نرخی نەوتی ماڵان دابەزی

:: PM:11:58:20/01/2020 ‌
دوای ئەوەی حکوومەت لە بەشی زۆری ناوچەکان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی ماڵانکرد، ئێسته‌ نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە لە بازاڕەکاندا و نەوت فڕۆشێک دەڵێت، هەرکات نەوت بدرێت نرخەکەی دادەبەزێت.

ئەمڕۆ دووشه‌م 20ى كانوونى دووه‌م، محەمەد حسێن، نەوتفڕۆش لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێش سێ هەفتە نرخی نەوت لە بازاڕدا زۆر بەرز ببوو، هاوکات خواستێکی زۆری لەسەر بوو ڕۆژانە نەوتێکی زۆرمان دەفڕۆشت و بەردەوام هاووڵاتییان داوای نەوتیان دەکرد و ئێمەیش بۆمان دەبردن.

زیاتر گوتى، دوای ئەوەی لە بەشی زۆری ناوچەکان دەست بەدابەشکردنی نەوتکرا و هاووڵاتییان سوودمەند بوون لە وەرگرتنی نەوتی حکوومی بەنرخێکی کەم بۆ یەک بەرمیل، ئەمە وایکرد نرخی نەوت لە بازاڕ زۆر دابەزێت بەراورد بە مانگی ڕابردوو کە بۆ بەرمیلێک بڕی10 بۆ 15 هەزار دینار دابەزیووه‌.

باسی لەوەیشکرد، خواست لەسەر کڕینی نەوت لە لایەن هاووڵاتییانەوە بەرەو کەمی دەڕوات و وەک پێشتر خواست لەسەر نەوت نییە، لەلایەک بەهۆی دابەشکردنی نەوت، لە لایەکی تریش هاووڵاتییان کاتێ نەوتی حکوومی وەربگرن، خواست لەسەر نەوتی بازاڕ کەم دەکات.

ئێسته‌ نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕدا بە 123 هەزار دینارە و گواستنەوە بۆ هاووڵاتییان بێ بەرانبەرە، لە کاتێکدا نرخی نەوت مانگی ڕابردوو بە 135 هەزار دینار بوو بۆ یەک بەرمیل.

لە هەفتەی ڕابردووەوە دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە بەشی زۆری شارۆکە و شارەدێکان دەستی پێکردووە و لە سنووری پاریزگای هەڵەبجەیش دەست بە دابەشکردن دەکرێت و نرخی یەک بەرمیل 46 هەزار دینارە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران