نامۆ نزار /36 ساڵ/ خاتوونێكی موزیكزان و گۆرانیبێژه، له دایكبووی سلێمانی و نیشته‌جێی ڕانیه، یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی گرووپی كیژانی ڕانیه و ئێسته‌یش به‌ڕێوه‌به‌ری گرووپه‌كه‌یه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی گرووپه‌كه. له‌باره‌ی خۆیشی ئاشكرای ده‌كات، "له ده‌ستپێكی كاره‌كاندا به‌رده‌وام بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه زۆر به‌ناوبانگ و ناسراو بم".
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت چۆن و كه‌ی بوو؟
له منداڵیمه‌وه كه له قوتابخانه بووم، له چالاكی و بۆنه و فێستیڤاڵی قوتابخانه‌كان به‌شداریم ده‌كرد، تا ساڵی 2000 كه له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی ڕانیه له به‌شی موزیك وه‌رگیرام، ئێسته‌یش له هه‌مان به‌ش مامۆستای به‌شی موزیكم.
بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی گرووپی كیژانی ڕانیه هی كێ بوو؟
ئه‌م گرووپه له ساڵی 2005 له سه‌رده‌ستی مامۆستا ڕه‌هێل جه‌مال دامه‌زراوه و سه‌ره‌تا له 12 ئه‌ندام پێكده‌هات، به‌ڵام به‌هۆی پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ریی له‌لایه‌ن به‌شێك له كچه‌كانی ناو گرووپه‌كه، ئێسته 10 ئه‌ندام ماون. ئه‌وكاته‌ی ئه‌م گرووپه دامه‌زرا، زۆربه‌ی ئامێره موزیكییه‌كانی تێدابوو، سه‌ره‌تا مینحه‌یه‌كی تایبه‌تمان له حكوومه‌ت هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه ڕاوه‌ستاوه.
چی وای كرد بیر له دامه‌زراندنی ئه‌م گرووپه بكه‌نه‌وه؟
دامه‌زراندنی گرووپی كیژانی ڕانیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و توانا باشانه‌ی كچانی ڕانیه له بواری موزیك و گۆرانی. مامۆستا ڕه‌هێڵ مامۆستای په‌یمانگه بوو و ئێمه‌یش قوتابی بووین، ئیتر ئه‌و به‌شێك له كچه‌كانی كۆ كرده‌وه كه ئاستێكی باشیان هه‌بوو، ئه‌و گرووپه‌مان دامه‌زراند، یه‌كه‌م كاریشمان پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بوو له ساڵی 2005 له كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات.
زیاتر وه‌ك ژه‌نیاری فلووت كارم كردووه
ڕۆڵی تۆ له گرووپه‌كه‌دا چییه؟
له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م گرووپه‌وه من به‌شدار بووم، یه‌كێكم له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی و تا ساڵی 2012 سه‌رپه‌رشتیاری بووم، ئێسته‌یش وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر له‌م گرووپه‌دا كار ده‌كه‌م. هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام گرووپه‌كه له ئاستێكی باش‌دا ببینم.
خه‌ون و ئامانجت له گرووپه‌كه‌دا چییه؟
هه‌موو كه‌سێك له هه‌ر بوارێكدا كار بكات، پێیخۆشه بناسرێت و به‌ناوبانگ بێت، خه‌ونی منیش كه تازه قوتابی په‌یمانگه بووم و به‌رده‌وام بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه، زۆر ناسراو و به‌ناوبانگ بم، هه‌رچه‌نده له په‌یمانگه‌دا له قوتابییه زیره‌كه‌كان بووم، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوم كرد، ڕاسته‌وخۆ له‌وێ بووم به مامۆستا له به‌شی "موزیك" و ئێسته‌یش به‌رده‌وامم.
بۆچی كاره‌كانتان هه‌موو به‌شێوه‌ی گرووپه و به‌شێوه‌ی تاك به‌رهه‌می هونه‌ریتان نییه؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه كاری به كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن، هه‌ر كارێك ده‌كه‌ین ده‌مانه‌وێ بۆچوونی هه‌موو ئه‌ندامانی له‌سه‌ر بێت، ڕاسته تا ئێسته دوو به‌رهه‌می شێوه‌ی گه‌شتمان هه‌یه كه گۆرانییه فۆلكۆرییه‌كانن، پێمان وایه ئه‌م جۆره گۆرانییانه له‌گه‌ڵ گرووپه‌كه‌ی ئێمه‌دا گونجاوه، به‌ڵام ڕه‌نگه له داهاتوودا گۆرانی به‌شێوه‌ی تاك و تایبه‌ت به خۆمان بڵاو بكه‌ینه‌وه.
له ده‌ره‌وه‌ی گرووپه‌كه هیچ به‌رهه‌مێكی هونه‌ریت هه‌یه؟
تا ئێسته هه‌وڵم نه‌داوه به‌ته‌نیا گۆرانی بڵێم، ناشزانم له داهاتوودا چۆن بڕیار ده‌ده‌م. زیاتر وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری فلووت له‌گه‌ڵ گرووپه‌كه كار ده‌كه‌م و كه‌متر گۆرانیم گوتووه، به‌ڵام له زۆربه‌ی ئه‌و سروودانه‌ی له ڕانیه تۆمار كراون، به ده‌نگ به‌شداریم كردووه.
جگه له گرووپی كیژانی ڕانیه، له چ شوێنێكی تر كارت كردووه؟
ساڵی 2000 كه چوومه په‌یمانگه، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی گرووپه‌كانی ڕانیه وه‌ك ژه‌نیار كارم كرد، له‌وانه "گرووپی نه‌وا - ئۆركێسترای رانیه، هاوكات هه‌موو ئه‌و چالاكییانه‌ی له‌ناو په‌یمانگه ئه‌نجام ده‌دران، زۆرجاریش كه بۆنه‌یه‌ك هه‌بووایه، كۆمه‌ڵێك ژه‌نیار كۆ ده‌بووینه‌وه و گرووپێكمان پێكده‌هێنا و به‌شداریمان ده‌كرد.
ئێسته وه‌ك گرووپه‌كه‌تان هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نوێتان هه‌یه؟
تا ئێسته هیچ به‌رنامه‌یه‌كمان بۆ كاری تازه نییه، ئێمه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ئینجا كارێك ده‌كه‌ین كه ئه‌ویش هۆكاری خۆی هه‌یه، بۆ نموونه كۆبوونه‌وه و كاركردنی كچه‌كان هه‌ندێك ئه‌سته‌مه، هه‌ریه‌كێك له ئێمه جگه له به‌رپرسیارێتی گرووپ، هه‌مووان ده‌واممان هه‌یه و هه‌ندێكیش ده‌خوێنن، به‌شێكیشمان ئه‌ركی ماڵ و خێزان و منداڵمان له ئه‌ستۆیه.
له چه‌ند فێستیڤاڵ و چالاكی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه به‌شداریتان كردووه؟
زۆرترین به‌شداریمان له فێستیڤاڵ و پرۆگرامی ڕاسته‌وخۆی تیڤییه‌كان و شاره‌كانی كوردستان بووه، هه‌روه‌ها ساڵی 2018 بانگهێشت كراین بۆ فێستیڤاڵێك له بولگاریا، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڤیزه‌مان بۆ نه‌هاته‌وه، نه‌مانتوانی بچین، تا توركیا ڕۆیشتین و به‌شێك گرته‌ی ڤیدیۆییمان بۆ كلیپه تازه‌كه‌مان گرت كه ساڵی پار به‌ناوی "پاوانه" بڵاو كرایه‌وه. جگه له گرووپی كیژانی ڕانیه، ئێمه وه‌ك مامۆستایانی به‌شی موزیك گرووپی تایبه‌ت به خۆمان هه‌یه كه چه‌ندان به‌رنامه‌ی ڕاسته‌وخۆمان پێشكه‌ش كردووه، له هه‌مان كاتدا چه‌ندان نمایشی ترمان له شاره‌كانی كوردستان و ڕانیه كردووه. هاوكات له‌گه‌ڵ تیپی ئۆركێسترای ڕانیه من وه‌ك ژه‌نیاری فلووت له شاره‌كانی ڕانیه و هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه به‌شداریم كردووه.
له ده‌ره‌وه‌ی گرووپه‌كه‌تان تا ئێسته كه‌س داوای لێ كردووی به‌شێوه‌ی دوێت گۆرانی پێكه‌وه بڵێن؟
یه‌ك جار پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ كراوه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكه‌وه كارێكی له‌م جۆره بكه‌ین، به‌ڵام كاره‌كه نه‌كرا و نه‌گونجا.