وەزیری بەرگریی سووریا سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن قاسم سلێمانییەوە ئاشکرا دەکات

:: PM:01:16:20/01/2020 ‌
وەزیری بەرگریی ڕژێمی ئەسەد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەبارەی هاوکارییەکانی قاسم سلیمانی بۆ ئەسەد دەدوێ و دان بەوەدا دەنێت کە لەگەڵ قاسم سلێمانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دیمەشق و حومسیان کردووە.
بۆ سەرکوتی ناڕازییان و هێشتنەوەی ئەسەد چووەتە دیمەشق
 
ئەمڕۆ دووشەم 20ی کانوونی دووەم/یەنایەر، ماڵپەڕی "رادیۆ فەردا" کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی دەکرێت، ڕای گەیاندووە، عەلی عەبدوڵا ئەیوب، وەزیری بەرگری ڕژێمی ئەسەد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کردووە، لەگەڵ قاسم سلیمانی پلانی ئۆپەراسیۆنێکیان لە هاوینی ساڵی 2010 لە حومسی سوریا داڕشتووە.
 
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی داوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە کاتێک لە حومس بەڕێوە چووە کە نە بەرەی نوسرە و نە داعش، هیچیان لە سووریا نەبوون و تەنیا خۆپیشاندانی جەماوەری لەو شارەدا بووە.
 
ئێران بە فەرمی چەندان جار بوونی هێزەکانی لە سووریا بۆ شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش و گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان گەڕاندووەتەوە.
 
حوسێن هەمەدانی، یەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران کە لە شەڕی سووریا کوژرا، دانی بەوە نابوو کە ئەوان بۆ سەرکوتی ناڕازییان و هێشتنەوەی ئەسەد چوونەتە دیمەشق.
 
لە گرتەیەکی دەنگیدا کە لەلایەن هەواڵگری ئەمەریکا بڵاو کرایەوە، هەمەدانی بە وەزیری بەرگریی ڕژێمی ئەسەد دەڵێ، ئێمە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ئەزموونێکی زۆرمان هەیە و ئەو ئەزموونەمان لە سەرکوتی بزوتنەوەی سەوز بەدەست هێناوە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لەکاتێکدایە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپیکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی دەڵێ، خەڵکی مەدەنی سووریا و لبنان و یەمەن و عێراق دڵخۆشن بۆ لەنابردنی تیرۆریستێکی وەک قاسم سلێمانی.


وشە - هیدایه‌ت جان