕەشەی ئەوەی كرد كە رێ بە خۆپێشاندەران نادات رێیەكان دابخەن و مانگرتن رابگەیەنن.

لەلایەكی ترەوە، لە نەجەف، كەربەلا، دیوانییە، میسان، بەسرە، واست، بابل و زۆر شاری تری باشووری عێراق، ئەمڕۆ دووشەم كراوە بە پشوو، بەڵام حكوومەت رەتی دەكاتەوە لە بەغدا پشووی فەرمی بێت.

هەر لە كەربەلا شەوی رابردوو جەواد عادل چالاكی مەدەنی گیرا. بەگوێرەی راگەیەنراوەكان، زۆر لە رێ سەرەكییەكانی نێوان پارێزگاكان گیراون.

عەبدولمەهدی بڕیاری گرتنی خۆپێشاندەرانی دەركرد
بەیانی ئەمڕۆ گوتەبێژی عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، رای گەیاند، عەبدولمەهدی فەرمانی كردووە هەموو ئەو كەسانە بگرن كە رێیەكان دادەخەن. داوا لە خۆپێشاندەرانیش كرد  بگەڕێنەوە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان كە بۆیان دابین كراوە.

لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی پێشێكارییەكان بەرانبەر بە مافی مرۆڤ و خۆپێشاندەران راگەیاند، داوای لە حكوومەت كرد پەلە بكات لە چاكسازی. 

ئاڵۆزبوونی رووداوەكانی عێراق لە دوێنێوە، پێش خۆپێشاندانە ملیۆنییەكەی هەینی داهاتوو كە سەدر بانگەشەی بۆ دەكات، بە مەبەستی دروشمدان دژی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، زۆر گومانی لای چاودێران دروست كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق