دواجار پرۆسه‌ی لێپرسینەوەی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی پیرانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستی پێ كرد، تا سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو درێژه‌ی ده‌بێت. پارێزه‌رانی داوا ده‌كه‌ن ده‌ستبه‌جێ بێتاوانی ڕابگه‌یه‌نرێت.
دوای ساڵێك له مشت‌ومڕ و پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه و گوێبیستی شایه‌ته‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه له‌لایه‌ن دیموكراته‌كان و تێپه‌ڕاندنی به زۆرینه‌ی ده‌نگ له په‌رله‌مان، دواجار راپۆرتی لێپرسینەوەی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گه‌یه‌نرایه ئه‌نجوومه‌نی پیران كه تێیدا كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن و هه‌نگاوه‌كانی لێپرسینەوەی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش ده‌ست پێ ده‌كات.
هه‌نگاوی یه‌كه‌م.. 20ی كانوونی دووه‌م
دوێنێ 20ـی كانوونی دووه‌م، په‌رله‌مانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه پێوه‌ند به بانگهێشتكردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیران.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له نامه‌یه‌كی یاساییدا بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیران داوای كرد، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و خاڵه‌ی به‌هۆیه‌وه له راپۆرته‌كه‌ی په‌رله‌مان هاتووه و تۆمه‌تباری ده‌كات بۆ لێپرسینه‌وه‌ی، بیسڕنه‌وه، به‌ڵام دیموكراته‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه.
هه‌نگاوی دووه‌م.. 21ی كانووی دووه‌م
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سێشه‌م 21ی كانوونی دووه‌م، به دیاریكراوی سه‌عات شه‌شی ئێواره به كاتی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی ئه‌مه‌ریكا نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بداته ئه‌نجوومه‌نی پیران وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ نامه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكی سه‌عات یه‌كی نیوه‌ڕۆ به كاتی ئه‌مه‌ریكا كه ده‌كاته سه‌عات نۆی ئه‌مشه‌و به كاتی كوردستان، له دۆسیه‌كه ده‌ڕوانێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ جگه له رۆژانی یه‌كشه‌م كه پشووه له ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر شه‌ش رۆژی هه‌فته له دۆسیه‌كه بكۆڵێته‌وه.
ترەمپ سێیەم سەرۆكە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و چاوی لەسەر زۆرینەی كۆمارییەكانە رزگاری بكات
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ر ئه‌مڕۆ بنه‌مای چۆنییه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی لێپرسینەوەی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه میچ ماكونیل سه‌ركرده‌ی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی پیران، پێشنیاری كردووه ده‌نگدانی بۆ بكرێت. به‌گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایه بێت، ئه‌وا قۆناغی یه‌كه‌می لێپرسینەوەی سه‌رۆك بژارده‌ی ده‌نگدان به كراوه‌یی ده‌هێڵدرێته‌وه كه ئایا پێویست ده‌كات ئه‌نجوومه‌نی پیران بانگهێشتی شایه‌ته‌كان بكه‌ن یان پێویست به‌وه ده‌كات به‌ڵگه‌ی نوێ له دۆسیه‌ی تۆمه‌تباركردنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بخرێته‌ڕوو یان نا.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دیموكراته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پیران داوای هه‌موار و گۆڕانكاری له‌و به‌رنامه‌یه بكه‌ن كه ماكونیل سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان ده‌یخاته ده‌نگدان، به‌جۆرێك داوا ده‌كه‌ن كه گرنگه بانگهێشتی شایه‌ته‌كان بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیرانیش بكرێت، پێ ده‌چێ ئه‌و خاڵه مشتومڕی زۆری لێ بكه‌وێته‌وه.
دوای په‌سندكردنی بنه‌ما و رێكاری پرۆسه‌ی لێپرسینەوەی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وا به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌رله‌مان كه دیموكراته‌كان تێیدا زۆرینه‌ن، تیمێك پێكده‌هێنن بۆ خستنه‌ڕووی هۆكاری تۆمه‌تباركردنی سه‌رۆك و خستنه‌ڕووی پاساوه‌كانیان. به‌ڵام روون نه‌كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌گیرێته‌به‌ر یان ده‌خرێته رۆژی دواتر، دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ی دیموكراته‌كان، ئه‌وا تیمی سه‌رۆك كۆمار دێته سه‌رخه‌ت و داوای دواخستنی لێپرسینەوەكە ده‌كه‌ن.
داواكه‌ی تیمی سه‌رۆك كۆمار قبووڵ ده‌كرێت و ره‌نگه بۆ چه‌ند رۆژێك دوا بخرێت، له‌م نێوانه‌شدا ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی پیران به‌بێ لایه‌نی دادبینی دۆسیه‌كه بكه‌ن. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان هه‌ر لایه‌نێك 24 سه‌عاتی پێ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی خۆی بخاته‌ڕوو.
دوو سه‌رچاوه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه 48 سه‌عات دابه‌شی سه‌ر چوار دانیشتن ده‌كرێت و هه‌ر دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانیش 12 سه‌عات ده‌خایه‌نێت.
له‌كاتی هه‌ڵگرتنی دادبینی سه‌ره‌تای دۆسیه‌كه، ئه‌وا ده‌رفه‌ت به ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پیران ده‌درێت پرسیاری خۆیان له هه‌ردوو تیمی سه‌رۆك و تیمی دیموكراته‌كان بكه‌ن.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ دیموكراته‌كان له گوشاره‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ی رێ به شایه‌ت بدرێت بێته به‌رده‌م دادگای ئەنجوومەنی پیران، ئه‌گه‌ر ئه‌وه روو بدا وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران به‌وه رازی نه‌بن، ئه‌وا پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی دانیشتنی دادگا ئاسته‌نگی ده‌كه‌وێته به‌رده‌م.
پرۆسه‌ی لێپرسینەوەكە تا هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی شوباتی داهاتوو به‌رده‌وامی ده‌بێت، بڕیاره دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له چواری شوباتی داهاتوو، گوتارێك له به‌رده‌م هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نه‌كه پێشكه‌ش بكات.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی سه‌ره‌تایی پرۆسه‌ی لێپرسینەوە، تیمی پارێزه‌رانی سه‌رۆك كۆمار دوێنێ دووشه‌م، له نامه‌یه‌كی 110 لاپه‌ڕه‌ییدا داوایان له ئه‌نجوومه‌نی پیران كرد كه ده‌ستبه‌جێ بێتاوانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رابگه‌یه‌نێت.
له نامه‌كه‌یاندا هاتووه، لێپرسینەوەی سه‌رۆك كۆمار لادانێكی مه‌ترسیداره له ده‌ستوور، پێویسته ئه‌نجوومه‌نی پیران ده‌ستبه‌جێ تۆمه‌ته‌كانی دراونه‌ته پاڵ سه‌رۆك ره‌ت بكاته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی پیران له 100 ئه‌ندام پێكدێت كه 53یان كۆمارین و 47یان دیموكراته‌كانن كه سكاڵایان له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار تۆمار كردووه و داوای لێپرسینه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ن.
دۆناڵد تره‌مپ ده‌بێته سێیه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه تۆمه‌تی ده‌درێته پاڵ و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به ده‌نگی 228 په‌رله‌مانتاری دیموكرات له په‌رله‌مان، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێكهێنرا و گوێبیستی چه‌ندان شایه‌ت بوون و پاشان بڕیاری لێپرسینه‌وه له سه‌رۆك درا.
له دیارترین ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌ڕووی دۆناڵد تره‌مپ كراونه‌ته‌وه، دۆسیه‌ی ئۆكرانیا و تۆمه‌تباركردنی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراته‌كانه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له 2020 به مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه له جۆ بایدن.
تۆمه‌تی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه دۆناڵد تره‌مپ ڕێگری له رێڕه‌وی كاری دادگه‌ری کردووە، به‌وه‌ی رێگر بووه له به‌رده‌م شایه‌ته‌كان و خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌كانی پێوه‌ندار به لێكۆڵینه‌وه كه په‌رله‌مان داوای كردبوون.
ئه‌گه‌رچی دیموكراته‌كان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تره‌مپ له پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام دواجار ئه‌نجوومه‌نی پیران ئه‌و پرسه به ده‌نگدان یه‌كلا ده‌كاته‌وه كه زۆرینه‌ی له كۆمارییه‌كانه، بۆیه ئه‌ركی دیموكراته‌كان به‌رانبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ به‌لای هه‌ندێك كوتانی ئاسنی سارده، به‌وه‌ی كۆمارییه‌كان دواجار پشتگیری له مانه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.