توشبووانی ڤایرۆسە نەناسراوەکە گەیشتە 300 کەس

:: PM:03:55:21/01/2020 ‌
تووشبووانی ڤایرۆسە نەناسراوەکەی چین گەیشتە 300 کەس و ریکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجام دا.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆبوونەوەی بەپەلەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ئەنجام دا

ئەمڕۆ سێشەم 21ی کانوونی دووەم، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی فارسی" لە زاری وەزارەتی تەندروستی چین رای گەیاندووە، تووشبووانی کۆرناڤایرۆسە نەناسراوەکە لە چین گەیشتە 300 کەس.

270 تووشبووی ئەو ڤایرۆسە لە یەک پارێزگای چینە بە ناوی "هۆبئی" و ئەوانی تر لە پیکەن و شانگهای و گوئاندونگ تۆمار کراون. کۆرناڤایرۆس لە بنەماڵەی ئەو ڤایرۆسانەیە بەهۆی هەڵامەتەوە تووشی دێیت.

بەیانی ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ شێوەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نەناسراوە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجام دا و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری چین لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە دەربڕی.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی چین ئامادەکارییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە راگەیاندبوو و لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، لە وێستگەکانی میترۆ و قەتار پزیشکمان جێگیر کرد بۆ ئەوەی هەر بابەتێکی گوماناوی هەبوو رێگری لی بکرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە شوێنە گشتییەکان هەر پزیشکیکی جێگیر گومانی تووشبوونی کەسێکی بە ڤایرۆسەکە لا دروست بوو و دڵنیا بوو لەوەی نیشانەکانی ئەو ڤایرۆسەی تێدایە، کەسەکە یەکسەر دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە و دەخرێتە ژێر چاودێری.


وشە - هیدایه‌ت جان