عێراق.. شەڕی قورس لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران هەڵگیرسا

:: PM:03:39:21/01/2020 ‌
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 21ی كانوونی دووەم، لە بەغدای پایتەخت شەڕ لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان هەڵگیرسا و بەهۆیەوە خۆپێشاندەرێك كوژراوە و 20ـی تریش بریندار بوون.

لە دووەم رۆژی توندتربوونی گرژییەكان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لەسەر گرتنی رێگە سەرەكییەكان لە بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق، گرژییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوە پەرەی سەند و لە بەغدا كوژرا و بریندار لەناو خۆپێشاندەران هەیە.

 بەگوێرەی زانیارییەكان خۆپێشاندەران لە بەغدا موكڕبوون لەسەر داخستنی رێگەی سەرەكی محەمەد قاسم كە رێگەی سەرەكی هاتوچۆیە لە نێوان بەغدا و شارەكانی باشوو، هاوكات خۆپێشاندەران هەوڵیاندا گۆڕەپانی تەیەڕانی نزیك لە گۆڕەپانی تەحریریش دابخەن.

لە بەغدا كوژراو و بریندار هەیە و لە كەربەلاش شەڕ هەڵگیرسا


ئەو هەوڵەی خۆپێشاندەران بەتوندی لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە رووبەڕووی بوونەوە و بەهۆیەوە شەڕ هەڵگیرسا، دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری گازی فرمێسكڕێژیان لە خۆپێشاندەران گرت. 

هاوكات لە كەربەلا، خۆپێشاندەران بۆ دووەم رۆژ بەسەریەكەوە هەوڵی داخستنی رێگاكانیان دا، بەڵام هێزە تەناهییەكان بە گوللە و گازی فرمێسكڕێژ رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە.

لە نەجەف، خۆپێشاندەران توانیان رێگای چوون بۆ فڕۆكەخانە دابخەن، هاوكات بەردەوامیش بوون لە داخستنی سەرجەم رێگا سەرەكییەكانی شارەكە.

لە زیقاڕ دۆخەكە هێندە جیاوازی نییە لەگەڵ نەجەف، خۆپێشاندەران زۆرینەی پردەكان و چواڕیانەكانیان داخستووە و زۆرینەی فەرمانگەكانی حكوومەتیشیان داخستووە. 

 هەرچی پێوەند بە بەسڕە هەیە، دۆخەكە هێور بووەتەوە و هێزە تەناهییەكان توانیویانە كۆنتڕۆڵی رێگا سەرەكییەكان بكەن و رێگە بە خۆپێشاندەران نەدەن رێگاكان دابخەن. 
  
 جێی باسە دوێنێ دووشەم ئەو دەفەتە كۆتایی هات كە خۆپێشاندەران بە هێزە سیاسییەكانیان دابوو لە پێناو جێبەجێكردنی مەرجەكانیان. هەر دوای كۆتایی هاتنی دەرفەتەكە كە بیركەكەی لە ناسڕییەوە سەرچاوەی گرتبوو بەناوی دەرفەتی نیشتمان، خۆپێشاندەران دەستیان كرد بە داخستنی رێگا سەرەكییەكان وەك ناڕەزایەتییەك بۆ گوشارخستنە سەر سیاسییەكان.

شایانی باسە ماوەی 122 رۆژە خۆپێشاندان لە بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای باشووری عێراق بەردەوامی هەیە و تا ئێستە زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر شەهید كراون و نزیكەی 25 هەزاری تریش بریندارن، ئەمە جگە لە رفاندنی سەدان خۆپێشاندەری تر و ئەنجامدانی هەڵمەتی تیرۆركردنی چالاكانی مەدەنی خۆپێشاندانەكان.


وشە - فه‌رمان سادق