دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە وتاری 50ـیەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، تیشکی خستە سەر گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی و ڕای گەیاند، 25%ــی سەرمایەگوزاری سەر گۆی زەوی لە ئەمەریکا کراوە.
ئابووری جیهان بەرەو گەشانەوە دەچێت و رەشبینی سۆسیالیستەکان تێکشکێندرا
ئەمڕۆ سێشەم 21ی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە داڤۆس گوتارێکی پێسکەش کرد و رای گەیاند، ئەمەریکا لە گەشەیەکی ئابووریدایە کە لە مێژوودا نەبینراوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، هەموو جیهان کارامەیی ئابووری و گەشە و سەرکەوتنی ئەمەریکا دەبینن، هەفتەی پێشوو ئەمەریکا دوو رێککەوتنی لە یەک هەفتەدا لەگەڵ چین و کەنەدا و مەکسیک واژۆ کرد.
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی، لەدوای هاتنەسەرکاری شکۆ بۆ ئەمەریکا گەڕاوەتەوە و ئاماژەی دا، پێشتر ئەمەریکا بەرەو پەڕاوێز و شکستی ئابووری دەڕۆیشت و خەڵکی وڵاتەکەمان وایان دەزانی حکوومەتەکەیان هەوڵ و ماندوبوونەکانیان لەبەرچاو ناگرێت و خەریک بوو چینی مامناوەندی لە وڵاتەکەماندا نەدەما و هەموو هیواکان بەرەو داڕمان دەچوو.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتی من، حەوت ملیۆن هەلی کار لە ئەمەریکا دەستەبەر بووە، ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دوو ملیۆن هەلی کارمان بە خەڵکەکەمان دا بەڵام گەیاندمانە حەوت ملیۆن.
هاوکات هێمای بۆ ئەوەیش کرد، ئیستا رێژەی بێکاری 3.4%ە کە لە مێژووی ئەمەریکادا ئەو رێژەیە هێندە نزم نەبووە. هەروەها هەژاری لەناو رەشپێستەکاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەمان.
ترەمپ ئاماژەی بە رۆڵی ژنان و گرنگی وڵاتەکەی بە هێزی کاری ژنان دا و گوتی، ئێستە بەشێکی گەورەی هێزی کاری ئەمەریکا لە دەستی ژنانە.
لەبارەی پێوەندییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا و کاریگەری سیاسەتی ئابووری وڵاتەکەی لە دنیادا دووپاتی کردەوە، ساڵی رابردوو 25%ــی سەرمایەگوزاری سەر گۆی زەوی لە ئەمەریکا کراوە، هەر وڵاتێک کە بیەوێ گەشە بە ئابوورییەکەی بدات پێویستە رۆتینات و یاسا دەست و پێ گیر و برۆکراسییەکان وەلا بنێت، هەر ئەوەیش بووە هۆی ئەو سەرکەوتنەی ئەمەریکا.
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر پێوەندییەکانی چین و ئەمەریکا و گوتی، لە مێژووی خۆیدا پێوەندی ئەمەریکا و چین هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە، من و سەرۆکی چین یەکترمان خۆش دەوێ، بەو مانایەی هەردوو لامان نیگەرانی وڵاتی خۆمانین و ئەوەیش خۆشەویستی و رێزی لە نێوانمان دا دروست کردووە.
ترەمپ پابەمند بوونی وڵاتەکەی بە پاراستنی ژینگە دووپات کردەوە و لە گوتەکانیدا بەڵێنی ئەوەی دا، لە ساڵی 2020 ئەمەریکا سێ ترلیۆن دار لە جیهان دا دەچێنێت.
لە کۆتاییدا سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە سۆسیالیستەکان دایان نابوو دنیا لە 1990ەوە تووشی تەنگژەی خۆراک و تەنگژەی زۆربوونی جەماوەر دەبێت و هەروەها پێیان وا بوو تەنگژەی وزە دنیا بەرەو وێرانی دەبات، بەڵام ئێمە ئەو تێڕوانین و هەوڵانەمان هەموو تێکشکاند.