ئازاری ژنانی ئێزیدی لە رێی مۆنۆدرامایەكەوە دەبرێتە جەزائیر

:: PM:02:49:21/01/2020 ‌
گرووپی شانۆی هەوار، بە مۆنۆدرامای "كڵپە" بەشداریی فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای ژنان دەكات لە جەزائیر. ئەو گرووپە دەیەوێ بەم هەنگاوەی ئازار و مەینەتییەكانی ژنانی ئێزیدی بە دنیا بناسێنێت.

نەژاد نەجم دەرهێنەری مۆنۆدراماكە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم نمایشە بەرهەمی گرووپی شانۆی هەوارە و بەشێوازی شانۆیی وێنە كاری تێدا كردووە و بە زمانی عەرەبییە، بەو ئامانجەی چیڕۆكی فرۆشتن و كوشتنی ژنانی ئێزیدی زیاتر بە دنیادا بڵاو ببێتەوە.
چیرۆكی نمایشەكە باس لە كچ و ژنانی ئێزیدی دەكات كاتێك داعش بەناوی ئاینەوە دەستدرێژیی كردە سەریان و دواتر كۆمەڵكوژی كردن.

چیرۆكی نمایشەكە باس لە كچ و ژنانی ئێزیدی دەكات كاتێك داعش بەناوی ئاینەوە دەستدرێژیی كردە سەریان

 مۆنۆدرامای "كڵپە" لە نووسینی عەبدولڕەزاقە. سینۆگرافیا و دەرهێنانی لەلایەن نەژاد نەجمەوە كاری بۆ كراوە و موزیكیش لەلایەن رزگار حەمەرەئووف جێبەجێ كراوە. لەیلا فارس شانۆكاری كچ ڕۆڵەكە بەرجەستە دەكات. مۆنۆدراماكە پێشتر لە كەركووك نمایش كراوە و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی كەركووك پاڵپشتیی كردووە.

 بڕیارە فێستیڤاڵەكە لە یەكی شوباتی داهاتوو لە جەزائیر بە بەشداریی 10 وڵات بەڕێوە بچێت وەك فڕەنسا، كوێت، ئیسپانیا، مۆریتانیا، میسر، توونس، جەزائیر، مەغریب، فەلەستین و عێراق.



گەرمیان گلی 









وشە - فه‌رمان سادق