ئەحمەد مەشهەدانی: شیعە بەرژەوەندیی خۆیان پێش نیشتمان خستووە

:: PM:04:17:20/01/2020 ‌
پەرلەمان دەچێتە پشووی زستانە و فەتح و سائیروون هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەمەش لە كاتێكدایە خۆپێشاندەران ئارامیان نەماوە و دواكەوتنی بودجەش خەریكە ئابووری عێراق ئیفلیج دەكات. پەرلەمانتارێك دەڵێ، تۆپەكە لە گۆڕەپانی حزبە شیعەكانە و ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان پێش نیشتمان خستووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی كانوونی دووەم، ئەحمەد مەشهەدانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی قەراری عێراقی ئاماژەی بەوەدا كە ناكۆكی توند لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و سائیروون هەیە لەسەر دەستنیشان كردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، پێشێلكردنی دەستووریش بەردەوامی هەیە، بۆیە پێویستە لیستە سیاسییەكان و پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار بەرپرسیاریەتی ئەوە هەڵگرن كە لە عێراق روودەدات، چونكە بوونی ئەو ناكۆكییانە هۆكارێكە لەوەی لە شەقام روودەدات كە رۆژانە خەڵك دەكوژرێن.

مەشهەدانی بۆ "وشە" گوتی "پێویستە سەرۆك وەزیرانێك دەستنیشان بكرێت كە مشتوڕی لەسەر نەبێت و شەقام پێی رازی بێت، ئەركی ئەو سەرۆك وەزیرانە تێپەڕاندنی بودجە و دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەگەر سەرۆك وەزیرانیش دەستنیشان نەكرێت ئەوا دەبێت پەرلەمان پەلە بكات لە دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەخت، چیتر دۆخی عێراق لەوە زیاتر هەڵناگرێت".

تۆپەكە لە گۆڕەپانی سائیروون و فەتح دایە یان عێراق بەرەو كەناری ئارامی دەبەن یانیش هەڵوەشانەوە


قسەكانی مەشهەدانی لە كاتێكدایە 51 رۆژ بەسەر دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی تێپەڕی كردووە، هێشتا لایەنە شیعەكان كۆك نین لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی قەراری عێراقی هێما بۆ ئەوە دەكات كە لیستە شیعەكان بەرژەوەندی حزبی خۆیان لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانییەوە دەبینن، دەڵێ، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تەسكی حزبی رێگرە لەوەی لەسەر كاندیدێك نەگەن بە رێككەوتن، ئەمەشە وایكردووە ناكۆكییەكان بەردوام بن كە لە بنەڕەتدا هەوڵەكان بۆ هێشتنەوەی بەرژەوەندی حزبییە نەك نیشتمان.

112 رۆژ بەسەر خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشوور تێدەپەڕێت، خۆپێشاندەران حەوت مەرجیان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ هەیە، مەرجەعیەتی سیستانیش پشتگیرییان دەكات و پەرلەمانی عێراقیش رۆژی چوارشەم دوا كۆبوونەوەی وەرزی زستانە ئەنجامدەدات و دەچێتە پشووی زستانە بۆ ماوەی 45 رۆژ.

مەشهەدانی پێی وایە عێراق بەرەو دوو ریانێك هەنگاو دەنێت و لەسەر لێواری هەڵوەشانەوەش دایە، یان دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ بۆ دڵنیایی دان بە شەقام و دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت، یانیش لێدان لە خۆپێشاندەران و ناڕازییەكان و تێكدانی هەرچی ماوە لە بەناو دەوڵەتی عێراق لە رێگەی دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ پێكهێنان حكوومەتی كە مشتومڕی زۆری لەسەر بێت و لەلایەن شەقام و مەرجەعییەتیش قبوڵ كراو نەبێت.

زیاتر گوتی "16 ساڵەی بنیادنانی وڵات لە دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای پێكهاتەكان، ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی بە ئەمڕۆ گەیاندووە، ئەوە رێگرە لەوەی پەرلەمان نەتوانێت داوا لە سەرۆك كۆمار بكات و سەرۆك كۆماریش نەتوانێت كەسێك دەستنیشان بكات و بەرپرسیاریەتییەكەش هەڵگرێت".

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح دایە بۆ ئەوەی كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەسەر بنەمای مەرجەكانی شەقام و مەرجەعیەتی سیستانی، لە ماوەی نزیكی داهاتووشدا ئەو كەسەی دەستنیشانی دەكەن روون دەبێتەوە كە عێراق بەرەو كەناری ئارامی دەبات یان بەرەو هەڵوەشاندنەوە و چارەنووسێكی نادیار.



وشە - فه‌رمان سادق