پاش کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی داعش، سەرچاوەیەکی هەواڵگری ناوی جێگرەوەکەی ئاشکرا دەکات، بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکی دەڵێ: ئەو ناوە خوازراوە و بوونی نییە.
ئەمڕۆ سێشەم 21ی كانوونی دووەم، رۆژنامەی
گاردیانی بەریتانی ئاشكرای كرد، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی گرووپی تیرۆریستی داعش و یەكێك لە تیرۆریستە عەقیدەییەكانی ئەو رێكخراوەیە، لە جێی ئەبوبەكر بەغدادی كراوە بە خەلیفەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
ئەبو ئیبراهیم موالی پێشتر پێوەندی لەگەڵ قاعیدە هەبووە و یەكێك بووە لە تیۆریست و سەركردەكانی داعش
بەپێی راپۆرتەكەی گاردیان بێت، ئەبو ئیبراهیم ناوی راستەقینەی ئەمیر محەمەد عەبدولڕەحمان موالی سەلبییە، بەڵام ئەو ناوە بەلای شارەزایان و پسپۆڕانی كاروباری گرووپە تیرۆریستییەكان، هیچ جێی سەرنج نییە و تا ئاستێك بەشێك لەوان پێیان وایە ناوێكی خوازراوە، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی دەڵێ، ئەبو ئیبراهیم بە تەواوی ناوێكی بزرە.
رۆژنامە بەریتانیاییەكە لە زاری چەند بەرپرسێكی دەزگای هەواڵگرییەوە بێ ئاماژەدان بە ناوەكانیان، دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەبو ئیبراهیم لە جێی ئەبوبەكر بەغدادی كراوە بە خەلیفەی داعش، پێشتریش ئەبو ئیبراهیم یەكێك بووە لە سەركردە باڵاكانی داعش و یەكێكیش بووە لە تیرۆریستەكانی.
ئەبو ئیبراهیم لە بنەڕەتدا توركمانی عێراقە و دەرچووی زانكۆی مووسڵە، دوای 2003 رۆڵی هەبووە لە هەڵمەتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان لە 2014دا، بەمەش دەبێتە یەكێك لە سەركردەكانی داعش كە عەرەب نەبێت.
ئەبوبەكر بەغدادی لە 26ـی ئۆكتۆبەری 2019 لە هێرشێكی سوپای ئەمەریكا بە هاوكاریی هەسەدە لە باكوری رۆژئاوای سووریا كوژرا، بۆ رۆژی دواتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی كوژرانی بەغدادی دووپات كردەوە.
هەر ئەوكات قسە لەسەر موالی هەبوو كە جێی بەغدادی گرتووەتەوە، ئەمەریكا لە مانگی ئابی 2019 بڕی پێنج ملیۆن دیناری كردە پاداشت بۆ ئەو كەسەی كە زانیاری لەسەر موالی بە ئەمەریكا بدات و ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە دەچێتە جێی بەغدادی یان نا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە دەست ئەمەریكییەكان كەوتوون، موالی بە حاجی عەبدوڵاش ناسراوە، لێكۆڵەرێكی ئاینییە و پێشتریش پێوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەبووە، لەگەڵ دەركەوتنی داعش رۆڵی سەركردەی بینیوە لەو رێكخراوەدا.
لە راپۆرتەكەی گاردیاندا هاتووە، موالی یەكێكە لە گەورەترین ئایدۆلۆجییەكانی داعش و رۆڵی هەبووە لە رفاندن و سەربڕین و كوشتنی ئێزیدییەكان. بەپێی زانیارییەكان، سەركردایەتیی هەندێك ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی نێودەوڵەتی داعشیشی كردووە.